قەیرانی ناسنامە و نامۆبوون لەكۆمەڵگا

نیان محەمەد

كاتێك كەباسی قەیرانی ناسنامە دەكەین، واتای ئەوە نیە تاكێك خاوەنی ناسنامەو كارتی نیشتیمانی نییە. بەڵكو مانای ئەوەیە كەئەم تاكە بەهۆی ئەو كێشە دەرونی و كۆمەڵایەتی یانەی كەهەیەتی وایلێكردووە بە كۆمەڵگا نامۆبێت.
لێرەدا قەیرانی ناسنامە بریتیە لەهەستكردنی هەرزەكار بەونبوون لەناو كۆمەڵگا‌و نازانێت كە ئەو كێیەو ناشزانێت ڕۆڵی چییە لە ژیان، هەست بەبوونی هیچ دەرفەتێك ناكات كە بەهۆیەوە نرخی كۆمەڵایەتی خۆی بزانێت لە ژیانیدا خۆشەویستی بۆ هیچ شتێك نییە.    

یاخود قەیرانی ناسنامە پلەیەكی دڵەڕاوكێی جیاوازە پەیوەندی بەهەوڵدانی هەرزەكارەوە هەیە بۆ دیاریكردنی مانای بوون لەژیان لەمیانەی دۆزینەوەی ئەو پڕەنسیپ‌و بیروباوەڕانەی كە بۆی گونجاوە لەئامانج‌و ڕۆڵەكان‌و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان كەخاوەن بەهایەكن لەسەر ئاستی كەسیەتی‌و كۆمەڵایەتی. یان بریتیە لەنەتوانین‌و تێكچوون‌و شڵەژانی تاك، بۆ وەڵامدانەوە بەپرسیاری من كێم؟ نەبوونی هاوسەنگی ڕوحی‌و ڕەوانی، جیابوونەوە لەخودو نامۆبوون لەگەڵ وجودو ڕەوانی خودداو هەستكردن بەنەتوانین‌و هەستكردن بەپوچی‌و هەڵاتن لەكۆمەڵگای ڕاستەقینەی خودو لادان لەبەها كۆمەڵایەتییەكان‌و یاساكان‌و داب‌و نەریت‌و حوكمی كۆمەڵگاو ڕەنگدانەوەو پەیڕەویكردنی لەكۆمەڵگایەكی تر كە لەگەڵ وجودو هەستی تاكەكەدا نەگونجێت.

كاتێك بەهۆی هەندێ فاكتەری نەریتی دەورووبەر كە دەبنە رێگر لەبەردەم خواستەكانی تاك‌و مەیل‌و بۆچوون‌و پێگەی كۆمەڵایەتی‌و كەسایەتی ئەو كۆسپ‌و تەگەرەیە لەبەردەم خواستەكانی تاك‌و دەربڕین لەناخەكانی خودی خۆی بەهۆی داب‌و نەریت‌و ڕێسای كۆمەڵ، ئەوا تاك تووشی ون بوون دەبێت‌و هەستدەكات ناتوانێت بەشێوەیەكی درووست حەزەكانی خۆی‌و ئاوات‌و هیوایەتەكانی وەكو خۆی دەیەوێت گوزارشتی لێوە بكات، ئەوا هەردەم لەدڵەڕاوكێ‌و پەشۆكاوی دەژیت، هەستدەكات جێگای نابێتەوەو دونیای لێ تەنگ بووەو هەست بە سستی دەكات، لە پەیوەندیە خودییەكان‌و كۆمەڵایەتییەكان‌و تاك ناتوانێت لە كێڕڤی نامۆیی دەروونی هاوسەنگی درووست بكات، هاوژیانی لەگەڵ ژینگەو دەوروبەر بدۆزێتەوە.

 بۆیە بەردەوام تاك هەست بەنەخۆشی دەروونی دەكات‌و گەلێجار ناتوانێت هاوسەنگی ئەو هاوكێشە كۆمەڵایەتییە بكات كە دەڵێت "نە من لە ئێوە تێدەگەم‌و نە ئێوەش لە من تێدەگەن"، ئەو كاتە لەدەورووبەر دوور دەكەوێتەوە بە كۆمەڵگایەكی سلبی دادەنێت‌و كۆمەڵگا بەسەربازگە دەشوبهێنێت وەكو دەزگایەكی سەركوتكردنی حەزوو ئارەزووەكان‌و داچەپاندنی مەیل‌و بۆچوونی كە ناتوانێت لەم سەربازگەیە گوزارشت لە بۆچوونەكانی خۆی بكات.

بۆیە هەست بە نائارامبوون دەكات لە حاڵەتێكدا كە دەروون نەخۆش دەبێت یان دوور دەكەوێتەوەو گۆشەگیر دەبێت لە هەموو چالاكیە كۆمەڵایەتی‌و ڕۆشنبیری‌و ژینگەی سست دەبێت‌و دەوری نابێت یان بۆ دەربازبوون لەو حاڵەتە دەروونییە، ئەوە لادەر دەردەچێت‌و بەنەشاز هەڵسووكەوت دەكات لەگەڵ دەورووبەر ناگونجێت‌و دەبێتە جێگای سەرنجی كەسانی ترو لەگەڵیان ناژیت.

 لە هەردوو حاڵەتدا لەم گێژاوەدا خۆی ون دەكات كەسایەتی ون دەبێت. هۆكاری ئەمەش لە ژینگە دروست دەبێت نەك تاك لە ڕێگای بۆماوە بۆی بگوازرێتەوە، لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەكی زانستیانە شیكردنەوەی هۆكارەكانی ئەم دیاردەیە بكەین، ئاوا دەبێت لەنێو خەرمانی دامودەزگا كۆمەڵایەتیەكاندا بۆیان بگەڕێین كە ئەوانیش بریتین لەخێزان‌و قوتابخانەو هاوڕێ جێگاكانی خودا پەرستی‌و ئامرازەكانی ڕاگەیاندن ... هتد.

تێبینی/سودم لەچەند سەرچاوەیەكی زانستی سایكۆلۆجی وەرگرتووە بۆ نوسینی بابەتەكە.



PM:12:06:12/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 247 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌