په‌روه‌رده‌ی حزبی و چاره‌نووسی كورد

وریا مەعروف

په‌روه‌رده‌كردن به‌ر له‌هه‌ر شتێك مه‌سه‌له‌یه‌كی ویژدانیه‌، چونكه‌ ئامانج لێی دروستكردنی چاره‌نووسی ئینسانه‌، کۆڵەگەیەکی گرنگی پرۆسەی پێگەیاندنی تاک و دروستبوونی کۆمەڵگای مرۆیی و شارستانیەتە.

په‌روه‌رده‌كردن ته‌نیا له‌ئه‌ستۆی ده‌زگایه‌كدا نیه‌ ئامرازه‌كانی په‌روه‌رده‌كردن زۆر و هه‌مه‌جۆرن (خێزان، قوتابخانە، حیزب، مزگەوت، كڵێسا، میدیا ...هتد) به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی و زاڵ له‌ كوردستان زۆربه‌ی ئه‌م ئامرازانه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵ و هه‌ژمونی حزبدان. كێشه‌ی گه‌وره‌ و پڕ مه‌ترسی ئه‌وه‌یه‌‌ زۆربه‌ی ئه‌م ئامرازه‌كانه‌ ئینسانی حزبی دروست ده‌كه‌ن، به‌جۆرێك جگه‌ له‌حزبه‌كه‌ی خۆی هه‌مووان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ زۆرجاریش ڕه‌نگه‌ بگاته‌ ئاستی سڕینه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بیین ده‌بن به‌ پارێزه‌ری حیزبه‌كانیان و به‌رگری له‌ ناپاكی و خراپیه‌كانیان ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت ئامانج و وه‌زیفه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆشیان له‌بیر ده‌كه‌ن.

به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ر له‌م بازنه‌ی خۆخۆری شكان و دونیا پر قه‌هره‌ ده‌خولێینه‌وه‌ ناگه‌ین به‌هیچ، چونكه‌‌ په‌روه‌رده‌ی حزبی‌ كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر و ڕق هه‌لگرتن و بوغزاندنی یه‌كتر ده‌كات، ئه‌مه‌ش بواری بیركردنه‌وه‌ لاواز ده‌كات و له‌وانه‌یه‌ ده‌به‌نگی گشتی دروست بێت و كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و شێواوی و لێكترازان ببات، پێویسته له‌م قاوغه‌ ده‌رچین و‌ مه‌ترسیه‌كان تێپه‌ڕێنین و تاكوو دووچاری هه‌مان چاره‌نووس نه‌بینه‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووی كورددا هه‌میشه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

كورد تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ قوناغێكی نوێوه‌ له‌بوونه‌وه‌ و تا ئێستا هه‌میشه‌ له‌بازنه‌‌یه‌كدا له‌به‌رگ و فۆرمێكی جیاوازدا ده‌گاته‌وه‌ هه‌مان شوێن، چاره‌نووسی هه‌میشه‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌ به‌هۆی دژیه‌كی و ململانێی ناوخۆوه‌، له‌ ئێستادا پێویستیمان به په‌روه‌رده‌یه‌كی ئینسانی نیشتیمانیه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌‌وه‌یه‌كی به‌رپرسیار دورست بێت.

په‌روه‌رده‌ی حیزبی وا له‌ تاك ده‌كات هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی نه‌كات، زیاتر وه‌ك ئامرازێك بێت نه‌ك ئینسانێكی به‌رپرسیار، به‌م جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ چاره‌نووسمان به‌كوێ ده‌گات؟ كه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م شه‌ڕی ناوخۆ و دژیه‌كیه‌كی ترسناكدا ده‌ژین، كه‌ له‌پیناو ململانێی حزبدا نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌ ده‌بێته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی لاوه‌كی، ڕه‌نگه‌ به‌لادانێكی پیلانگێڕانه‌ یان ئانقه‌ستی حیزب نیشتمان وێران بێت و ببێته‌ ڕۆحێكی ته‌نیا. کیشەی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئینسانی کورد نەبوونی پەروەردە و فەرھەنگه‌، په‌روه‌رده‌ی ئێمه‌ به شێوه‌یه‌كی‌ گشتی مرۆڤێكی سه‌رلێشێواو و نه‌زان دروست ده‌كات.

مرۆڤ ئامانجە ئامێر نیە، پێویستە هەموو شتێک بکەین لەپێناو بەپیرۆز ڕاگرتنی.
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان پێكه‌وه‌ ژیانی سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی سه‌خته‌، ئه‌مه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هاوڵاتیانیشدا هه‌یه‌‌، ته‌نانه‌ت له‌ئاستی شاره‌كانیشدا زۆرجار ململانێ دروست ده‌بێت كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ئاكامی په‌روه‌رده‌ی حزبیه‌وه‌ دروست بوه‌، زۆربه‌ی ئامرازه‌كانی په‌روه‌رده‌كردن خۆیان پیویستیان بە دووبارە پەروەردەکردنەوە ھەیە، خۆیان وەک دەردێکی کوشندەن بۆ ئیسنان بۆ کۆمەڵگا بۆ نەتەوە بۆ نیشتیمان، چۆن دەتوانن ئینسانێک- منداڵێک- کۆمەڵگایەکی باش بەرھەم بھێنن، کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە كه‌ تۆ لێی ده‌ڕوانیت، گه‌ر ئەم بارودۆخە درێژبێته‌وه‌ و بەردەوام بێت ئه‌وا ده‌كه‌وینه‌وه‌ به‌رده‌م هه‌مان چاره‌نووس. بۆیه‌ پێویسته‌ په‌روه‌رده‌ هاوڵاتی دروست بكات نه‌ك ئه‌ندامی حزب، تاكوو خه‌می ئینسان ونیشتیمانه‌كه‌ی بێت.

ئه‌گه‌ر دروست په‌روه‌رده‌ نه‌كراویت ئێستا درك به‌ هه‌ڵه‌كان ده‌كه‌ی، چاكی بكه‌وه‌ و سه‌ر له‌نوێ خۆت دروست بكه‌وه‌، ئه‌ركی خۆ پێگه‌یاندن و فێربوون له‌ ئه‌ستۆی خۆتدایه،‌ جگه‌ له‌خۆت كه‌سی تر به‌هاناته‌وه‌ نایه‌ت، ژیان له‌وه‌ ئاڵۆزتره‌ تۆ به‌و ساده‌ییه‌ وه‌رت گرتووه چاره‌نووسی خۆت مه‌ده‌ ده‌ست كه‌سانێك كه‌ به‌كارت بهێنن‌، درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌م ساده‌ییه‌ وه‌ك گه‌مژه‌یه‌ك ده‌رت ده‌خات، تا ئه‌به‌د وه‌ك كه‌سێكی هیچ له‌بارادانه‌بوو ده‌تهێڵێته‌وه‌ و ده‌كه‌ویته‌ به‌رده‌م چاره‌نووسێكی نادیار و پڕ له‌ مه‌ترسی. چونكه‌ په‌روه‌رده‌ی حزبی و هه‌ڵه‌ له‌قاڵبت ده‌دات و پڕت ده‌كات له‌ڕق، ئه‌و گرێیه‌ ده‌روونیه‌ی له‌ناختدایه‌ ده‌تسڕێته‌وه‌ و دووچاری ململانێیه‌كی بێ مانا و ده‌ردی شارچیه‌تی و ده‌به‌نگیت ده‌كات.


AM:11:27:05/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 44 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌