كورد لە دیدی شەقامی عێراقیەوە

سامان سەمەد

پاش دامەزراندنی حكومەتی عێراق لە بیستەكانی سەدەی ڕابردوەوە و لكاندنی كورد وەك نەتەوەیەكی جیاواز بەو دەوڵەتە نوێیەوە، بەردەوام حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق سیاسەتی سڕینەوەی ئەو نەتەوەیەیان پەیڕەو كردوە، نەك مافەكانیان نەداوە بەڵكو لەكاتی داواكردنی مافە ڕەواكانی خۆی، ئەم نەتەوەیە ڕوبەڕوی زۆرترین ستەم و كوشتن بوەتەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا كلتوری ڕق لێبونەوە لەنەتەوەی كورد لەلایەن تاكی عەرەبەوە و تەخوین كردنی لەهەموو كات و سەردەمەكان درێژەی هەبووە، جارێك بەنەوەی جنۆكەو جارێك بەكافرو ڕەوایەتی بە ئەنفال كردنیان دراوە و جارێك بە ئیسرائیلی دوەم تۆمەتبار كراوە لەلایەن سیاسی و حوكمڕانەكانی عێراقەوە،

ئەم بە دوژمن ناساندنەی كورد گەشتۆتە ئاستێك كە سیاسیەكانیان تا چەند دژایەتی كورد بكەن ئەوەندە باڵانسی دەنگ و هەژمونیان لە شەقامی عێراقیدا بۆ سەرەوە بەرز دەبێتەوە، ئەمەش بەڕونی هەستی پێدەكرێت كاتێك كەسێكی وەك (حنان فەتلاوی) دەبینین لە ئەنجامی هێرش كردنە سەر كورد و تەخوین كردنی ئەم نەتەوەیە ئەگاتە ئەو ئاستەی لە حیزبی دەعوە جیا ببێتەوە و حیزبێكی نوێ (حزب ارادە) دروست بكات و دەنگی زۆریش بەدەست بێنێت، ئەمەش بۆ سەرجەم سیاسی و حیزبەكانی تر بە شیعەو سونەوە بەهەمان شێوەیە، وەك (نوری مالیكی و عەمار حكیم و ئوسامە نجیفی و صالح موتڵەگ و هادی عامری و ...تاد)، كە تا ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوون و لە چیاكانی قەرەداغ و پێنجوێن حەسابونەوە، براو دۆستی كوردی مەزڵوم بوون، كە گەشتنە دەسەڵات بەو تاری ئاگرین دژی كورد دڵی شەقامی عێراقی دەدەنەوە،

دوا نمونەش وەك لوتكەی هەرەمی سیاسی لە عێراق (حەیدەر عەبادی)ە كە لەدوا وتاریدا نەك باس و دەستخۆشی لە بەرخودانی پێشمەرگەو كورد ناكات دژ بە داعش، بەڵكو لەپاڵ سەركەوتن بەسەر داعشی تیرۆریست شانازی بە گرتنەوەی ناوچە جێ ناكۆكەكان دەكات و ئامادەی هیچ گفتوگۆیەك نیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم گەر چی لەهەندێك ڕوشەوە لە قازانجی بێت، چونكە بەدانیشتن لەگەڵ هەرێم لەسەر مێزی گفتوگۆ و دور لەشەڕ تۆماتیكیەن كێرڤی دەنگیان دێتەخوارەو و ئەمە قبوڵ ناكرێت لەم پێش هەڵبژاردنەیا، چونكە ئەوان دەمێكە مێشقی شەقامی عێراقیان پڕكردووە بەم دوژمنە وەهمیە، بەڵام سەبارەت بەكورد تەواو پێچەوانەیە كاتێك دەبینین لەسەر ئاستی حكومەتدا گەورەترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە ئاوارەی عەرەب كراوە لەكاتی شەڕە مەزهەبی و تیرۆرەكاندا بەجۆرێك لە تەواوی كەرتە خزمەتگوزاریەكاندا بوون بەبرابەشی دانیشتوانی كوردستان و بارگرانی زۆریان بۆ هاوڵاتیانی كوردستان دروست كردوە،

دیسان لەسەر ئاستی شەقامی كوردیشدا هاوكاری و دەستگیرۆی ئاوارەی عەرەب گەشتبوە ڕادەیەك كاسە دراوسێیەتیان لەگەڵ دەكرا (كە ئەمەش كلتورێكی جوانی میواندۆستی كوردە كەپێی ناسراوە)، ئەوەی جێگەی داخە حیزبە فەرمانڕەواكانی كوردستان بە درێژایی بیستو شەش ساڵی فەرمانڕەواییان كارێكی وایان كردووە هاوڵاتی كوردستان هیچ ئینتیمایەكیان بۆ نەتەوە و نیشتیمان نەمێنێت و بەجۆریك ڕەحمەت بوی صەدامی گۆڕ بەگۆڕ بكات و گۆرانی بەباڵای عەبادیدا بڵێت بە ئومێدی باش بونی گوزەرانیان كە بەڕای من ئەمە خەونە، چونكە بەدرێژایی مێژوو هیچ كات عەرەبە عێراقیەكان نیەت پاك و سینە ساف نەبوون بەرامبەر بەكورد، ئەمەیە جیاوازی شەقامی عێراقی و شەقامی كوردی.



PM:01:10:17/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌