تێگەیشتن لە گۆشەگیركردنی بارزانی

ئیبراهیم عەباس

نائاسایی ترین كاری مەسعود بارزانی ئەو كۆبوونەوە بوو كە لە 7ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە سەری رەش كردی و بێ گوێدانە یەكڕیزی و رازیبوونی بەشێكی باڵادەستی یەكێتی و بێ حسابكردن بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی رۆژی 25ی ئەیلولی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاریكرد. بەڵام نائاسایی تر لەوە، هەموو ئەو هەڵوێستانەبوون كە حزبەكانی تر هاوشانی بارزانی و بنەماڵە سیاسیەكەی سەرئەنجام شانیان دایە بەر بەرپرسیارەتی پرۆسەیەكی مەترسیداری وەكو ئەنجامدانی ریفراندۆم.

راستییەكەی ئەم كارە بەتەواوی دەریخست كە بۆیە بارزانی و تیمی سیاسی بنەماڵەكەی دەتوانن ریسك و مجازەفە بەهەرێمی كوردستان بكەن، چونكە لە كۆبوونەوەی ژوورە داخراوەكان هەموو حزبەكان مجامەلەی ئەو پیاوە دەكەن كە چوار ساڵ بوو بەناشەرعی خۆی بەسەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێمدا سەپاندبوو. هەر ئەوەندەشنا پرسی ریفراندۆم دەریخست كە ئۆپۆزسیۆنی هەقیقی لە كوردستان نییەو دوای دیارنەمانی مام جەلال و كاك نەوشیروان ماڵی بارزانی كەس بەركابەری خۆیان نازانن. هەربۆیەش بێ ترسان لەدەرئەنجام و ترس لە مێژوو، نیوەی خاكی كوردستانیان بەداگیركردنەوەداو هەرێمی كوردستانیان گەڕاندوە بۆ گۆشەگیری ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو.

ئەوەی كە روونە ئاوتكردنی مەسعود بارزانییە لەلایەن عێراق و وڵاتانی درواسێ و ئەمریكاو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لێسەندنەوەی دەسەڵاتەكانییەتی لە 29ی مانگی رابردووە بەیاسایەكی پەرلەمانی كوردستان و لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە دوای سەردانێكی بارزانی و مەسروری كوڕی بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەناوچەكانی رۆژئاوای موسڵ، ئەمریكییەكان هەم سەردانی بارزانیان بۆ ناو هێزی پێشمەرگە قەدەغەكردو هەم مەسرور بارزانی بەرپرسی ئاژانسی پاراستنیان هاوشێوەی باوكی لەبڕیارە سیاسییەكانی كوردستان دوورخستەوە و گۆڕەپانە سیاسییە راگوزەرەكەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و تیمی حكومی سێ حزبەكەی تر جێهێشت.

ئێستا لە هەموو روویەكەوە بارزانی گۆشەگیركراوە، بەڵام بەراست ئەم پرسە تاكەی بەردەوام ئەبێت؟ ئایا چ دەروازەیەك هەیە مەسعود بارزانی سزای گۆشەگیربوونی لەسەر لابدرێت و بەجۆرێك لە جۆرەكان بگەڕێتەوە سەر گۆڕەپانی بڕیارە سیاسییەكانی كوردستان؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە تەنها لەدەست:

1ـ یەكێتی بەتایبەت باڵی ماڵی مام جەلال دایە، كە یەكێتی لەدەست پڕۆ پارتییەكان دەرباز بكەن و وەكو حزبێكی خاوەن ئیرادەی ئازاد لەپارتی خۆیان دەربخەن.

2ـ لە رادیكاڵ بوونی زیاتری گۆڕان و كۆمەڵدایە كە بەدەنگی بەرزتر داوای كورسییەكەی بارزانی و كورسی سەرۆك وەزیران بكەن.

3ـ لە ئازایەتی بەكردەوەی لیستە نوێكاندایە.

ئەو ئاوتكردنەی ئەمریكییەكان دژ بەبارزانی كردیان و رەزامەندی خەڵكی كوردستان و بەغداو وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدواداهات، بۆ ئەوە نییە تەنها بارزانی رۆژ بۆ رۆژ گۆشەگیرتر بكەن، بەڵكو بۆ ئەوەشە بەكردەوە حزبەكانی تر و خەڵكی كوردستان خۆیان وەكو بەدیلی بارزانی نیشان بدەن، كە من تا ئەم ساتەوەختە لەم خاڵەدا گومانم لە جۆرە بێ ئیرادەیەكی سەرجەم حزبەكاندا هەیەو بەرچاو روون نیم كە ئایا توانیویانە وەكو بەدیل و جێگرەوە خۆیان بەئەمریكییەكان و خۆرئاوا و دەوڵەتانی ناوچەكە بناسێنن؟ یان هێشتا بەتەمان:

1ـ حەشد بگاتە هەولێرو سەری رەش لەبارزانی بسەنێتەوەو دوایی دەسەڵات رادەستی حزبەكانی تر بكات؟.

2ـ یان بەنیازن بارزانی هەڵەی زیاتر بكات و هێندەی تر لە سەری رەش و بارزان گۆشەگیر بكەن؟.

كە بێگومان ئەمانە جۆرێكن لە خەیاڵ، بەڵام گەر ئیرادەیەكی پتەو بە دیبلۆماسیەت و پەیوەندییەكی باش لەگەڵ ئەمریكییەكان هەبێت، دوا بزمار لە تابوتی دەسەڵاتەكانی بارزانی دراوەو هەرگیز ناتوانێت ئایندەی كوردستان بخاتەوە دەست خۆیی و بەكردەوە ئێستا كوردستان لەقۆناغی دوای بارزانی دایە.


PM:04:09:12/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌