بیرهێنانەوەیەکی پێویست!!

عادل موراد


نزیكەی چوار ساڵ لەمەوبەرو لەڕۆژی ٤ی ئازاری ٢٠١٤ كاتێك بەكارێكی تایبەت رێم كەوتە بەغداو لەوێ چاوم بەسەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق و جێگری سەرۆك كۆماری ئێستای عێراق بەڕێز نوری مالكی كەوت، و توانیم پاش مشتومڕێكی دۆستانە قەناعەتی پێ بكەم كەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كوردستان كەبڕەكەی 700 ملیۆن دۆلار بوو بەهوێ كێشەی سیاسی و شەخصی ماوەی دوو مانگ بوو راگیرابوو، بەبێ ئەوەی داوی هیچ تەنازولاتێك لەهەرێمی كوردستان یاخود رادەستكردنی خاڵە سنوری و فڕۆكەخانەكان بكات، كە بەداخەوە سەركردایەتی و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم كوردستان لەداوی چەندین دانیشتن نەیانتوانیبوو بیگێڕنەوە، هەروەها توانیم قەناعەتی پێبكەم بەگێڕانەوەی شایستە دارییەكانی هەرێم و ئامادەیی خۆێ و حكومەتەكەشی بۆ گفتۆگۆی جدی بەمەبەستی چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نیشاندا.


بەڵام لەجیاتی ئەوەی كە ستایش و دەستخۆشیمان لێ بكرێت، بەپێچەوانەوە روو بەرووی چەندین تۆمەت و قسەی تایفی نابەجێ كرامەوە، كەبەداخەوە هەندێكیان لەلایەن كەسانێك دەكرا لەسەركردایەتی كاڵ فام و بێ ئەزموونی پارتی كە خۆیان بە دڵسۆزی خەڵك و لافی نیشتمان پەروەری لێ دەدا وەبەوەش نەوەستان هێرشێكی رێكخراوی فراونی ناڕەوای بەرفراوانیان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەنجامدا.


هەر بۆیە لێردا مافی خەڵكی كوردستانە بپرسن بۆچی و چۆن مالیكی كەتا دوێنی نان بڕ و بوجەبڕی خەڵكی كوردستان بو لەدیدی چەند كەس و لایەنێك ئێستا چۆن بۆتە دۆست و ڕزگار كەر، و داوای نێوەند گیری و كاری خێری لێ دەكرێت لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتێ فیدراڵی عیراق، و دەنگۆی بەستنی هاوپەیمانیەتی لە گەڵی وەك فریاد رەسێك بۆ هەڵبژاردنی داهاتو بڵاوبۆتەوە.


لێرەدا دەبێت بپرسین ئایا مالیكی نان بڕ و قوت بڕی خەڵكی كوردستان بوو یان سیاستە چەوتەكانی سەركردایەتی سیاسی هەرێم، و ئەگەر ئەو هەموو تۆمەتانەی كەدرایە پاڵ مالیكی راست بوونایە ئێستا بەچ روێكەوە پەنای بۆ دەبەن تا ئاوێك بەم ئاگردا بكات و ڕۆڵی خێر بگێڕێت بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عیراق، بەڵام وادیارە ئەوانەی كوردستانیان بەم دەردە برد و بەناوی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ چارەنوسی گەل و نیشتمانیان بەرەو هەڵدێرێكی ترسناك برد و خەریكە ئەوەی كە بەدەستیشمان هێنابوو بەخەبات و قوربانی چەندین ساڵ زۆر بەئاسانی لەدەستی دەدەین، نایانەوێت دان بەشكست و داروخانی سیاسەتەكانیان بنێن و بەردەوام دەبن لە هەوڵ بۆ مانەوە لە ریێ فریودان و شاردنەوەی راستیەكان.


شكستی سیاسەت و ستراتیژی سەركردایەتی هەرێمی كوردستان لەسێ ساڵی رابردودا لەهەموو بوارەكاندا راستییەكی حاشا هەڵنەگرە و دەبێت خۆیان دانی پێدا بنێن، و داوای لێبوردن لەگەل و نیشتمان بكەن لەپای ئەو هەموو نەگبەتی و نەهامەتی و شكستانە كەبەسەر میللەتیان هێنا، پێش ئەوەی كە گەل بەسزای رەوای خۆیان بگەیەنێت.


ئێستاش لەبری ئەوەی چاوێك بەسیاسەتی شكست خورادویاندا بخشێننەوە، و لێگەڕێن میللەت بڕیار لەئایندەو شێوازی بەڕێوەبردنی خۆی بدات، دەبینین یاری كردن بە پیرۆزییەكانی میللەت و زۆرجار دۆڕاندنی بۆتە نەریتێكی باو لەلای سەركردایەتییەكی كاڵفام و كەم ئەزموون، و بوغراو خۆ بەزلزان، هەر بۆیە دەبێت هەموومان بێ سڵەمینەوە و راست و رەوان پێیان بڵێین دەسەڵاتێك كەخەمی گەل و نیشتمان و ئاگای لە ئازار و مەینەتییەكانی گەلەكەی نەبێت، چیتر ناتوانن نوێنەرایەتی ئەم میللەتە بكات، بۆیە گۆڕینی و هێنانەدیی دەسەڵاتێكی تەندروست كە روبەروی گەندەڵی و هێنانەدیی یەكسانی و سەروەری یاسا بكاتە پێشەنگی ئامانجەكانی.


عادل موراد
٢٠١٧/١٢/٢٧


AM:09:27:28/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 125 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌