لەنێوان 16ی ئۆكتۆبەرو 31ی ئابا

لەتیف فاتیح فەرەج

بەراوردێكی هێمنانە:
لە31ی ئابی 1996دا لەسەر داوای بارزانی سوپای عێراق و گاردی كۆماری پەلاماری هەولێریان دا و ئەوەی لە 4 ساڵی پێشتردا لەپارلەمان و دام و دەزگای بەڕێوەبردن بونیادنرابوو هەڵیان وەشاندەوەو سەدان كادیری ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و پێشمەرگەو كادیری یەكێتیان كوشت، بارزانی خۆی بەدەمی خۆی دەڵێت"ئیتر ئێمەو حكومەتی عێراقی دوژمنی یەكتر نین " ئەگەر سوپای عێراقی بۆ رۆژێك یان چەند رۆژێك هاتبێت ئەوە جێی بایەخ نیە وەك ئەوەی پاكانە كەرەكان دەیڵێن، ئەوەی مایەی هەڵوەستەو قسە لەسەر كردنە داوای بارزانیە بۆ هێنانی ئەو هێزەو بۆ لێدانی پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەو هێزەش سوپای عێراقە، سوپایەك كە چەند ساڵ پێشتر ئەنفالی كوردستانی كردووە، ئەم پەلامارە لەگەڵ ئەوەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 جیاوازیەكەی زۆرو زەوەندە، لەبەر ئەوەی ئەوەی 16ی ئۆكتۆبەر هاتن سوپای سەدام نین، لەسەر داوای كەس نەهاتوون، پێشتر لە 2016 رێككەوتن هەبووە بەوەی هەر كات داعش كۆتایی هات پێشمەرگە لەو ناوچانە بكشێتەوە، ئەو هێزەی 16ی ئۆكتۆبەر پێشتر دەستی بە خوێنی كورد سور نیە، هەڵبەت پێویست بە بەراوردی زۆر ناكات، جۆرێكیشە لەگەمژەیی لامان وابێت ئەم دوو رووداوە لەیەكتر دەچن.

یەك دوو راستی تاڵ:
لەساڵی 2014 سوپای عێراق لەزۆربەی ناوچە سونیەكان لەبەرانبەر داعش بە چۆكدا هات، موسڵ و ئەنبارو تكریت و شوێنگەی دیكە درانە دەست داعشەوە، لەكەركوك فیرقەی 12 رووبەڕووی هەڵوەشانەوە بوەوە و لەلایەن یەكێتی و پارتیەوە تاڵان كرا، فیرقەی 12 لەعەرەب و كورد و پێكهاتەكانی دیكە پێك هاتبوو، زۆربەی چەكە گەورەكان و كەل و پەلی ئەو فیرقەیە یەكێتی و پارتی"خەڵكانی ناو یەكێتی و پارتی" تاڵانیان كرد، بێ‌ ئەوەی بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم و وەك سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی كوردستان متەق بكات، لەكاتێكا هەرێم هێشتا سەر بە عێراق بوو، نەك ئەوە پارتی لەرێگەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە دەستی بەسەر بیرە نەوتەكانی هاڤاناو بای حەسەندا گرت، بارزانیش بەئاشكرا گوتی ئیتر مادەی 140 جێبەجێ‌ كرا، لەراستیدا بە دیدی حكومەتی عێراقی ئەم كارانەی بارزانی لێدانی خەنجەر بوو لەپشتەوە، هەروەها بەپێی دەستوری عێراقی دەچنە خانەی خیانەتی نیشتمانیەوە، هەڵبەت كورد سەبارەت بەو هەنگاوانەی بارزانی دەكرێت رای جیاوازی هەبێت.

ریفراندۆم وەك تەڵەزگە:
هەموو دنیا داوایان لەبارزانی كرد كاتی ریفراندۆم نیە، نامەكەی تیلەرسن بەراورد بە داواكانی هینری كیسنجەر لە مەلا مستەفا، دەسكەوتی زۆر زیاترو مسۆگەری تیابوو، كورد لەدۆخێكی زۆر باشدا بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و شەڕی داعش، راستە كێشەی بودجەو موچە هەبوو ئەوەش بەهێمنی بەرەو چارەسەر دەڕۆیشت، لێ‌ ملهوڕیەكی گەورە سەرانی یەكێتی و پارتی"ریفراندۆمچیەكانی نێو یەكێتی" گرتبوەوە، لە پارلەمان نایانهێشت یاسای هەمواری سەرۆكایەتی هەرێم تێپەڕێت، سەرۆكی پارلەمانیان بە زەبری چەك ناردەوە بۆ سلێمانی، وەزیرەكانی گۆڕانیان دەركرد، نێچیرڤان وەك سەرۆكی حكومەت لەبەردەم ئەو دەركردنەدا دەستە پاچەو هیچ لەبارا نەبوو بوو، لەگەڵ عێراقدا بارزانی هیچ بوارێكی گفت و گۆو دانوستانی نەهێشتەوە،كەڵكەڵەی خۆسەری كەوتە سەری، ئەوەش ئاكامەكەی كەدیمان.

خیانەت چیە؟
لە 2014ەوە تا 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پەلاماری كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانیان دا، پارتی لەكوردستان هەزارو یەك كێشەی بۆ لایەنەكانی ترو خەڵكی كوردستان دروست كرد، بەفەرمی یەكێتی كرد بەچەند پارچەیەكەوەو هەر جارەو لەسەر حسابی لایەك دڵداری سیاسی لەتەك لایەكەی تردا دەكرد، بوزتنەوەی گۆڕانی لەناوەندی دەسەڵات دوور خستەوە لە 2015 ، دەستی دەستی بە لایەنەكانی تر دەكرد، دەستی بەسەر نەوت و ئابوری و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەو پەیوەندیەكانی دەرەوەو دەزگای دادوەری و شورادا گرت، ئەمەش زۆربەی بەهاوكاری باڵ و كەسە لاوازەكانی نێو یەكێتی، بیرمان نەچێت لە 3-8-  2014 پارتی شەنگالی ڕادەستی داعش كرد بێ‌ ئەوەی بارزانی كەس لەسەر ئەو تاوانە سزا بدات، ئێمە پێویستە بە وردی توێژینەوە لەخیانەت بكەین لەمێژوی كوردا بۆچی خیانەت هەمیشە ئامادەیی هەیە، ئایە هۆكارەكەی چیە خۆمان، یان دوژمنەكانمان، یان شوێنگەی جوگرافی وای كردووە، ئەمانە پێویستیان بە بەدوادا چوون و لێكدانەوەیە، تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەكی گرنگ و زانستی و بێلایەنمان نیە لەسەر خیانەت و شێوازی خیانەت و دەكرێ‌ چی خیانەت بێت و چی خیانەت نەبێت، كە توانیمان توێژینەوەی وردبنووسین لەو بارەیەوە، ئەو دەم دەتوانین ئەو جیاوازیانەی نێوان 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبەریش ببینین.

تێكەڵ كردنی دیرۆك و شۆڕكردنەوەی دزێوی:
چواندنی 16ی ئۆكتۆبەر بە 31ی ئاب لەنەزانی و جەهلەوەیە، 31ی ئاب كاتێك ڕوودەدات كە دوو هێزی كوردی پارتی و یەكێتی لەشەڕی ناوخۆدا هیچ نامێنێ‌ بە یەكتری نەكەن، لە دیل كوشتن و دێ‌ سوتاندن و تاڵان و بڕۆ، دواتریش پارتی بۆ دەركردنی یەكێتی لەهەولێر پەنا دەباتە بەر سەدام، 16ی ئۆكتۆبەر یەكێتی و پارتی كێشەی ئەو تۆیان نیە، جگە لەململانێی نێو میدیا، ئەو دوو هبَزە پێكەوە ئیدارەی كوردستان دەدەن، بۆ لێدانی نەیارەكانیان هاوكاری یەك دەكەن، یەكێتی بارزانی بەگەورەی خۆیان دەزانن، لە ریفراندۆما پشتگیری دەكەن، بەشێك لەمەكتەب سیاسیەكانی یەكێتی زیاتر لەحزبەكەی خۆیان لەبارزانی و پارتیەوە نزیكن، كەواتە تێكەڵكردنی ئەم دوو دیرۆكە جگە لەگەمژەیی هیچی تر نیە، لەلایەكی تریشەوە ئەم تێكەڵكردنە بۆ ئەوەیە بگوترێ‌ كەس لەوی تر زیاتر نیەو هەموو پێكەوە خائینن، واتە ئەمە گشتاندنی خیانەت و دزێویەو هیچی تر.

 


PM:04:12:12/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌