خۆشباوه‌ڕی‌ سۆران عومه‌ر‌و عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح

كامیل عومەر

به‌ واژۆكردنی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسایه‌ك به‌ناوی‌ (پرۆژه‌ یاسای‌ چاكسازی‌ له‌خانه‌نشینی‌‌و مووچه‌‌و ده‌رماڵه‌‌و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانی‌ دیكه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان- عیراق)‌و ره‌وانه‌كردنی‌ بۆ پارله‌مانی‌ كوردستان، هه‌ندێك كه‌سی‌ خسته‌ هه‌له‌كه‌ سه‌ماو ده‌هۆڵ كوتینی‌ ناواقیعی‌ بۆ پرۆژه‌كه‌‌و به‌رگریكردنێكی‌ نالۆژیكی‌ لێی‌.

دوابه‌دوای‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ واژۆكردنه‌كه‌، هه‌ردوو پارله‌مانتاری‌ دیاری‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ڕێزان عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح‌و سۆران عومه‌ر، به‌په‌له‌ پرۆزێ‌ كه‌وتنه‌ پیاهه‌ڵدانی‌ پرۆژه‌كه‌‌و یه‌كێكیان پرۆژه‌كه‌ به‌ به‌دیهێنانی‌ دادپه‌روه‌ری‌ ده‌زانێت‌و ئه‌وی‌ دیكه‌شیان ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی‌ دژی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بێت، دژی‌ چاكسازییه‌.

هه‌ركه‌س ئه‌م دوو پارله‌مانتاره‌ نه‌ناسێت، واده‌زانێت كه‌ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمن نه‌ك پارله‌مانتاری‌ ئۆپۆزسیۆن، له‌كاتێكدا له‌دونیادا نموونه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ له‌م جۆره‌ بوونی‌ نیه‌ كه‌ هه‌لهه‌له‌ بۆ پرۆژه‌ی‌ حكومه‌ت لێبدات. باوه‌ڕیش ناكه‌م هیچ پارله‌مانتارێ‌ هێنده‌ی‌ ئه‌م دوو به‌ڕێزه‌ ئه‌زموونی‌ تاڵیان له‌گه‌ڵ ناڕاستگۆیی‌ ئه‌م حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌بێت، كه‌چی‌ له‌م بابه‌ته‌دا زۆر خۆشباوه‌ڕ‌ ده‌ركه‌وتن‌و كه‌وتنه‌ پاهه‌ڵدانێكی‌ ناواقیعی‌.

سه‌ره‌تا، دوو تێبینی‌ گشتی‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو:

1- له‌بنه‌ڕه‌تدا، پرۆژه‌كه‌ به‌ناچاری‌‌و له‌ژێر فشاری‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌و نه‌بوونی‌ پاره‌وه‌ قبوڵ كراوه‌‌و ئیراده‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌ی‌ چاكسازی‌ له‌پشته‌وه‌ نیه‌.

2- ئه‌م جۆره‌ پرۆژانه‌ پێویستیان به‌ دیراسه‌كردنی‌ پێشوه‌خت هه‌یه‌‌و ده‌بوو له‌ڕێی‌ سیمیناراتی‌ زانستی‌و له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی‌ پسپۆری‌ بواری‌ دارایی‌‌و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌، گفتوگۆی‌ ووردی‌ له‌سه‌ر بكرایه‌، كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئه‌م فلته‌رانه‌ی‌ تێنه‌په‌ڕاندووه‌‌و چه‌ندین كه‌موكوڕی‌ له‌نێو مادده‌‌و بڕگه‌كانیدا ده‌بینرێت.

لێره‌دا، به‌پێویستی‌ ده‌زانم چه‌ند پرسیار‌و تیڕامانێك ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و دوو پارله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن بكه‌م:

1- ئایا واژۆیه‌كی‌ نێچیرڤان‌و په‌سه‌ندكردنی‌ له‌ پارله‌مان به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ بكه‌وێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌كاتێكدا پرۆژه‌ی‌ سندوقی‌ داهاته‌كانی‌ نه‌وت‌و غاز كه‌ پرۆژه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن بوو، ئه‌م قۆناغانه‌شی‌ تێپه‌ڕاند‌و په‌سند كرا، كه‌چی‌ نه‌ك نه‌كه‌وته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، به‌ڵكو یه‌كێك بوو له‌ هۆكاره‌كانی‌ داخستنی‌ پارله‌مان‌و ناردنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك‌و سكرتێره‌كه‌ی‌ پارله‌مان؟!

2- ئایا له‌م كاته‌دا‌و له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عیراق‌و هه‌رێمدا، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ نابێته‌ بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، له‌كتێكدا هه‌ر ئێوه‌‌و فراكسیۆنه‌كه‌تان چه‌ند ساڵه‌ هاوار ده‌كه‌ن‌و پرۆژه‌ی‌ جۆراوجۆر ده‌خه‌نه‌ ڕوو بۆ گوێتان لێنه‌گیراوه‌؟!

3- باشه‌ پێتان وا نیه‌، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ خۆدزینه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ له‌ چاكسازی‌ راسته‌قینه‌ كه‌ ده‌بێت له‌كه‌رتی‌ نه‌وتدا بكرێت، له‌كاتێكدا داهاتی نادیاری‌ یه‌ك رۆژ فرۆشتنی‌ نه‌وت هێنده‌ی‌ ئه‌و بڕه‌ ده‌بێت كه‌له‌مانگێكدا‌و له‌ڕێی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟!.

4- باشه‌ به‌پێی‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی‌ به‌ڕێزتان، پێتان وایه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ جوت حزبیه‌ ده‌توانن مووچه‌ی‌ سه‌دان هه‌زار خانه‌نشینی‌ نایاسایی‌ سه‌ربازی‌ ببڕن؟! كه‌ هه‌ر خۆیان به‌نایاسایی‌ بۆیان كردون، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ لایه‌نگیری‌ خۆیان بوون‌و ئێستا هۆكاری‌ مانه‌وه‌شیانن له‌ده‌سه‌ڵاتدا.

5- ئایا پێتان وایه‌ نێچیرڤان بارزانی‌‌و قوباد تاڵه‌بانی‌ به‌ڕاستی‌ ده‌توانن خۆیان له‌ قه‌ره‌ی‌ بڕینی‌ مووچه‌ی‌ خه‌یاڵی‌ ئه‌فسه‌ر‌و پله‌ به‌رزه‌كانی‌ ده‌زگا نهێنیه‌كانی‌ ئامۆزاكانیان بده‌ن؟!

6- ئایا راتان وایه‌، نێچیرڤان‌و قوباد ده‌توانن مووچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ پله‌ی‌ وه‌زیر‌و وه‌كیل وه‌زیر‌و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و لیوا‌و عه‌میدی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ "فه‌رعون‌و كامل سبوغ”انه‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ كه‌ خۆیان به‌ به‌ خاوه‌نی‌ شۆڕش‌و ئه‌زموونه‌كه‌ ده‌زانن؟

7- ئایا ده‌كرێ‌ به‌م پرۆژه‌یه‌ كه‌ چاره‌نوسی‌ دیار نیه‌، هه‌موو ئه‌و به‌فیرۆدان‌و دزین‌و خراپ به‌كارهێنانه‌ی‌ سامانی‌ خه‌ڵك به‌ناوی‌ موچه‌‌و ئیمتیازاته‌وه‌ كراون، بسڕدرێته‌وه‌؟! له‌كاتێكدا به‌پێی‌ یاسا كارپێكراوه‌كانی‌ عیراق‌و هه‌رێم، ئه‌وانه‌ تاوانن‌و تاوانكاریش ده‌بێ‌ سزای‌ یاسایی‌ وه‌ربگرێ‌ به‌ بڕیارده‌ر‌و جێبه‌جیكاره‌كه‌شیه‌وه‌.

گومانم نیه‌ كه‌ نیه‌تی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌، بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌‌و دواتریش جێبه‌جێناكرێت، وه‌ك چۆن له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ 17 شوباتدا له‌ژێر فشاری‌ توڕه‌یی‌ خه‌ڵكدا بڕیاری‌ ژماره‌ (2)یان به‌ پارله‌مان ده‌ركرد‌و دواتر كه‌ دۆخه‌كه‌ ئاسایی‌ بویه‌وه‌ كه‌س نازانێ‌ فڕێدرایه‌ چ ته‌نه‌كه‌یه‌كی‌ خۆڵه‌وه‌.

سه‌رباری‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش، وه‌ك ده‌ڵێن "عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردنیدایه‌”، كه‌ به‌پێی‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی‌ ئێوه‌ی‌ پارله‌مانتار‌و ئێمه‌ی‌ هاووڵاتی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ هه‌مانه‌، ئه‌م یاسایه‌ش دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌، یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ شكڵی‌‌و ئینتیقائی‌ جێبه‌جێده‌كرێت‌و گومانیشم نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ فرتوفیڵی‌ یاسایی‌ ده‌زانن كه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌مووچه‌ خۆره‌كانی‌ سه‌ر به‌ حزبه‌كانیان ده‌رباز بكه‌ن، یان وه‌ك یاسای‌ سندوقی‌ داهاته‌كانی‌ نه‌وت‌و غاز، ده‌چێته‌ ئه‌رشیفی‌ پارله‌مان‌و ده‌بێ‌ گۆرانی‌ به‌ باڵایدا هه‌ڵبده‌ین. بۆیه‌ ئێوه‌ش هێنده‌ خۆشباوه‌ڕ مه‌بن.


PM:01:57:03/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 134 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌