گه‌شه‌كردنی پارتی له‌ سلێمانی وهه‌ڵه‌بجه‌ پێویستی به‌ ئیراده‌و بوێری و ڕاشكاوییه‌

دانا مەنمی

تائێستا پارتی نه‌یتوانیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست به‌پلانێكی ووردو عه‌قلانیه‌ته‌وه‌ په‌نجه‌ بخاته‌ سه‌ركه‌موكوڕییه‌كانی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، چونكه‌ ناوه‌ندی بریاری پارتی كه‌ خاوه‌نی بریاردانن پشت به‌ ڕاپۆرتی ئۆرگانه‌ حیزبیه‌كانیان له‌ سنوری سلێمانی و هه‌له‌بجه‌ ده‌به‌ستن، كه‌ خودی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ دورن له‌ ڕاستی و له‌ عه‌قلانیه‌ت و له‌ په‌نجه‌ خستنه‌ سه‌ربرینه‌كان، به‌ڵكو ڕاپۆتی ئۆرگانه‌كانی پارتی له‌سه‌ر بنه‌مای درۆو وه‌هم شێواندنی وێنا ڕاستییه‌كه‌ شیكاری كراوه‌، ئامانجیش له‌م ڕاپۆرته‌ درۆزنانه‌ ماكیاژ كردنه‌ بۆ هه‌ندێك ده‌موچاوی فوپێداكراوو فشه‌ڵ، ئه‌وه‌ش هۆكارێكه‌ كه‌ وه‌زعی پارتی به‌رده‌وام له‌ دۆخێكی چه‌قبه‌ستووی سیاسی و كاری ڕێكخراوه‌ییدا بێت.

شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان له‌ ناوه‌ندی بریاری حیزب له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و پاراستنی كورسی و پێگه‌ی هه‌ندێك بكه‌ری سیاسی كه‌ له‌ ناواخندا ئه‌و بكه‌ره‌ سیاسییانه‌ مرۆڤی بێ ڕۆح و بێ وزه‌ و موفلیسن خزمه‌ت به‌پارتی دیموكراتی كوردستان ناكات، له‌ ڕاپۆرتی ڕێكخستنه‌كانی پارتیدا له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ بریاربه‌ده‌ستان پاڵه‌وان و سۆپه‌رمانن كه‌چی كه‌ریم زه‌ند وه‌فاتی كرد ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای سلێمانی و لقی چواری پارتی په‌نجا كادریان پێكۆنه‌كرایه‌وه‌ بۆ سه‌ر مه‌زاره‌كه‌ی!

راپۆرتی ڕێكخستنه‌كانی پارتی هه‌رگیز خۆی له‌قه‌ره‌ی كه‌مته‌رخه‌می بریاربه‌ده‌ستانی پارتیدا نادات، له‌ جیاتی ڕه‌خنه‌ سوپاس و ستایش ده‌كرێن، كاری ته‌نزیمات و چالاكی زانیاری گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ چالاكی به‌شداریكردن له‌ پرسه‌ی فڵان و فیسار! له‌بیرمه‌ فڵان كادری ناوچه‌ له‌ ژێر وێنه‌كه‌ی (مه‌لا مسته‌فای بارزانی) دا به‌ كاری به‌دڕه‌وشتیه‌وه‌ گیرا، كه‌چی ئه‌دهه‌م بارزانی پله‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ بۆ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارێزگای سلێمانی!

گه‌شه‌كردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی وهه‌ڵه‌بجه‌ پێویستی به‌ ئیراده‌و بوێری و ڕاشكاوی هه‌یه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ خودی پارتییه‌وه‌ تاچه‌ند ئیراده‌و بوێرو ڕاشكاوه‌ بۆ برینه‌وه‌ی ده‌ستی گه‌نده‌ڵكاران، بۆ ڕزگار بوون له‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ پیویسته‌ پارتی ڕاستگۆیانه‌و ڕاشكاوانه‌ خاڵ له‌سه‌ر پیته‌كان دابنێت و په‌نجه‌ بخاته‌ سه‌ر برینه‌كان، پاشان پلان و نه‌خشه‌ڕێگای هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردن و چاودێری نه‌خشه‌ڕێگاكه‌ی بكات بۆ جێبه‌جێكردن له‌هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان شۆڕبێته‌وه‌ بۆ ناو ئه‌ندامانی ئاسایی حیزب و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی تا سه‌رچاوه‌ی زانیاری ڕاست و دروستی ده‌ست بكه‌وێت ،به‌م شێوه‌یه‌ پارتی تشخیسی نه‌خۆشیه‌كه‌ی ده‌كات و ڕاستگۆی و ڕاشكاوی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.

PM:08:30:02/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌