تۆ سەیر مەکە

دارا ئەنوەر زۆراب/ كۆمەڵناس

ڕەنگە ڕۆژی ئێمە هەرگیز هەڵنەیات، ڕۆژی ئازادی و دیموکراسی هەرگیز لەم خاکە ڕونەدات، چ هێزێکە چ ئیرادەیەکە بەردەوامی بەژیانمان دەدات لەسەرو بیرکردنەوەیە، بەڵام هەر هێزێکە لە خود بونمان بەرەو ئیرادەیەکمان دەبات باوەڕی دروست کردنی فەزایی ئازادی دیموکراسیمان لە لوتکەدا بێت، چ هێزێکە بەردەوامی بەژیان دەدات لەم خاکەدا کە تیادا جەنگەکان بۆتە یادەوەری مرۆڤەکان، مردن و لە ناو چونی ئەزیزان بۆتە گفتوگۆی ڕۆژانەییەکان، توندوتیژی وەک کەلتور دروست دەکەین و وەک کەلتوری حەتمی بۆ ئاییندەشی ئامادە دەکەین.

چ هێزێک دەتوانێ ئەم هەموو یادەوەرییە بسڕێتەوە بیکاتە یادەوەری ماچ یادەوەری مژینی لێو تەڕبونی جەستە یادەوەری پێ کەنین و ئارامیە ڕوحیەکان یادەوەری خوێندنەوەی ڕۆمان و پیاسەی سەرشەقام و گوشینی دەست، یادەوەری گفتوگۆی ئەکادیمی و شکست و سەرکەوتنی داهێنانە زانستیەکان، یادەوەری ئازادی و ئامادەکردنی کەلتوری ئازادی بۆ نەوەکان، تۆ سەیر بکە من هایدگەرو بون و کات دەخوێنمەوە یادەوەری کتێبە مەزنەکان تۆماردەکەم، ئایکۆنی ئاگایم دەکەوێتە کار، بیری سروشت و شاخ و دەریاچەو ڕوبارەکان دەکەم، ئەوان وەک دایکی میهرەبانی دەبینم لە بەخشینی ئارامی، لەو ئارامیەدا عاشق بونی ڕۆژانەی ئەو مرۆڤەش کۆتای نایەت هەموو ڕۆژێک لە وێنای کچێکی بەر سێبەری جوانی دێتەوە ناو یادەوەرییەکان.

تۆ سەیربکە جەنگەڵی ژیانە لە کاتێک دا بستە بستەی خاک دەگری، منداڵەکانی سەرجادەکان لە تەماشای شۆفێرەکان تێر نابن، وەک چۆن سەرکردەکان لە دزینی ژێرو سەری زەوی نیشتمان تێرنابن، چ ڕوودەدات ئەوا تەماشابکە لەناو جەنگەڵ چیت بۆ بەرهەم دێت، تەنها بەزەیم بە قوربانیەکان دێتەوە نۆکەرو ماستاوچی و گەدای بەرپرس و سەرکردەکان.

تۆ سەیر بکە پایزت بینوە کە لە جوانی دا لە ڕەنگی ژن دەچێت، وەرینی گەڵاکانی لە ژنێک دەچێت ئازارەکانی ژیان فڕێ دەدات و بیر لە ژیانێکی نوێ دەکاتەوە، ژن بە و هەموو جوانییەوە ناو نرا سۆزانی و سیاسیەکانی نیشتمانیش بە پارەی دزراوی نیشتمان کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن، ئەمەت لە کوێی دونیادا بینیوە.

تۆ سەیر بکە لە بێ جورئەتی دا لەوێنای مریشکێک دەچێت نەتوانێت هێلکەش بکات، بەڵام بە بیست و چوار پەرلەمانەوە، چاوەڕوانی لە گەنجێکی دڵ گەرمە شتێک بسوتێنێت له و ستەمکارییەی کە هەیە.

تۆ سەیر بکە ئەوان بە ناوی خوداوە دەیانەوێت بۆ تۆ بدوێن، بیرت نەچێت بە ناوی خودا ئەوان خۆیان گەندۆتە ماچ، یاری بە ماچ و ژیان سیاسەت و ئایین و پارە دەکەن.

تۆ سەیر بکە باوەڕی بە ئەلف و بای دیموکراسی نیە باسی دروست کردنی ئاییندەیەکی ئازادوو دیموکراسیت بۆ دەکات، وەک ئەوەی تۆ بیست و شەش ساڵ بێت دەستت گرتبێتن.

ئیتر کەوایە تۆش سەیر مەکە، ئیتر شتێک بکە با شتێک ڕووبدات.

PM:02:45:08/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 93 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌