بەرەی توركمانی گروپێكی بە ژاوە ژاو

هەندرێن شێخ ڕاغب

خۆم وەكو كوردێك تاڵاوی ژێردەستەییو بێ مافی دەزانم، بۆیە لەگەڵ تەواوی هەموو مافێكی نەك توركمان، بەڵكو گشت پێكهاتەكانی ناو گەلی كوردستانم..لەساڵی 2003ەوە كە پرۆسەی ئازادی عێراق بەڕێوەچوو، صەدام ڕما..گرنگی زۆرم بە مەلەفی عێراق داوە، بەڵام كەموكورتی تێگەیشتنم ئەوەبوو كەمتر بەلای گروپ و كەمینەكاندا چووم، كە یەكێك لەمانە پێكهاتەی توركمانن، بەتایبەت لە كەركوك..ئەم توركمانانە بەهیچ رازی نین..كەس نازانێت چیان دەوێت، دژی كوردن، بۆچی؟ نازانم..دەبێت كورد بەو رادەیە جەورو ستەم و خراپەكاریان كردبێت لەكەركوك كە بەم جۆرە بەرەی توركمانی رۆژانە ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن..دەبێت كورد لە دوزخورماتوو كام ماڵی توركمانی تەقاندبێتەوەو سوتاندبێتی كە بەمجۆرە خەریكی ئەنفال و دەست درێژی و كوشتن وكاولكاری ماڵ و حاڵی كوردن. ئایا ئەمانە بەفیتی توركیا وادەكەن و پڕۆژەی سیاسی وستراتیژی توركیایە بەم جۆرە گوزارشتی لێ دەكەن یان توشی نەخۆشیەكی قەومی چروك بوون؟؟..بەرەی توركمانی نەمدیوە رۆژێك قسەیەكی خێر لەسەر كورد بكات. ئایا بەڕاستی كورد ئەوەندە خراپە تاوەكو ئەوانە بەمجۆرە دژی كورد بن؟؟.

ئێمە دەستی تەوقەمان بۆ توركیا درێژكرد، كەچی ئەوان مكوڕترن لەسەر دژایەتی كورد. لەوەش گرنگتر كە هیچ دەوڵەتێكی عێراق و عەرەبێك بۆی نەكردوون، كە هیچ دەسەڵاتدارێكی عێراق بۆی نەكردون پڕۆژەكەی مام جەلالە..بەرەی توركمانی هیچ وەفایەك، بەقەدەر نوكە دەرزیەك وەفایان بۆ مام جەلال نیە، ئەوەی ئەو بۆی كردن باب وباپیری خۆشیان بۆی نەكردون، مام جەلال هاتە كەركوك و گوتی لە 32% بۆ هەموان، واتا قەومێكی بچوكی وەكو توركمانەكانی هێنایە ریزی دەیان ملیۆن عەرەب و دەیان ملیۆن كورد..؟ گوتی لە كەركوك دەبێت وەكو عەرەب و كورد براو خوشكانی توركمان لە 32% پێ بدرێت، ئەگەر لەمە ورد بینەوە ئەوەی مام جەلال و كورد بۆی كردوون نەك دەوڵەتی توركیا و عێراق، وەك گوتم باب وباپیری خۆشیان شتی وایان بۆ نەكردون..تەماشای لێدوانیان دەكەم زۆر بە كۆنە قینەوە باسی كورد دەكەن. پێشمەرگە نەیهێشت كەركوك بكەوێتە دەستی داعش، عەرەب وتوركمان و مەسیحی و كوردی پاراست، بەڵام زۆر سەیرە

بەرەی توركمانی و هەندێ هاوڵاتی توركمانی داعشیان پێ باشترە لە پێشمەرگە و هیچ وەفایەكیان نیە بۆ پاراستنی كەركوك لەلایەن كوردەوە..بەرەی توركمانی ژاوە ژاوی نابڕێت، ئێستا تاكە گروپێكە خەریكی دوژمنایەتیەكی خەست وخۆڵی كوردە لە كەركوك و خورماتوو ناوچەكانی دیكەی دەست حەشدی شەعبی. جەیشی عێراقی موبارەك دەكەن و رۆژانە لەفەیسبوك كۆمێنت و نوسینی پاڵەوانانەو رزگاركەرانە بۆ حەشدی شەعبی و جەیشی عێراق دەنوسنو بڵاودەكەنەوە..سەیرە ئەمانە هیچ ئاگایان لە مام جەلال نەماوە كە 32% هەموو كەركوكی پێدان؟؟. دەیانەوێت عێراقی بن و خزمەتكاری عروبەو حەشدی شەعبی بن. گرنگ ئەوەیە دژی كورد بن ..گرنگ ئەوەیە كورد نەگەڕێتەوە كەركوك..كورد بۆتە مۆتەكەی بەرەی توركمانی و بەشێك لە هاوڵاتیە توركمانەكانی كەركوك..ئەوان لە دوزخورماتوو خەریكی كوشتن وئاوارەكردنی كوردن، بەڵام پرسیارێك لەخۆیان ناكەن كە پێشینانی كورد دەمێكە فەرمویانە: رۆژانی داهاتوو زۆرترن لەوانەی چوون؟.


PM:03:30:03/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 78 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌