گێژەڵوکەیەکی گەورە بەڕێوەیە

ئارام مەحمود

ڕەنگە ئەو شکستە گەورەیەی بەرۆکی گرتین بەخێر بشکێتەوەو لەئەگەری سەرهەڵدانی شەڕو ئاگرێکی گەورە کە دوکەڵەکەی لەبەرزبونەوەدایە بمانپارێزێ.

ئەوەی ڕویدا لەجۆرێک باڵکردن و دورخستنەوەی کورد دەچێت لەململانێی جەمسەرگیرییە ئیقلیمییەکان، کە یاریزانەکانی دیارە کێن و ڕەنگە بەرژەوەندیش حەلەبەی هەندێک هێز لەسەر حسابی هەندێکی تر بگۆڕێ.

پارتی و یەکێتی بەدرێژایی ساڵانی ڕابردو بەسەر ئەم دو بەرە ململانێکەرە دژ بەیەکەدا دابەشببون کەتەنها خودایان یەکە، ئەمە وایکردبو کوردستان بەردەوام بەڕوی ئەگەر و پێشهاتی مەترسیدارو ماڵوێرانکەردا کراوەبێت، کە لەحاڵەتی هەر بەریەکەوتنێکدا کوردستانی دەکردە گۆڕەپانی شەڕ ، بەڵام واپێدەچێت بێڕۆڵکردنی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی لەڕوی سیاسی و سەربازی و ئابوری و دبلۆماسی و سەرقاڵکردنی بەکێشەی ناوخۆیی لەگەڵ بەغداد، ئامانجە گەورەکەی پاراستن و نەبون بێت بەبەشێک لەو ململانێیەو، ئەمریکا نەخوازێت نەهەولێرو نەبەغداد ببنە تەرەفگیر و بەشێکیش لەمەیدانی شەڕەکە.

ئەوانەی لەنزیکەوە سەروکارییان لەگەڵ ململانێکانی ناوچەکە هەیە، کردنە ئامانجی ریازی پایتەختی سعویە بەموشەکێکی بالستی پێشکەوتوی ئێرانی لەلایەن حوسیەکانەوە، بەکۆتایی قۆناغێک و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ وەسفدەکەن، کە ڕەنگە ناونیشانەکەی گۆڕینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سنور و هاوکێشەی هێزەکان بێت.

یەکەم جار نیە حوسیەکان موشەکی بالستی ئاڕاستەی سعویە بکەن، بەڵام وەک سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن ئەوە یەکەمجارە موشەکی حوسیەکان بەوردییەکی لەڕادەبەدەر بگاتە ئامانجەکەی، کە فرۆکەخانەی (ملک خالد) بوە لەڕیاز.

عەبدولباری عگوان سەرنوسەری ڕۆژنامەی ( رأی الیوم ) دەڵێت، ئەو ڕوداوە کاردانەوەیەکی نائاسایی وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێناوە بەجۆرێک تەنانەت دۆناڵد ترەمپیش هاتۆتە ناو گۆڕەپانی کاردانەوەکان و لەتویتێکدا وتویەتی " پێموایە ئێران گورزێکی ئاڕاستەی سعودیە کردوەو سیستمی دژە موشەکەکانی ئێمە، موشەکە بالستیەکەی لەئاسمان بەرداوەتەوە".

تۆمەتبارکردنی ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن ترەمپ و لێدوانەکانی ئەم دواییەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کاتێک وتی هەنگاوەکانی دژ بەئێران دەبێت بچنە چوارچێوەی کردارەوەو دەستلەکارکێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان لەسعودیەوەو تۆمەتبارکردنی ئێران بەدەستوەردان لەکاروباریی وڵاتەکەی و پلانی تاران و دیمەشق بۆ گۆڕینی هاوكێشەی هێز لەسوریاو ئەگەری هێرشکردنە سەر ڕەقەو دەیرزورو زیندوبونەوەی تەماحەکانی ئەنکەرە لەخۆرئاوای کورستان، پێشهات و ڕوداو گەلێکن ناکرێت لێکی داببڕین، گرێدانیشیان پێکەوە ئاماژە بەنزیکبونەوەی هەڵکردنی گێژەڵوکەیەکی گەورە دەکات لەناوچەکە.


PM:08:15:06/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 929 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌