لە ناو هەموو گەلانی جیهاندا هەیە

دارا ئەنوەر زۆراب/ كۆمەڵناس

خوێندنەوەیەكی سۆسیۆلۆژیانە بۆ تێ‌ گەیشتن لە ئیرادەی مرۆڤی ڕاستەقینە لە هەرێمی كوردستان رەوتی ئازادی و دژە ئازادی،  دیموكراسی و دژە دیموكراسی، ستەم كارو دژە ستەم كار... هتد، لە ناو هەموو گەلانی جیهان دا بونی هەیە، هەندێكیان لە مێژویاندا بونی هەبووە، هەندێكی تریان لە ئێستایان و، هەندێكی تریان ئەگەر هۆشیاری راستەقینەیان تیادا دروست نەبێت لە ئاییندەشیان بونی دەبێت، بەڵام حەقیقەتی ژیانی هەموو گەلان ئەوەیان سەلماندووە هەرچەندە هێزو رەوتەكانی دژە ئازادی و دیموكراسی و سەپێنەرەكانی  ستەم كاری خوێنی ملیۆنان مرۆڤی سەرزەوییان ڕشتووە، بەڵام دواجار هەر شكستیان خواردووە بەرامبەر بە دەنگە ئازادی خوازو دیموكراسی خوازەكان، ئەمەش بە ئیرادەی مرۆڤە راستەقینەكان دروست بووە، ئەو مرۆڤانەی كە باوەڕیان بە بیری ئازاد و عەقڵی ئازاد و ژیانی ئازاد هەیە، ئەو مرۆڤانەی كەلە  ناو تاریكستانی دەسەڵاتە دیكتاتۆرو ستەم كارو تۆتالیتارییەكانەوە بیر لە رزگار بونی ژیان و ئاییندەی ملیۆنان مرۆڤ دەكەنەوە، بە شێوازێك كە ئامانج دیاری دەكەن بۆ گواستنەوەی ژیانی كۆمەڵگە لە قۆناغی ستەم كاری دەسەڵات و حكومرانییە ستەم كارەكەیەوە بۆ قۆناغی خۆشگوزەرانی ژیان بۆهاوڵاتی و هاونیشتمانی كە ئەمەش بە زیندوو كردنەوەی ئیرادەی مرۆڤەكان دەبێت كە بەشێوازێك بێت هەموان بەشدار بین لە گواستنەوەی راستەقینەی ژیانی گشتی كۆمەڵگە لە قۆناغی سەردانەواندن و ملكەچی یەوە بۆ قۆناغی شۆرش، لە قۆناغی نەزانین و كوێرەوەرییەوە بۆ قۆناغی بوێری و بیر تیژی، لە قۆناغی ترس و حكومی هەڕەمەكییەوە بۆ قۆناغی یاساو سیستەم، لە قۆناغی بێ‌ دەنگی یەوە بۆ قۆناغی ڕووبەرووبونەوەی بوێرانەی گەندەڵی و فەسادی ئەخلاقی و سیاسی و ئابوری حكومەت.

كەواتە ئیرادە لەو چركە ساتەوە دەست پێ‌ دەكات كە بونمان هەبێت وەك مرۆڤێكی راستەقینە، ئازاری هەموو مرۆڤەكان هەست پێ‌ بكەین بە شێوازێك ئیرادەیەكمان پێ‌ بدات كە بتوانین كۆتای بەو ئازارانە بهێنین یان رێگر بین لە بەردەم ئازارەكان، جا ئەو ئازارانە ئازاری روحی بن یاخود ئازاری جەستەیی كە دەسەڵاتە ستەم كارەكە بە شێوازی توندووتیژی یان چەتەی بەرامبەر هاوڵاتی و هاونیشتمانەكان بەكاری دەهێنێت، كە لە نمونەی چەتەیی لە روانگەی سۆسیۆلۆژیای وورد و سۆسیۆلۆژیای گشتی بە دەست بردن بۆ مافە داراییەكان دەوترێت كە ژیان و مان و مردنی تاكەكانی پێوە بەندە، لە نمونەی توندوتیژیش دروست كردنی هەر دۆخێكی ئابورییە كە ئینسانەكان ناچار بكرێن یان بە ناچاری كارێك بكەن لەگەڵ خواست و ئارەزوویان نەگونجێت، كە ئەمەش دوونمونە گەلی دیاری حكورانی ستەم كارییە بەرامبەر هاونیشتمانیان لە هەرێمی كوردستان كە ئاستایەكی گشتی وەرگرتووە.

كە ئەمەش كۆمەڵگایەكی تاریك دروست دەكات ژیانی ئێستاو ئاییندەی هەموو ئینسانەكان دەكاتە نادیارییەوە، ئەگەر ئیرادە وەك وزەیەكی بەهێزی مرۆڤ بونمان هانمان نەدات ئەم قۆناغە تێ‌ پەرڕێنین، ئەمەش بەوە دەبێت لە و حەقیقەتە گشتی یە بگەین، كە لە مێژوی هەموو مرۆڤایەتی هەموو ئەو مرۆڤانەی تەنها بۆ خۆیان ژیان، ئەومرۆڤانەنن كە بچوك ژیان و بچوك مردون، هەموو ئەو مرۆڤانەی بۆ ژیانی گشتی و مرۆڤایەتی ژیان، ئەو مرۆڤانە بوونە كە بە گەورەیی ژیان و بە گەورەییی مرد.

كەواتە ئێستا كاتی بیركردنەوەی ئینسانەكانە كە چیتر ژیانی ستەم كاری حكومرانەكان قبوڵ نەكەن و كۆتایی بهێنن بە هەموو بە هەموو ئەو عەقلیتانەی باوەڕیان بە چەوساندنەوەی مرۆڤەكان هەیە، بە شێوازێك خودی خۆیی و ئیرادەی خۆی ئامادە بكات بۆ گۆرانكاری لە ژیانی گشتی كۆمەڵگەكەی تاوەكوو هیوایەك و ئومێدێك هەبێت لە ناخی هەموو مرۆڤەكان كە لە توانامان بێت بە ئیرادەیەكی راستەقینەوە كۆمەڵگەیە لە تاریكستانی ڕزگار بكەین، ژیان بۆ هەمووان دروست بكەین.

PM:01:00:28/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 55 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌