هەنگاوی دووەمی فیستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی، لە حەوت ڕۆژدا

عه‌بدولوه‌هاب شوانی
خوێندنەوەیەكی هونەرمەندانە، بۆ تاكی كۆمەڵگەی كوردی
عەبدولوەهاب شوانی*
بەدەر لە كاریگەرییە ئاینی و كەلتووری و داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان و بەدەر لەخوێندنەوەی كەسی و بێ گشتاندن و بەڕەها قسەكردن، بگرە لە ڕوانگەی دیدگایەكی واقیع بینانە و ڕاستگۆیانە و سەردەمیانە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵات بە كۆمەڵگەی كوردیشەوە كۆمەڵگەیەكی خێڵەكی و كارێزما كوژە، تاك لەسەر بنچینەی" (تۆڵە و ڕق و جیاوازی) پەروەردە دەكات، كۆمەڵگەیەكە كە ( سوپاس و دەست خۆشی و ببوورە) نەبۆتە كلتوور تیایدا.
بۆیە ئەم فەرهەنگە خراپە لە نێو هەموو كایە (ڕامیاری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و ڕۆشنبیری) كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵات و جیهانی سێیەم" ڕەنگی داوەتەوە، كە كۆمەڵگەیەكە تاكەكانی قەبارەی خۆیان نازانن هەمیشە گەورەتر لە قەبارەی خۆیان و بەرزتر لە بەژنی خۆیان دەدوێن و بەرزدەبنەوە، تاكەكانی هەرگیز بەرگەی بچوكترین ڕەخنە و كەمترین فەرامۆش كردن ناگرن و دەتەقنەوە و باش و خراپ تێكەڵ دەكەن.
لەم كۆمەڵگەیانە هەرگیز دەست خۆشی و پشتگیری نەبۆتە كلتوور، چونكە پەروەردە لە ڕەگەوە تاكێكی دڵ گەورەی درووست نەكردووە بۆ نێو كۆمەڵگە كە گیانی هاوكاری و رێزی تیدا ئامادەبێت.
تاكێكی بەرهەم هێناوە لەخۆشی لە خۆبایی دەبێت و ئاگای لە دەوروبەری خۆی نامێنێت و قەبارەی خۆی وون دەكات، لە هەمان كات لە ناخۆشی ئاگای لە خۆی نامێنێت و بەهەمان شێوە قەبارەی خۆی وون دەكات و دەیان هەڵس و كەوتی سەیری لێ دەردەكەوێ.
لەم كۆمەڵگەیانە تاكەكان دەیانەوێ بە كەمترین ماندووبوون، زۆرترین شتیان دەست كەوێ، بە كەمترین توانا زۆترین دەسەڵاتیان هەبێت، بە كەمترین تەمەن زۆرترین بەرهەمیان هەبێت، بە كەمترین هەوڵ زۆرترین دەستكەوتیان هەبێت.
لەم كۆمەڵگەیانە، كەسانێك لە هەوڵ و تیكۆشان و شەونخویندان كەچی كەسانی تر لەسەر خوانەكان بە قات و ریباتەوە دەبینرێن.
هەمیشە لەم كۆمەڵگەیانە، یاریزانە ڕاستەقینەكان وون دەبن و یاریزانە یەدەگەكان دەبینرێن و دەست خۆشیان لێ دەكرێ و ئەوان دێنە پێشەوە و پاڵەوانەكانیش دەكشێنەوە و گۆڕەپان بۆ ئەم یاریزانە خراپانە چۆڵ دەبێت.
بەو ئەزموونەی لە فیستڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان لە هەولێر هەمە وەك بەڕێوەبەری كارگێڕی و ئەوەش كە لە فیستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی وەك میوانی حەوت ڕۆژ بینیم، ڕووخساری كارەكتەری كۆمەڵگەی كوردیم زۆر جوان بۆ دەركەوت كە بەشی دەیان توێژینەوەی دەروونی و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی دەكات ، ئەو خوێندنەوەی منیش هەر تەنها بۆ كارەكتەرەكانی بەشداربووی نێو ئەم فیستڤاڵانەیە و ئەوانەش كە لەدەرەوەی فیستڤاڵەكان دەیانەوی بە هەموو شێوەیەك لە فیستڤاڵ بدەن و ڕووخساری فیستڤاڵەكان ناشیرین بكەن.
فیستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لەم خولەیدا بەژن و باڵای بەرزتر دەركەوت لەگەڵ ئەم هەموو ڕوداوانەی هاتنە پێش، یەك لەوانە" وەفاتی جەنابی سەرۆك مام جەلال، بەڵام ڕازاوەیی و شۆخ و شەنگی و بەژن و باڵای زراڤی فیستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی وەك ڕۆژی ڕووناك دیاربوو، هەندێ كەم و كورتی و كێشە لە پڕ دروست دەبن لە گشت فیستڤاڵەكانی جیهان، بەڵام ئەمانە هەرگیز نابێت گەورەتر بكرێن لە قەبارەی خۆیان و لەبەرچاوبگیرێن لەچاو فیستڤاڵێكی گەورە كە ئامانجی زۆر مەزنتری هەیە، گەورەكردنی ئەم كەموكورتیە بچووكانە و بچوككرددنەوەی ئەم پەیامە گەورەی كە فیستڤاڵ هەڵیگرتووە لە عەقڵ و زیهنی تاكی كۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات هەمیشە ئامادەگی هەیە.
لەم كۆمەڵگەیانە یەك سیاسەت پەیڕەودەكرێ ئەویش ئەوەیە بۆ من نەبێت، نابێت بۆ كەس بێت، یاخود ئەگەر خەڵاتی فیستڤاڵ بۆ من بوو، فیستڤاڵێكی باشە، ئەگەر بۆمن نەبوو زۆر خراپە، لەژێر كارلێكی تەسكی بەرژەوەندییە كەسییەكان لە فیستڤاڵ و كایەكانی تر دەڕوانن.
فیستڤاڵ منی تیدا نەبوو خراپە، و بگرە هەرچی عەیب و عارە دەیخاتە پاڵی و ئەگەر منیشی تیدابوو زۆر باشە.
ئەمە هەر ئەو تۆمەتیە دەخریتە پاڵ فیستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی و فیستڤاڵەكانی تر، لە كاتێك سینەماكار و هونەرمەند كە فیلمی بەشدارە، دەبێت بەهەموو ئەنجامێكیش رازی بێت، ئەوە لێژنەی دادوەرانی فیستڤاڵە لەژێر چەند یاسا و ڕێسایەك بڕیاردەدەن كەوا كێن ئەوانەی خاوەن براوەی خەڵات، نەوەك میزاجی كورتبینی چەند كەسێك.
ئاخر لە كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵات و جیهانی سێیەم، زۆربەی تاكەكانی بە چەندین ماسك دەردەكەون و تۆ هەرگیز ڕووی ڕاستەقینەیان نادۆزیتەوە ئەوان لە پشت سەدان ماسك و دەمامك خۆیان شاردۆتەوە و زۆر جاریش كە ئەو ماسكە دادەماڵرێت و حەقیقەتی ئەو كارەكتەرانەت بۆ دەردەكەوێ كە بۆنی گەنیویان سەد رۆژ دەڕوات و لە گەورەیی مرۆڤ بوون كەم دەكەنەوە و دەبنە نموونەیەكی زۆر خراپی مرۆڤ و لە مرۆڤ بوون بێ ئومێدمان دەكەن و لەم قەرەباڵغیەوە هەستی تەنیایی دامان دەپۆشێت و نامۆبوون هەناسەمان پڕ دەكات و دەگەڕێتەوە ئەو بڕیارەی بە تەنیا دەبێت هەنگاو بنێین و بەسەر پلیكانەكانی سەركەوتن بڕۆین.
ئاخر هیچ كاتێك بۆ ئەوەی شاعیرێكی باش بیت پێویستت بە بڕوانامەی بەشی كوردی نیە لە زانكۆ، بۆ ئەوەی گۆرانی بێژێكی بەنێوبانگ و سەركەوتووبیت پێویستت بە بڕوانامەی هونەرەجوانەكان بەشی موزیك نیە، بۆ سینەماش بەهەمان شێوە, چونكە هونەر بە هەموو بەشەكانیەوە دەبێت لە زاتی تۆ دابن، بە كاغەزێكی ئەی فۆر ئەوەی لە زیهنت هەیە زیاد ناكات ئەگەر هونەر لە وجودی تۆ نەبوو، ئاخر كەسێك نەتوانی دوو رستەی جوان بە زمانی كوردی دەربرێت چۆن دەتوانی تۆ دوو دێر شیعری جوان بنووسێ، ئەگەر سینەماكارێك دوو خەیاڵی جوانی نەبوو، دوو ووشەی جوانی دەست نەكەوت لە خەیاڵ و دوو ڕستەی جوانی پێ نەخوڵقا، قوڵایی نەبوو لە بیركردنەوە و قسەكردن چۆن دەتوانێ دوو كاری جوان بهێنێتە بوون، خۆ (یەڵماز گۆنەی) كە بە باوكی سینەما كوردی دەناسرێت، دەرچووی بەشی یاسا بوو، ئەوەی یەلماز گۆنەیی درووست كرد بڕوانامەی بەشی سینەما نەبوو، نەخێر ئەزموون و خەیاڵ بەرزی و قوڵایی زیهنی ئەوبوو بۆ هونەر و سینەما و سینەما لە زاتی ئەو بوونی هەبوو.
مرۆڤ قوڵایی نەبوو نەبوو ناتوانێ كاری جوانیش ئەنجام بدات، ئەوە بۆ هونەرمەند و سینەماكار زیاتر پێویستە ئەم قوڵاییە، چونكە لە هونەر تەنها قوڵاییت پێویستە لەگەڵ ئەزموون.
بۆچی كەم كاری سینەما ئێستا ڕامان دەچڵەكێنێ، وەڵامەكەی ئاسانە چونكە قوڵایی تیدا نیە تەنها بەڕێكردن و زیاتر كردنی ژمارەی فیلمە و پڕكردنەوەی سی ڤی یە و هیچتر.
فێكتۆ هۆگۆ دەڵێت: جوانی با نەبێت، ئەگەر هەشە دەبێت ڕاچەڵەكێن بێت، زۆربەی ئەوەی دەیبینن لە هونەر و لە سینەما و موزیك جوانی نیە، بۆیە ڕامان ناچڵەكێنن.
كاتێك سینەماكارێك تەنها لەبەر ئەوەی فیلمەكەی وەرنەگیراوە لە فیستڤاڵ یاخود وەرگیراوە و خەڵاتی نەبردووە، فیستڤاڵێك دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەكاتێك ئەو بۆ جارێكیش بیری لە قەبارەی خۆی و قەبارەی كارەكانی خۆی نەكردۆتەوە لە چ ئاستێكە، ئەوەی گشت كایەكانی لەم كۆمەڵگەیانە ئیفلیج كردووە و تووشی نەزۆكی كردوون، تێنەگەیشتنە لە قەبارەی خود و قەبارەی كار، ئەوانەی كە قەبارەی خۆیان نازانن ئەوانە خەمبارترین كارەكتەرەكانی نێو كایەی هونەرن، ئەوانە لە جێگەی خۆیان چەقیون و هەنگاوی بەرزتر ناتوانن بهاوێن، چونكە ڕێگەكە لەبەردەمیان ڕۆشن نیە.
ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێ بۆیە دەمەوێ لە كۆتایدا قسە لەسەر لایەنی كارگێڕی فیستڤاڵ بكەم، كە لەم ڕووەوە فیستڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی" ئاستێكی زۆر بەرزی پێوەدیاربوو، بەهۆی بوونی ستافی كاری فیستڤاڵ و ستافی خۆبەخشی فیستڤاڵ كە هەموویان بە سیستەم كاریان كرد و هەموو ئاستی خۆیان و پسپۆڕی خۆیان و شوێنی كاری خۆیان و سنووری كاری خۆیان دەزانی، ئەگەر نەبووبن بەهۆی ئاسانكاری بۆیەكتر هەرگیز نەدەبوونە بەربەست بۆ هاوكار و هاوڕێكانیان، ئەم ڕووخۆشی یە لە ڕووخساریان و ئەم ڕێزەی لە میوان و سینەماكارانیان دەگرت نیشانەی كۆمەڵگەی زیندوو و شارستانی و ڕۆشنبیری شاری سلێمانی بوو و لە هەمان كات خاڵێكی گرنگی سەركەوتنی ڕووی ئەتەكێت و لایەنی كارگێڕی فیستڤاڵ بوو.
مامۆستای ڕاستەقینە خاوەن ئەزموونەكانن، بەرێوەبەرانی فیستڤاڵ سەلماندیان ئەوان مامۆستای ڕاستەقینەن، سەلماندیان كەوا سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە و هەموو هەنگاوە گەورەكانی هونەر و فەرهەنگ و كلتووری لەوێوە سەرچاودەگرێ و هەنگاو دەنێ.
فیستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی هەنگاوی گەورەی نا و لە داهاتوو ئەگەر بەم گڕووتینەوە بەردەوام بن و هەنگاوەكان بەرزتر دەبن و دەبنە جێگەی ئومێدی ڕاستەقینەی هونەرمەندان و سینەماكاران.

* نووسەر و دەرهێنەر، ماستەر لە یاسا و كارگێری گشتی


AM:08:27:12/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 25 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌