ئه‌گه‌ر بڕیارتان پێ نادرێت چاكتره‌ بڕۆن

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی چیتر له‌ توانایدا نه‌ماوه‌‌ كه‌ بڕیار بدات و داكۆكی له‌ ناوه‌ گه‌وره‌كه‌ی حزبی شه‌هیدان و مام و پیرۆزیه‌كانی یه‌كێتی و ژیانی خه‌ڵك و كادران و ته‌نانه‌ت بنكه‌ و باڕه‌گاكانی خۆی بكات ئه‌وا باشتره‌ به‌ زوویی بڕۆن و یه‌كێتی جێ بهێڵن……

ئه‌و په‌ڕی شه‌رمه‌زارییه‌ كه‌ له‌ ناو ریزه‌كانی یه‌كێتیدا و به‌ پاره‌ی یه‌كێتی و له‌سه‌ر لاشه‌ی یه‌كێتی چه‌ندین حزب دروست ببێت و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌مان مێش میوانی نه‌بێت.. خیانه‌ته‌ كه‌ هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی سكرتێری گشتی و لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری و به‌رپرسی هێزه‌كانی هه‌فتا پاش چه‌ندین جار جیابوونه‌وه‌ و حزب دروست كردن و سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ و ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كێتی كردوویانه‌ و ئه‌و هه‌موو تۆمه‌ت به‌خشین به‌ ( خیانه‌ت) ه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌یده‌نه‌ پاڵ یه‌كێتی هه‌ر له‌سه‌ر یه‌كێتی حیساب بكرێن و سه‌ركردایه‌تی هێشتا جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌ بێت كه‌ نه‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات و نه‌ راستی و دروستی بابه‌ته‌كه‌ بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌ربخات و نه‌ بڕیار له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ بدات و نه‌ بێته‌ ده‌نگ …

هه‌ر هه‌مووان چاك ئه‌زانین كه‌ یه‌كێتی یه‌كێتیه‌كه‌ی جاران نه‌ماوه‌ و ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ یه‌كێتی ڕاگرتوه‌ جه‌ماوه‌ر و قاعیده‌ی یه‌كێتیه‌ نه‌ك ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ناو خودی یه‌كێتیدا هه‌وڵی له‌ ناوبردنی ئه‌ده‌ن و ئه‌وانه‌ی كه‌ یه‌كێتیان كرده‌ پاشكۆی حزبێكی خاك و گه‌ل و نیشتیمان فرۆشی وه‌ك پارتی ..و ئه‌وانه‌ی كه‌‌ پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی ڕێكخستن وه‌ك خوڵام و به‌كری گیراو ده‌هۆڵیان بۆ رێفڕاندۆمه‌ شومه‌كه‌ی كابرای كورسی په‌رست لێ ئه‌دا و سه‌ریان بڕۆیشتایێ زیاره‌تی پیرمامیان نه‌ئه‌ڕۆیشت .. ئه‌وانه‌ی كه‌ رێگر بوون له‌ جێبه‌جێ كردنی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان و ئه‌وانه‌ی كه‌ گوێیان به‌ هات و هاواری كادرو ئه‌ندام و كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی نه‌دا و تاوه‌كو ئێستاش باكیان به‌ كه‌س نیه‌ ..و ئه‌وانه‌ی كه‌ وه‌ك گه‌نه‌ له‌ملاوه‌ خوێنی یه‌كێتی ده‌مژن و له‌ولاوه‌ باس له‌ رێبازو چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ی مام ئه‌كه‌ن… و ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ره‌ به‌یان هێزی زێره‌ڤانی ئه‌هێننه‌ ناو سلێمانیه‌وه‌ بۆ سه‌ركوت كردنی خۆپیشانده‌ران و ئێواره‌كه‌ی باس له‌ مافی ڕه‌وای خه‌ڵك ئه‌كه‌ن..!! ئه‌وانه‌ی كه‌ دینارێكیان له‌ گیرفاندا نه‌بوو و ئه‌مڕۆكه‌ بوونه‌ته‌ ئۆناسیس و شه‌ق له‌ بیره‌ نه‌وت هه‌ڵئه‌ده‌ن و له‌ میدیاكاندا بۆ حاڵی خۆیان ئه‌كڕوزێنه‌وه‌..!! ئه‌وانه‌ی كه‌ تۆمه‌تی خیانه‌تیان دایه‌ پاڵ یه‌كێتی بۆ پشتیوانی كردنیان له سیاسه‌ته‌ چه‌وت و بڕیاره‌ نادروست و شكسته‌ یه‌ك دووا یه‌كه‌كانی‌ بارزانی و رێفڕاندۆمه‌ سه‌رخۆره‌كه‌ی….. به‌ڵێ ئێستاش هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ ڕێگرن له‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی ببێته‌وه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی جاران و له‌ گۆنگره‌ ده‌ترسن..

جا بۆیه‌ یا ئه‌وه‌تا سه‌ركردایه‌تی ده‌بێت (پیاوانه‌) دابنیشێت و بڕیاری خۆی سه‌باره‌ت به‌ به‌رهه‌م ساڵح و داروده‌سته‌ و حزبه‌ تازه‌كه‌ی و ئه‌وانه‌ بدات كه‌ یه‌كێتی به‌ كه‌ركوك فرۆش و كوردستان فرۆش ناو ئه‌به‌ن و یانیش باشتره‌ تاك به‌تاكیان بڕۆنه‌وه‌ ماڵه‌كانی خۆیان و یه‌كێتی بده‌نه‌وه‌ ده‌ست یه‌كێتیه‌كان واته‌ كادرانی ماندوو نه‌ناس و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌كان..

چاكتر وایه‌ هه‌مدیس به‌ندو خاڵ و بڕگه‌ی په‌یڕه‌وه‌ داماوه‌كه‌مان وه‌ك پاكانه‌ بۆ نه‌هێننه‌وه‌ چونكه‌ چیتر په‌یڕه‌و دادی كه‌سیان نادات و پێشتر زۆرم وت و گوێیان نه‌گرت و زۆر یه‌ك له‌ قسه‌كانم هاتنه‌ دی هیوادارم ئه‌مجاره‌یان قسه‌كانم به‌جدی وه‌رگرن ده‌نا هه‌قی قسه‌كردنیان نامێنێت…

AM:11:19:28/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 85 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌