گیرفانی به‌تاڵ و قه‌یرانی سیاسی و ئابوری و پیرۆزكردنی ساڵی نوێ

دانا مەنمی

دوانزه‌ مانگی ته‌مه‌نمان به‌ ڕۆژیك ده‌ستی پێكردو هێدی هێدی به‌دوای یه‌كدا هاتن و پێچرانه‌وه‌، مانگه‌كانیش به‌ گرمۆڵه‌یی قه‌تاره‌یان به‌ست و به‌بێ چرپه‌ ماڵئاواییان لێكردین، به‌م شێوازه‌ ساڵ كۆتایی هات و سێبه‌ری ساڵێكی نوێ كه‌وته‌ سه‌رمان.

پێچه‌وانه‌ی سالانی رابردوو ئه‌مسال و پارو پێرار هاوڵاتیانی كوردستان به‌ هۆی قولبونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی و سیاسی و له‌ ده‌ستدانی له‌ %48 ی خاكی كوردستان و له‌ %75 داهاتی كوردستان به‌ هاتنی سالی نوێ دڵخۆش نین ،قه‌یرانی سیاسی و ئابوری ده‌ستی حیزب و حكومه‌تیشی به‌ستووه‌ كه‌ ناتوانن له‌ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان ئاهه‌نگ و مه‌راسیمی تایبه‌ت به‌ ساڵی نوێ ڕێكبخه‌ن.

هاتنی ساڵی نوێ بۆ هاوڵاتیان هیچ ئومێدو هیوابه‌خش نییه‌، بێ ئومێدی به‌ سیماو ڕوخساری هاوڵاتیان له‌لایه‌ك و ده‌ربرینه‌كانی هاوڵاتیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌لایه‌كی تر هه‌ست پێده‌كرێت، میله‌ت له‌ ناو قه‌یرانی برسێتی و بێ موچه‌یی و بێ كاره‌با و بێ ئاوو بێكاریدا چه‌قیوه‌، چ ئومێدێكی به‌ ساڵی نوێ خۆش بیت؟!

په‌یامی سه‌ركرده‌و به‌رپرسانی حیزب و حكومه‌ت تایبه‌ت به‌ ساڵی نوێ گیرفانی هاوڵاتیان گه‌رم ناكاته‌وه‌و ئومێدو هیوا نابه‌خشێت به‌ دڵه‌كان و ئیراده‌ بۆ خه‌ڵك ناگه‌رێنێته‌وه‌، هه‌موومان قسه‌ی زل و په‌یامی هاوشیوه‌مان له‌ده‌ست دێت بنوسین و بپه‌یڤین، په‌یام و به‌یاننامه‌ هاوڵاتیان تێر ناكات، دیاره‌ ئه‌و په‌یام و به‌یاننامانه‌یش بۆخوێندنه‌وه‌ نوسراون نه‌ك بۆ گه‌رانه‌وه‌ی ئومێدو بڕوای هاوڵاتیان! سه‌رباری قه‌یرانه‌كان ساڵانه‌ به‌رپرسانی حیزبی و حكومی به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێوه‌ ڕوو له‌ (ویڵینگتن) ی نیوزیلاندا و (سیدنی) ئوسترالیاو دورگه‌ی تۆنگاو تۆكیۆو سیئۆل و كوالا لامپوری مالیزیا وڵاتانی جیهان ده‌كه‌ن بۆ پشوو كات به‌سه‌ربردن، به‌ڵام هاوڵاتیانی ئاسایی له‌ ماڵه‌كانی خۆشیان گیرفانیان هێنده‌ به‌تاڵه‌ ناتوانن بچنه‌ كوچه‌و كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شار بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش!

ئه‌مشه‌وی یه‌ك شه‌ممه‌ 31ی 12ی 2017 كاتژمیر 12ی شه‌و ماڵئاوای له‌ ساڵی 2017 ده‌كرێت و پێشوازی له‌ ساڵی نوێ ده‌كه‌ین، به‌شێك له‌ هاوڵاتیان له‌شه‌قامه‌كان پێشوازی له‌و بۆنه‌یه‌ ده‌كه‌ن و به‌شێكی تریش له‌ هاوڵاتیان له‌ ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌و له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی لۆگۆیه‌كی تایبه‌تی بۆخۆی دیاری كردووه‌، لۆگۆی هه‌ریه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه‌ گوزارشت له‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابوری و كلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ به‌رۆكی خه‌ڵكی كوردستانی گرتووه‌و چاره‌سه‌ركردنیشی بووه‌ته‌ خه‌ون! لۆگۆی هه‌ریه‌كێك له‌ هاونیشتیمانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌ندێك به‌ توڕه‌ییه‌كی زۆره‌وه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی كوردی په‌یامه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن و هه‌ندێكی تریش به‌ ته‌نزه‌وه‌ گوزارشتیان لێ كردووه‌.

ساڵی 2017 جگه‌ له‌ قه‌یرانی ئابوری ساڵانی 2014 و 2015و 2016 چه‌ندین ڕوداو قه‌یرانی تری به‌دوای خۆیدا هێنا كه‌ ته‌داعیاتی له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی و سایكۆلۆژی و ده‌رونی و ڕۆحی هاوڵاتیان به‌جێهێشت، خۆپیشاندان و بایكۆت و نه‌بوونی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی خێزانی و كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و كلتوری كۆمه‌ڵایه‌تی داناوه‌ به‌جۆرێك ده‌رگای زۆرێك له‌ خوێندنگاكان تاكو مانگی دووی ساڵی 2017 نه‌كرانه‌وه‌ و ساڵی 2015 موچه‌ی سێ مانگی فه‌رمانبه‌ران خورا و له‌ ساڵی 2016 سیسته‌می پاسه‌كه‌وتی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ ڕێژه‌ی له‌ %25 و له‌ %75پاشه‌كه‌وتكرد و حكومه‌ت به‌ڵێنیدا كه‌ هه‌ر(30) ڕۆژ جارێك موچه‌ بدات، كه‌چی ئه‌مساڵیش وه‌كو پار موچه‌ی سێ مانگی فه‌رمانبه‌ران له‌ گیرفانی حكومه‌تی قه‌یراناویدایه‌.!

ساڵی 2017 كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان یه‌كێكی تره‌ له‌ قه‌یرانه‌ ئابورییه‌كانی كوردستان ،قه‌رزی كۆمپانیای دانه‌غاز كه‌ بڕی (713) ملیۆن دۆلار كه‌ قه‌رزی شایسته‌ داراییه‌كانی ساڵی 2016 یه‌و نه‌دراوه‌ پاشان قه‌رزی كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) ی نه‌رویجی كه‌ (150) ملیۆن دۆلاره‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌بوونی پێدانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كه‌ی پشكه‌كانی له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی تاوكێ كه‌له‌ %20 بوو به‌رز كرایه‌وه‌ بۆ له‌ %75 و 4.5 پشكی كێڵگه‌كه‌ی داوه‌ته‌ كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینه‌رجی توركی.

له‌ ساڵی 2017 پێش ڕوداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان 12 كێڵگه‌ی نه‌وتی له ژێر ده‌ستدا بوو كه‌ ئه‌وانیش بریتی بوون له‌ كێڵگه‌كانی ( بابه‌گوڕگوڕ ، جه‌مبور ،هاڤانا ،خه‌باس .بای حه‌سه‌ن ،عه‌ین زاله‌، به‌تمه‌، خورمه‌ڵه‌، حه‌سیره‌، ته‌قته‌ق، تاوگێ، شێخان) له‌كۆیی ئه‌و كێڵگه‌ نه‌وتیانه‌ ڕۆژانه‌ بڕی (726) هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌م ده‌هێنراو هه‌نارده‌ ده‌كرابه‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌:

(بابه‌گوڕگوڕ 97 هه‌زار به‌رمیل، جه‌مبور 42 هه‌زار به‌رمیل، هاڤانا 90 هه‌زار به‌رمیل، خه‌باس 26 هه‌زار به‌رمیل، بای حه‌سه‌ن 170 هه‌زار به‌رمیل، عه‌ین زاله‌ و به‌تمه‌ 20 هه‌زار به‌رمیل، خورمه‌ڵه‌ 105 هه‌زار به‌رمیل، حه‌سیره‌و ته‌قته‌ق 26 هه‌زار به‌رمیل، شێخان 40 هه‌زار به‌رمیل، تاوكێ 110 هه‌زار به‌رمیل).

هه‌ریه‌ك له‌ كێڵگه‌كانی (هاڤاناو بای حه‌سه‌ن و بابه‌گوڕكوڕو خه‌باس و جه‌مبور و عه‌ین زاله‌ و به‌تمه‌) له‌ ده‌ستی حكومه‌تی عێراقدایه‌ و به‌رهه‌می ڕۆژانه‌یان به‌گشتی (445) هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌، ئه‌و كێڵگه‌كانه‌یشی له‌ ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمدایه‌ بریتی یه‌ له‌ (حورمه‌ڵه‌و ته‌قته‌ق و حه‌سیره‌و شێخان و تاوكێ) كه‌ توانای به‌رهه‌مهێنانیان ڕۆژانه‌ ده‌گاته‌ (281 )هه‌زار به‌رمیل، جگه‌ له‌ ده‌ستدانی داهاتی هه‌ردوو فرۆكه‌خانه‌ی (سلێمانی و هه‌ولێر) كه‌ ده‌كاته‌ بڕی (450) هه‌زار دۆلار بۆ ڕۆژێك، كێشه‌ی خاڵه‌ سنورییه‌كانی (برایم خه‌لیل و په‌روێزخان و باشماخ و فیشخابورو حاجی ئۆمه‌ران) یش له‌ولاوه‌ بووه‌ستێت كه‌ هێشتا له‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی حكومه‌تی هه‌رێم دا ماون.

ساڵی نوێی 2018 پێویسته‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا متمانه‌ بگه‌رێنێته‌وه‌ نێو خه‌ڵك و حیزب و حكومه‌ت، له‌هه‌مویان گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی نوێدا رێز له‌ ده‌نگ و ڕه‌نگی هاوڵاتیان بگیرێت كاتێك بۆ چاره‌نوسی خۆیان ڕوو له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان ده‌كه‌ن ساڵی نوێ گرنگه‌ ڕێز له‌ به‌های دیموكراسی و كار بۆ چه‌سپاندنی پایه‌كانی دیموكراتی بكرێت، هێزه‌ سیاسییه‌كانی لاپه‌ره‌یه‌كی نوی له‌گه‌ل یه‌كتر هه‌لبده‌نه‌وه‌و پشت له‌ ڕابردوو بكه‌ن و ئومێد له‌سه‌ر ئاینده‌ بینا بكه‌ن، گوتارو ڕه‌فتاری سیاسییان یه‌كبخه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل بخه‌نه‌ سه‌روی به‌رژه‌وه‌ندی حیزب و شه‌خسه‌وه‌ ،نیه‌ت و ئیراده‌و ڕاستگۆیی و ڕاشكاوی بكرێته‌ كردار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له‌گه‌ڵ ساڵی نوێدا پێویستیمان به‌ دیدو عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌یه‌كی نوێ هه‌یه‌، خۆئه‌گه‌رنا دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێن ( ساڵ به‌ ساڵ خۆزگه‌م به‌ پار).

AM:11:41:01/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 66 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌