كورد وەكو بارمتەیەكی سیاسی

ئیبراهیم عەباس

باوەڕناكەم هیچ رووداو و كارەسات و قۆناغێكی مێژووی رزگاریخوازی كورد لەباشووری كوردستان، بەقەدەر ریفراندۆمەكەی ئەیلولی ئەمساڵ، دەرخەری ئاستی بیركردنەوەو سیاسەت و دونیابینی ئەو نوخبە سیاسییە باڵایەبێت كە زیاد لە نیوسەدەیە دەستیان بەسەر بواری سیاسەت و 26 ساڵە دەستیان بەسەر حوكمڕانی و داهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا گرتووە.

ریفراندۆم دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ ئەوەی ورد ورد، تێبفكرین و بزانین، ئاستی عەقڵی ئەم نووخبە سیاسییەی كورد چەندە؟ كە بەرهەمی خەبات و خوێن و تێكۆشانی كوردیان دەست بەسەردا گرتووەو وەكو بارمتە و دیل مامەڵە بەم بەرهەم و دەسكەوت و بوون و ژیانی خەڵكی كوردستانەوە ئەكەن.!

گەر نوخبەیەكی سیاسی بچوك، وەكو دیل و بارمتە مامەڵەی بەكوردەوە نەكردبوایە، ئەو هەموو شكستە گەورە مێژووییە بەسەر گەلەكەماندا نەدەهات، ئاخر گەر میللەت بارمتە نەبووبێت چۆن رێبەری شۆڕشی ئەیلول توانی بە یەك فەرمانی حەمە رەزا شا، ئاشبەتاڵ بەشۆڕشێكی ١٤ ساڵییەوە بكات؟ خۆ ئەنفالی بارزانییەكان لە ١٩٨٣ و پڕۆسەكانی ئەنفالی كورد لە بادینان تا گەرمیانی تەختكراو، بە هەڵەبجە دەوردراوی هێزە كوردییەكانیش كە كیمیا باررانی ئازاری ١٩٨٨ لێكەوتەوە، بەشێكی هەر پەیوەستە بەبارمتەكردنی نەتەوەیەك، بۆ هەمان نوخبەو كۆڕەوەكەی ٣١ ئاداری ١٩٩١ دوای ئازادكردنی هەرێمی كوردستان بە كەركوكیشەوە، بەشێكە لەو یارییەی كە سەرانی كورد وەكو بارمتە مامەڵە بە دۆزی كوردەوە ئەكەن.

پرۆسەی ریفراندۆم كە بارزانی بەسەر لایەنەكانیدا سەپاند، گەر ئامرازبوایە بۆ ئامانجەكانی خەونی بەدەوڵەت بوون و رزگاری یەكجاری نیشتمانی، هەرگیز كورد و ناوچە دابڕاوەكانی نەدەگەیاندە ئەم دۆخە، ئاخر هەر لە ١٠ی تەموزەوە كاتێك پەرلەمانی ئەوروپا دەرگایان بەسەر بارزانیدا نەكردەوە، ئاماژەی روون بوون كە سەرانی ریفدۆمچی ئەیانەوێت كورد وەكو بارمتە بۆ بەرژەوەندییەكانیان بەكاربهێننەوە لەدۆخێكدا ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی كوردی زۆر لاوازبوو. بێگومانیش هەموومان هاتنە سەر هێڵی وڵاتانمان لەبیرماوە، كە چۆن ئێران و توركیا و حكومەتی فیدراڵی عێراق و كۆشكی سپی و وەزارەتەكانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكاو ئەنجوومەنی ئاسایش و وڵاتە گرنگەكانی ئەوروپا لەناویاندا ئەڵمانیا و بەریتانیا، وڵاتی كەنەدا و دەوڵەتی عەرەبی سعودی... هتد، هەریەكەو بەچەندان جۆر داوایان لەبارزانی و سەركردەكانی ریفراندۆم كرد كاتی ئەنجامدانی ئەم پرۆسە نییەو ئەمریكییەكان بەدیلی پێوستیشیان پێشكەش كرد، بەڵام بارزانی دەستبەرداری عەقڵیەتی بەبارمتەگرتنی كوردەكان نەبوو، لەئەنجامدا هاوشێوەی میژووی رابردوو،كارەسات و نەهامەتیان بۆ كوردستان خوڵقاندەوە.

پێویستە ئەو راستییەش بڵێین ئەم عەقڵیەتەی سەركردەكانی كورد لەخۆیەوە نەهاتووە و پەیوەستە بەو سادەیی و ناهوشیاریی و  زوو زاكیرە خاڵیبوونەوەی ئێمە، بێگومانیش بۆ هەمیشە هەر دیل و بارمتەی ئەو نوخبە سیاسییە ئەبین، تا ئەو ساتەی بە ئاگایی و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ حزبەكان بەتایبەتیش لەكاتی پڕۆسەكانی هەڵبژاردنەكان ئەكەین، بەواتایەكی تر ئەوە ئێمەی هاونیشتمانی كوردین بەو دۆخە رازیبووین، ئەگەرنا هەرگیز نەدەكرا بۆ زیاد لەنیو سەدە بارمتەی چەند كەسێك بین، كە خۆیان لەسەر تێكۆشان و خوێنی ئێمە بوونەتە سوڵتان و شا، ئێمەش گیرۆدەی سەرەتایی ترین مافەكانی ژیانین. لەراستیدا ئەو نوخبە سیاسییەی كورد هاوشێوەی شوانەكان مامەڵە لەگەڵ نەتەوەیەك ئەكەن، كە هەمیشە بە گورگ ئەمانترسێنن! بەڵام ئەوەی ئەمان فرۆشێت و بەروبوومەكەمان ئەبات و دوایش سەرمان ئەبڕێت شوانەكانن نەك گورگەكان.!

رەنگە ئێستا خوێنەرانێك هەبن بپرسن چۆن ئەكرێت نەتەوەیەك بەدیل و بەبارمەتە گیرابێت و ئێمەش نەمانزانیبێت؟! بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە نموونەكەی گێڕانەوەكەی حامد جبوری وەزیری كاروباری سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بەسە، كە ساڵی رابردوو رۆژنامەنووس توانا عوسمان لەبیرەوەرییەكانی وەریگرتبوو. كەمن دەق وەكو خۆی دای ئەنێمەوە، ئەوسا خۆتان بڕیار بدەن گەر ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆك كۆماری عێراق دیلی دەستی سەدام بووبێت كە بەناو جێگری بوو؟! ئیتر چۆن هەموو عێراق دیلی سەدام و بەهەمان شێوەش هەموو كورد دیلی دەستی چەند كەس و خانەوادەیەكی سیاسی نابێت و هەمیشە وەكو كاڵایەك بەكارمان ناهێنن و كەیش حەزیان كرد كڕین و فڕۆشتنمان پێ ناكەن؟!.

بە سەرۆك ئەحمەد حەسەن بەكرم وت: ئەمەوێت دەست لەپۆستی وەزیری كاروباری سەرۆكایەتی كۆمار بكێشمەوە..
ئەویش وتی: پۆستێكی ترت ئەیەمێ..
وتم: نامەوێت هیچم ناوێت.. ئیستقالە دەكەم..
سەرۆك وتی: كەسمان ناتوانین ئیستقالە بكەین.. تۆ ئیستقالە ئەكەیت و ئەیدەیت بەمن، ئەی من ئیسقالە بكەم بیدەم بەكێ؟
وتم: بۆ كەسمان ناتوانین؟
وتی: چونكە بەدەستخۆمان نییە، هەموومان دیلین.. دیلین لەلای سەدام..


PM:03:32:03/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 46 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌