شانازیکردن بە شەق و چەکەوە

ئەحمەد میرە

لە فەرهەنگی سیاسیدا دیاردەیەکی سیاسیی قێزەون هەیە، ئەویش ئەوەیە ئەو هێزە سیاسییانەی لە ڕێگای هێز و چەکەوە دەگەنە کورسیی حوکمڕانیی، هەمیشە دەبنە هێزگەلێکی پڕ توندوتیژیی و تاکڕەو تا ئاستی ئەوەی دەبنە هێزگەلی دیکتاتۆر.

هەندێک هێزی سیاسیی تریش هەن لە ڕێگای گەمەی دیموکراسییەوە کورسیی دەسەڵات دەگرنەدەست، بەڵام دواجار جگە لە دیکتاتۆریەت هیچی تریان لێدەرناچێت، وەک گرتنە دەسەڵاتی هیتلەر و نازییەکان لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابوردوودا لە ئەڵمانیا، یاخود هێزگەلی شۆڕشگێڕ هەن، کە ماوەیەکی زۆر دژی زوڵم و چەوساندنەوەو داگیرکاریی خەباتیانکردووە، بەڵام کاتێک دەسەڵات دەگرنە دەست، لە تەواوی بەها شۆڕشگێڕییەکان خاڵیدەبنەوەو دەبنە هێزی ترسناک و سەرکوتکەر بۆ گەلەکەیان، وەک ئەوەی لەزیمبابۆی و کوبا و کوردستاندا بوونی هەیە.

حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی ساڵانێکی زۆر سەرەڕای هەموو تێبینییەکان لە شاخ بۆ ئازادیی نیشتیمان خەباتیانکردووە، بەڵام کاتێک دەبنە حوکمڕان دەبنە هێزی تاکڕەو و پڕ توندوتیژیی و دەیانەوێت بۆ هەتاهەتایە لە ژێر زەبری چەک و نواندنی توندوتیژییەوە لە حوکمڕانیی بەردەوام بن، کەواتە بابەتی دیموکراسیی_بوون و توندڕەویی پەیوەندیی بەوەوە نییە چۆن دەگەیتە دەسەڵات، بەڵکو پەیوەندیی بە بونیادی حیزب و ئەو کلتورە سیاسییەوە هەیە، کە حیزبە حوکمڕانەکان هەیانە.

بۆ نمونە ئەگەر لە هەرێمی کوردستاندا دیموکراسیی و هەڵبژاردن و مافەکانی خەڵک یەک تۆز بەهایان هەبوایە، دەکرا بەشێوەیەکی دیموکراسییانە چەندین جار ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بکرایە، بەڵام کاتێک حوکمڕانیی لەم هەرێمەی ئێمەدا لە هەموو ئەو بەهایانە خاڵیدەبێتەوە، خەڵک ناچاردەبێت پەنابەرێتەبەر میکانیزمی تر بۆ گۆڕانکاریی، ئەگەر بێت و ئەو میکانیزمانەیش گونجاو و تەندروستیش نەبن، یاخود نەتوانن ئامانجی سیاسیی خۆیان بپێکن، یان ئاراستەیەکی جودا وەربگرن، وەک ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی هەرێمدا ڕودەدات.

لە بنەڕەتدا خۆپیشاندان نە خەڵاتی دەسەڵاتە و نە تاوانێکی سیاسییە، بەڵکو مافێکی سروشتیی و ئاسایی هەموو تاکێکە، کاتێکهەستیکرد زوڵم و نادادپەروەریی گەیشتووەتە لوتکە و هیچ دەرەتانێک نییە بۆ ئەوەی بارودۆخەکە بگۆڕێت، بەناچاریی پەنای بۆ دەبات، هەمیشەیش بەرانبەر ئەو بارودۆخە خرابەی ئێمە بە تاکە چارەسەری سیاسیمان زانیوە، بەڵام هەمیشە گومانیشمان هەبووە لەوەی ئەم میکانیزمە شەرعیی و جەماوەرییە لە سایەی ئەم جۆرە دەسەڵاتەدا ئامانجەکانی خۆی بپێکێت، بەتایبەت کاتێک ئێمە ئەوە باش دەزانین، کە دەسەڵات بە بەردەوامیی دەیەوێت ئاراستەی خۆپیشاندانەکان تێکبدات و تۆمەتی جۆراوجۆر بخاتە پاڵیان، وەک ئەوەی چەندین جار ئەم کارەی ئەنجامداوەو تێیشیدا سەرکەوتوو بووە، لە بەرانبەر ئەوەیشدا لەناو خۆپیشاندەراندا تا ئێستا ئەو ڕۆشنبیرییە نەچەسپیوە، کە ناکرێت لە پێناو پیشاندانی ڕقی لەڕادەبەدەر لە دەسەڵات پەنابەریتەبەر ئەوەی تەڕو وشک بەیەکەوە بسوتێنیت، بەتایبەتیی دەستبردن بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و ناوەندە کلتوریی و شارستانییەکان هەڵەیەکی گەورەی مێژووییەو پێویستە هەمیشە دژی بوەستینەوە. دەیشبێت لەوە تێبگەین جیاوازیی گەورە لە نێوان خۆپیشاندان و ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریدا هەیە و هەریەک لەمانە ڕێگەو شوێنی تایبەت بە خۆی هەیە.

هەرچەندە لە کاتی ڕاپەڕینیشدا دەبێت ئێمە دامەزراوەکانی دەوڵەت بە موڵکی خۆمان بزانین، لانی کەم وەک ئەوەی لە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ١٩٧٩ دا خەڵکی خاوەن شۆڕشی ئەوێ نەک بارەگاکانی دەوڵەتیان نەسوتاند، بەڵکو دەستیاننەبرد بۆ کەلوپەلە تایبەتییەکانی بنەماڵەی شا، چونکە بە موڵکی تایبەتیی خۆیان دەزانی.

هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان حوکمڕانەکانی ئێمە باکیان بە هیچ نییە،ئەگەر وڵات بکەنە مشتێک خۆڵ لە پێناو مانەوەی خۆیاندا، هەر خۆیان بە براوەو سەرکەوتوو دەزانن، کاتێک بە هێزێکی شکستخواردووی شەڕەوە پەلاماری هاونیشتیمانیان دەدەن، دەیکەنە دەستکەوتی نیشتیمانیی، ئەو کاتەی گەنجەکانی وڵات ڕاپێچی زیندان دەکەن و دەرگای ناوەندە میدیاییەکان دادەخەن، هەمیشە خۆیان بە براوەی ئاسایشی نیشتیمانیی دەزانن، بۆیە پێویستە لە کاتی لەم جۆرەدا بە وریایی و بەرنامەی ڕێکخراوەوە کاری جەماوەریی ئەنجامبدرێت و هەوڵبدرێت دەڤبڕینی ناڕەزایەتییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت و دەسەڵات نەیقۆزێتەوە بۆ مانەوەی خۆی و دواجاریش هاونیشتیمانیانی پێ تاوانباربکات.


PM:12:27:02/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌