وه‌زاره‌تی خه‌ڵۆز دامه‌زرێنن

هاوكار قادر

گاڵته‌تان به‌ پێشنیاره‌كه‌م نه‌یه‌ت، كارێكی زۆر قورسیش نییه‌، چونكه‌ وه‌زاره‌ت هه‌یه‌ نه‌ك هیچ كارێكی نییه‌، به‌ڵكو كه‌س ناوی وه‌زیره‌كه‌شی نازانێت. ئیتر بۆ وه‌زاره‌تی خه‌ڵۆزمان نه‌بێت!

كه‌ ده‌ڵێم خه‌ڵوز، یه‌كسه‌ر بیرت بۆ گۆشت برژاندنی به‌هاران نه‌چێت، كوره‌ خه‌یاڵت خۆش مه‌كه‌ باسی سه‌فره‌ ناكه‌م، خه‌ڵوز بۆ ئه‌م زستانه‌ خۆتی پێ گه‌رم بكه‌ره‌وه‌.

خه‌ڵوز دوكه‌ڵی هه‌یه‌، بۆنی ناخۆشه‌، غازی هه‌یه‌، هه‌زار و یه‌ك عه‌یب و عاریشی هه‌بێت، ده‌كرێت له‌م بێ نه‌وتی و ئه‌م گرانییه‌ی نه‌وته‌ سپییه‌كه‌دا چاوپۆشی له‌ عه‌یبه‌كانی بكه‌ین.

یه‌كه‌م به‌فر باری و نه‌وت هه‌ر نه‌بو، دنیا به‌ستی و ئاو بو به‌ سه‌هۆڵ كاره‌بای نیشتمانه‌كه‌مان هه‌ر كه‌م بو، خوا وه‌كیل هه‌رگیز له‌مه‌ی ئێستاش باشتر نابێت و بێ قه‌یران نابێت. ده‌ی ئێستا قه‌ناعه‌تتان هه‌بێت و با پێكه‌وه‌ كه‌مپینی بۆ ده‌ستپێبكه‌ین. كه‌مپینی داواكردنی دامه‌زراندنی "وه‌زاره‌تی خه‌ڵووووووز".

وه‌زیری ناوێت، ده‌یكه‌ین به‌ وه‌كاله‌ت، بینای ناوێت چونكه‌ ره‌شمان ده‌كات، شه‌ڕیشی له‌سه‌ر ناكرێت، چونكه‌ هه‌نارده‌ ناكرێت، مۆزه‌فی ناوێت هه‌موان لێده‌زانن، گرانیش نییه‌ كه‌واته‌ بودجه‌ی ناوێت.

بیركه‌نه‌وه‌، وه‌زاره‌تی خه‌ڵوزت هه‌بێت به‌ به‌هار و هاوینیش دابه‌ش ده‌كرێت، به‌ بلیمه‌ته‌كانی چین-یش ده‌ڵێین "نیهاو....زه‌حمه‌ت نه‌بێت ئامێرمان بۆ دروست بكه‌ن خه‌ڵوزی پێبكه‌وێت و خۆشمان بێ ئافات بین" بڕوا بكه‌ن به‌ زوترین كات هه‌مووی حازر ده‌بێت (به‌ڵام بێ چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكارانی كارگه‌كانیان). خه‌ڵوزیش زۆره‌، دارستانه‌كان خۆش بن، په‌كمان ناكه‌وێت (خۆ ئێستا داربڕین بۆته‌ پیشه‌یه‌كی پڕ داهات له‌م نیشتمانه‌).

ده‌ بڕۆن ده‌ی 26 ساڵه‌ 26 خوله‌ك بیریان له‌ جێگره‌وه‌ی نه‌وت و كاره‌با بكردایه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ و روناككردنه‌وه‌، هه‌رگیز وه‌ك ئێستا نه‌ده‌بوین، ئاخر خه‌ریكه‌ خۆشتنیش ده‌بێته‌ خشته‌ و حكومه‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ سه‌ره‌ی فڵان گه‌ڕه‌ك و گوند و شاره‌ و له‌وان زیاتر نابێت كه‌س خۆی بیسمیل بكات.

PM:02:58:02/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌