جوڵە پیشەسازی وبازرگانیەكانی هەرێم مەترسیان لەسەرە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

حكومەتی عێراق چەند هەنگاوێكی گرتۆتەبەر بۆ لەباربردن ونەهێشتنی جوڵەی پیشەسازی وبازرگانی لەهەرێمی كوردستاندا، ئەو هەنگاوو ڕێوشوێنانەش گرویەتیەبەر تاڕادەیەكی زۆر كاریگەرییان داناوەو گەربەردەوام بێت ئەوا لەئایندەدا بەتەواوەتی جوڵەی بازرگانی بەگشتی و پیشەسازیش بەتایبەتیش لەوەستان نزیكدەكاتەوە.

لەئێستادا لەكۆی (۳٥۰۰) كارگەی بەرهەم هێنانی كاڵاوشمەكی جۆراوجۆر كە كەرتی تایبەت خاوەندارێتیان دەكات زیاتر لە (2000) هەزار كارگەیان دەرگاكانیان كڵۆم دراون و لەكاركردن وەستاون، كەبەشێكی زۆریان هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆقەیرانی دارایی، ئەمەجگە لەوەی كەلەكۆی ئەو (32) كارگە حكومیەی كەلەساڵانی ڕابردوودا لەكاردابوون لەئێستادا كەمتر لەنیوەیان لەكاركردن بەردەوامن.

گەرلەساڵانی ڕابردوودا بەنموونە ساڵی (۲۰۱۳) لەلایەن وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی هەرێمی كوردسنانەوە  (٤۰۰ بۆ ٥۰۰) مۆڵەتی كاركردن وكردنەوەی كارگە وەرگیرابێت، ئەوا لەمساڵدا (۲۰۱۷) لەلایەن ئەو وەزارەتەوە تەنها (۱۲۰ بۆ ۱۳۰) مۆڵەت دراوە بە وەبەرهێن و بازرگانان، وە لەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و ڕوداوەكانی( ۱٦)ی ئۆكتۆبەرو ڕۆژانی دواتر هیچ بازرگان وخاوەن كارێك داوای مۆڵەت وكردنەوەی كارگەی نەكردوە.

حكومەتی ناوەند چەند ڕێوشوێنێكی لەئێستادا گرۆتۆتەبەر كەگەڕ بیرلەچارەسەرییان نەكرێتەوە ئەوا دوور نیە هەردوو بواری بازرگانی وپیشەسازی بەرەوپوكانەوە بچن، لەو ڕێوشوێنانەش كە گیراونەتەبەر لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بریتین لە:

ــ دەبێت بازرگانانی هەرێم مۆڵەتی كاركردنیان لەوەزارەتی بازرگانی عێراق وەربگرن بۆ كاركردن، نەك وەزارەتەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ــ ئەو كاڵاو شمەكانەی لەكارگەكانی هەرێمەوە بەرهەم دەهێنرێن وهەناردەی ناوەڕاست وخواروی عێراق دەكرێت لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە گومرك دەكرێن وەك هەر كاڵاو شمەكێكی تر كەلە وڵاتانی ترەوە هاوردەی عێراق دەكرێت، تەنانەت زۆرجار جگە لەگومرككردنی كاڵاو شمەكەكان كۆسپ ولەمپەریش بۆ بازرگانانی كوردو بەرهەمەكانیانیشیان دروستدەكەن، كەبە پێی یاسا ناكرێت ونابێت بەهیچ شێوەیەك كاڵاوشمەك لەنێوان شارەكانی وڵاتێكدا گومرك بكرێت لەكاتی گواستنەوەیان لەنێوان شارەكاندا.

ــ زیاتر لە (٤۰)ڕۆژە دەروازەكانی پەروێزخان وحاجی ئۆمەران بەداخراوی هێڵدراونەتەوەو ناشزانرێت ئایندەیان بەكوێ دەگات، ئەوەش وایكردوە تاڕادەیەكی زۆر ئاڕاستەی بازرگانی كەپێشتر لەو دەروازانەوە ئەنجامدەدران بگۆڕدرێن بۆدەروازەكانی تری سەربەحكومەتی ناوەند، ئەمە جگە لەبێكاركردنی هەزاران كەس كەپێشتر ژیان وگوزەرانیان لەسەرئەو دەروازانە بوون.

گەرحكومەتی ناوەند ئەم ڕێوشوێنانەی گرتبێتەبەر بۆ داتەپینی پیشەسازی وبازرگانی هەرێم، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستانیش شتێكی لەو كەمترنەكردوە بۆ پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی هەردوو بوارەكە، كە لەبری كارئاسانی وهاوكاریكردنی بواری پیشەسازی ئەویش بەدروستكردنی بازاڕ بۆ ساخ كردنەوەی بەرهەمەكانیان و پاراستنیان، كەچی دێت ولەكاتێكدا بێ بازاڕی تەنگی پێ هەڵچنیون و ڕێژەی هەژاریش لەچاوپێش دروستبونی قەیران وتەنگەژەی دارایی بۆ لە (٤۰۰٪ ) بەرزبۆتەوە، ئەمیش دێت نرخی كارەبا لەسەر ناوچە پیشەسازی وبازرگانیەكان بەبەراورد بەساڵی (۲۰۱۳) لە ( ٤۲۰٪) زیادكردوە بێ ئەوەی پرس وڕاوێژ تەنانەت بە بەرپرسانی وەزارەتی پەیوەندیداریش بكرێت.

ئەمەجگە لەزیادكردنی باج وڕسومات وتاریفەی گومركی، بەم هەنگاوانەش لەم دۆخەدا هەرێم خۆشی پشكی گەورەی بەردەكەوێت لەلاوازكردن و مراندنی بواری بازرگانی وپیشەسازی.

بۆیە گەربەزوویی بەڕاوێژكردن بەپسپۆڕان و شارەزایانی هەردوو بوارەكە نەخشەڕێگاو میكانیزمی خێراو گونجاو نەدۆزرێتەوە و دانەنرێت ئەوا لەچەند ساڵێكی زۆرنزیكی داهاتوودا سێكتەرەكانی پیشەسازی و بازرگانی یان دەبنە سفر یان نزیكدەبێتەوە لێی.


PM:01:59:29/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 39 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌