چلەی مام جەلال... پەندو وانە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

چلەی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال، ڕۆژێك نییە بەمانای مامەڵەكردن لەگەڵ ژمارەو زەمەنی ژیانئاوایی مام جەلال، بەڵكو چلەیەكە دەمانگێڕێتەوە ناو خودی خۆمان و لەگەڵ ناخ و ویژدانی خۆمان دەمانخاتەوە مەنەلۆگ و حیواری قوڵ.
دەمانباتە بەردەم گروهێك پرسیار كە وەڵامی هەر یەكێكیان دەكەوێتە ناو زەمە‌نێكی دوورو ژینگەیەكی جەنجاڵی سیاسی!.

چلەی مام جەلال، لەیەككاتدا دوو ڕووداوە. دوو مەسیج و دوو لێكەوتەو دوو وێنەیە، یەكێكیان لەچركەساتی دابڕان و ئەویتریشیان چركەساتی دەستپێك و سەرەتایەكی نوێیە.

واتە لەیەككاتدا پەیامێكی ئێمەیە بۆ سەرۆك مام جەلال و ڕێبازەكەی و لەهەمانكاتیشدا پەیامی سەرۆك مام جەلالە بۆ ئێمەی كورد كە ئیدی ئەو ڕۆیشت و شكا سوپامان!.

بەدیوێكیتردا دەكرێت چلەی ژیانئاوایی مام جەلال ئاشتكردنەوەی دژەكان بێت، كۆكردنەوەی ناكۆكەكان بێت، پەندو وانەی نوێ بێت لەمەنهەجی سیاسی كوردستانداو هەمووان لەفەلسەفەو توانای جەنابیان سوود وەربگرن و مام جەلال بكەنە سەر مەشقی كاری سیاسی  حیزبی و دەوڵەتداری خۆیان.

ئەگەرچی مام جەلال لەدوو ساڵی كۆتایی تەمەنی دەسەڵاتی سەرۆككۆماریدا، لەڕووی جەستەییەوە لەپانتاییە سیاسییەكەی عێراق و كوردستانیش دووركەوتبووەوە، بەڵام هێشتا لەو ماوەیەدا ڕێبازو بیركردنەوەكانی باشترین سێبەرێك بوون بەسەر پڕۆسەی سیاسییەوەو ئەگەر وەك هێمایەكیش بێت هێزێكی تایبەتی بەپڕۆسەی سیاسی لەكوردستان و عێراق و ناوچەكەیش بەخشیبوو.

ئەوەی لەشەش دەیەی ڕابردوودا هێزی سیاسی مام بووە، لەلایەك لینگی جەستەو لەلایەكیش لۆژیك بووە بەكۆی ڕووداوو سیاسەت و ژینگەی سیاسی وڵاتانەوە.

هەستكردن بەبۆشایی و نائامادەییشی لەپانتاییە سیاسییەكەدا لەڕووی جەستەییەوە دواین خاڵی دابڕانی مام جەلال نییە لەدنیای ئێمەدا، بەپێچەوانەوە هێشتا دەرفەتێكیترمان دەداتێ رێبازو بیركردنەوەو فەلسەفەكەی لەسەر سێ پانتایی جوداو لێكتر نەچوو پشتی پێببەسترێت و ببێتە ڕێبازی نوێی كاری سیاسی:

یەكەم/ لەسەر ئاستی حیزبێكی سیاسی گەورەی وەك "یەكێتیی نیشتمانی كوردستان". سوود لەبۆچوون و تێڕوانین و دنیابینییەكانی مام ببینرێت و لەجێگەی سیحری گۆچانەكەی، چیتر سیحری وشەو ڕستەو وتارەكانی بكرێتە خاڵی پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتیی.

دووم/ لەسەر ئاستی كوردستان. ئەوەی مام جەلال لەناوخۆی كوردستانداو بەتایبەت لەدۆخی شەڕی ناوخۆدا ئەنجامیداوە، كردەیەكی هەم سیاسی هەم دپلۆماتی و هەم كوردانەو هەم مرۆڤانەیشە. بەڵام لەغیابی مام جەلالدا كەلێنی سیاسی كەوتەوە نێو پڕۆسەی سیاسی و تەبایی نێوان لایەنەكانی كوردستان تێكچووەو هەڕەشەی جارێكیتری دووئیدارەیی دەبیستین.

بۆیە دەكرێت مانیڤێستۆی تاڵەبانی جارێكیتر بكرێتە ئەجێنداو سیناریۆو نەخشەو فۆرمێكیتر لەسیاسەتكردن بۆئەوەی ڕووداوەكان لەڕێچكە دەرنەچن.

سێیەم/ لەسەر ئاستی عێراق. ئیشكردن لەجوگرافیایەكی سیاسی فرەڕەنگی وەك عێراقدا، گەلێك زەحمەت و پڕسەرئێشەیە، بەكەسێكی وەك مام جەلال نەبێت بەكەس نەكراوە. ئەوەیشی لەدوای خودی مام جەلال چاوەڕێ دەكرێت، كەسێكیتر نییە بێت و شوێنی مام جەلال بگرێتەوە، بەڵكو ئەوە ڕێبازو بڕواكانی مام جەلالە دەكرێت بكرێتە وانەیەك و هەموو هێزە سیاسییەكانی عێراق بیخوێننەوە!.

دواجار ئێمەی كوردو گەلانی عێراقیش چلەی ژیانئاوایی مام جەلالمان بینی. مام لەپانتاییە سیاسییەكە نەما. پانتاییە سیاسییەكەیش چۆڵ بوو بۆ هەندێك هێزی سیاسی كە ئەگەرێكی نزیكە ڕووبەڕووی یەكتر ببنەوە، چونكە بەپێی بۆچوونێكی (حەسەن عەلەوی) "پێشتر بەهۆی سیاسەتی مام جەلالەوە نەیاندەتوانی ڕووبەڕووی یەكترببنەوەو شەڕی ناوخۆیی هەڵگیرسێنن". تەنها شتێك هیوابێت ڕێگری لەسەرهەڵنەدانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بكات، ڕێبازەكەی مام جەلالە ئەگەر هێزە سیاسییەكان بەهەمان تواناو بیركردنەوەی مام جەلالەوە هەڵیبگرن و ئیشی پێبكەن.


PM:04:15:12/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 69 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌