نێچیرڤان بارزانی یەك وشەشی لە كارنامەكەی جێبەجێ نەكردووە

سیروان ره‌شید

دوای نزیكەی چوارساڵ لەتەمەنی كابینەی هەشتی هەرێم، دەركەوت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم تەنانەت یەك وشەشی لەكارنامەكەی جێبەجێنەكردووە. كە لە رۆژی 18ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان دا خوێندیەوە.

نێچیرڤان بارزانی وەختێك كارنامەی حكومەتەكەی لەبەردەم نوێنەرانی گەلدا خوێندەوە وتی"كابینەی هەشت كابینەی هاوبەشی بنكەفراوانە كە گوزارشت لە خواستی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ناو هەرێمی كوردستان دەكاو ئەم كابینەیە هەوڵی تەواو دەدات بۆ بەدامەزراوەكردنی حكوومەتێكی كارا و شەفاف و دابینكردنی خۆشگوزەرانی، چاكسازیی هەمەلایەنە و ڕاستەقینە، پاراستنی ژینگەی كوردستان، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە گەندەڵییەك لە دامودەزگا و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا".

هەروەها نێچیرڤان بارزانی وتی "هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی تا ڕادەیەك دەوڵەمەندە،‌ بۆیە ئامانجمان بەدیهێنانی بەردەوام و جۆراو جۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و خۆنەبەستنەوە‌ بە تاكە سێكتەری نەوتە لەم هەرێمەدا.

بۆیە كار دەكەین بۆ گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و پشەسازی و بازرگانی و خزمەتگوزاری و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەكیەكانی ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان و بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی تاك و كابینەی هەشت ئاوڕی زیاتر لە ژیان و گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و كیمیاباران و زیندانیانی سیاسی دەداتەوە".

هەروەها لەدوا قسەشیدا نێچیرڤان وتی "كابینەی هەشت زەمینەی لەبار دەڕەخسێنی بۆ كاراكردنی ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمان لەسەر كاری حكوومەت".

بۆ هەرچاودێرێك ئەگەر بیەوێ هەڵسەنگاندن بۆ ئەداو تەمەنی ئەم كابینەیەو كارنامەكەی بكات، پێویستی بەزۆر بیركردنەوەو لێكدانەوە ناكات، كە وەك رۆژی روناك دەركەوت، نێچیرڤان بارزانی تەنانەت یەك وشەشی لە كارنامەكەی جێبەجێنەكرد.

ئەو نە خزمەتگوزاری باشتر كردو نەموچەو نەئاو نەكارەباو نەژیانی كەسوكاری شەهیدان و نەدیموكراسی و نەبەردەوام بونی حكومەتی بنكە فراوان، تەنانەت راستیشی نەكرد كەوتی زەمینەی لە بار دەرەخسێنین بۆ كاراكردنی رۆڵی چاودێری پەرلەمان!. ئەی ئەوە نەبوو جەنابتان رێگەتان گرت لەوەی وەزیرەكان بچنە پەرلەمان و حسابتان بۆ بانگێشتی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوەی وەزیرەكان نەكرد!.

ئێستا ئەم كابینەیە بەهەمو پێوەرو ستانداردی جیهانی رەوایەتی و شەرعیەتی نەماوە، چونكە نەك هەر راستگۆ نەبوو لەگەڵ هاوڵاتیاندا، بەڵكو كارەساتی گەورەی برسێتی و نەداری و لەدەستدانی خاك و موسیبەتی گەورەی بۆخەڵك خستۆتەوە! بۆیە ئەم حكومەتە دەبێ‌ هەڵبوەشێتەوەو لەشوێنی ئەو حكومەتێكی كاتی راگوزەر دروست بكرێ‌ كە توانای روبەڕوبونەوەی قەیرانە دارایی و سیاسی و بژێوییەكانی خەڵكی هەبێت!.


PM:03:51:26/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌