کەوتنی داهۆڵەکانی سیاسەت

ئارام قادر حەمەسور

داهۆڵ بەو دارە دەگوترێت کە لە ناو کێڵگەکان دادەنرێت لە شێوەی مرۆڤە، کراسێکی بەدووقۆڵەوە لەبەردایە و کەللەسەرێکی پەڕۆ و کڵاوێک و هەندێجار قژێکی دەستکردیش لە خۆ دەگرێت، داهۆڵەکان کاریان دروستکردنی ترسە، بەڵام ترسێکی دەستکردە و بۆ بەرژەوەندی بەکاردێت، دەبینین کاتێک چۆلەکەکان ڕوو لە ناو کێڵگەیەکی گەنم دەکەن بەڵام بە جوڵانەوەیەکی لەناکاوی داهۆڵەکە بەهۆی کاریگەری(با) تەواوی چۆلەکەکان دەترسن و دەفرن، داهۆڵ کاری گەیاندنی ترسە و کاریگەری خۆی دەکاتەسەر ئەوانەی ئەم ترسە بەڕاست دەزانن، ئەم ترسە زۆرکات بەرامبەر دوردەخاتەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکان، وەک گیڤارا گوتی ئەو چۆلەکەیەی لە داهۆڵ دەترسێت لەئەنجامدا لەبرسان دەمرێت، واتا ئەوانەی ئەم ترسە دوستکراوە بەڕاست دەزانن دەبنە قوربانی و خەڵەتاون.

داهۆڵ لە پەیوەندیدا بەسیاسەتەوە وێنای ترسی دەسەڵاتمان بۆ دەکات، کاریگەری وهمو سێبەرەکانی دەسەڵات دەردەخات بۆ کۆمەڵگا، دەسەڵات بەردەوام پێویستی بە کۆمەڵێک داهۆڵی سیاسی هەیە تا خەڵک بترسێنێت و بێدەنگیان بکات، کۆمەڵگا پاسیڤەکان ژینگەیەکی گونجاون بۆ داکوتانی داهۆڵەکانی سیاسەت و کاریگەریان دەبێت، دەسەڵاتە ستەمکار و دیکتاتۆرەکانیش داهۆڵ بەچەکی مانەوەیان دەزانن، داهۆڵە سیاسیەکان ترسی ڕاستەقینەی دەسەڵات نیشاندەدەن، بەڵام دەسەڵات خودی خۆینا بەڵکو لەڕێگەی داهۆڵەکانەوە ترس دابەشدەکات، دیوەشاراوەکەی داهۆڵ ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە، بەڵام داهۆڵەکان لە کۆمەڵگا ئەکتیڤەکان ناتوانن زۆر خۆڕابگرن، خەڵک دەزانێت داهۆڵەکان بریتین لە پارچە پەڕۆ و دار و وەهمی درۆزنانە، داهۆڵەکان نوێنەری دەسەڵاتن بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و مانەوەی سیستەم، خەڵکە خەڵەتاوەکە بڕوای بەم سمبولە ترسەی دەسەڵات دەکەن تا ئەوکاتەی هۆشیار دەبنەوە، وەک جوبران خلیل جوبران دەڵێت (داهۆڵ بێزارنابێت لە ترساندنی مرۆڤەکان و چێژی لێوەردەگرێت، ئەوانەش چێژی لێوەردەگرن کەوەک داهۆڵ مێشکی بە کا پڕکرابێت)واتا داهۆڵەکان شتێک نین جگە لە گەیەنەری ترس، خۆیان ترسی حەقیقی نین.

داهۆڵەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا هەندێ جار دەردەکەون بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵات، داهۆڵی خیانەتی نیشتمانی بەکاردێت بۆکپکردنی ئازادی و ڕەوایەتیدان بە تەخوین، داهۆڵی ترسی خۆپیشاندان و لەدەستدانی ئەزمونەکەمان زوو خۆنمایش دەکات، لە کاتێکدا مرۆڤ لێرە بۆتە برغویەکی بچوکی ناو مەکینەی دەسەڵات و زۆر بچوک کراوەتەوە، تاکی کوردی پارچە پارچەکراوە تاوەکو نەتوانێت خۆڕابگرێتەوە، لەم ژینگەدا دەبێت هێزێک دروست ببێت بتوانێت تاکی پارچەبوو کۆبکاتەوە و داهۆڵەکان ڕاماڵێت، دەبێت ترس لە گۆڕنرێت و خەڵک بێتە سەر شەقام، کۆکردنەوەی وزەکان پێکەوە هێزێک دروستدەکات داهۆڵ و ڕەگەکانی دەسەڵات دەردەهێنێت، کاتی کۆتای داهۆڵەکانە و ستەمکارەکانی مێژو بەدەستی خەڵک هەڵتەکاون، داهۆڵەکان ترسێکی درۆزنانەن شنەبا دەیانجوڵێنێت نەک خۆیان، داهۆڵەکانی سیاسەت بەرەو کەوتن دەچن کاتێک پاڵەوانانی فەیسبوک بێنە شەقام و ڕۆشنبیرەکانی ماڵەوەش بەپڕاکتیک ڕێبەرایەتی شەقام بکەن، کۆتایی داهۆڵەکان بەرەو گۆڕانکاری دەسەڵات دەمانبات و تەنیا پێویستی بە ئیرادەیە، ئیرادەیەک بتوانێت گەز لە دەسەڵات بگرێت و خەبەری بکاتەوە، وەک سوقڕات دەیگوت ئەسینا ئەسپێکی تەمبەڵە و منیش مێشی ئەسپم، دەمەوێت خەبەری بکەمەوە.

PM:02:17:06/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 53 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌