ئەگەر ئەم وێنانە ڕامان نەچڵەكێنێت!!

زانكۆ سەردار

بەوتەی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم، ئەو منداڵەی ناوی (یوسف)ە و لەلایەن دایكەوە زۆر نا مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ كراوە.

د. (محەمەد هاودیانی) وەزیر دەڵێت"یوسف تەمەنی 9 ساڵە، ماوەی دوو مانگە خۆراكی نەدراوەتێ‌، كێشی بۆ 10 كیلۆ دابەزیوە، لە جوڵە و رۆشتن كەوتووە".

ئەگەر ئەو دایكە ڕوبەڕووی سزا نەكرێتەوە، ئەوا پێویستە (جەنابی وەزیر دەستلەكار بكێشێتەوە، پاشان تەواوی دەزگا ئەمنیەكان شكستی پاراستنی ژیانی تاك ڕابگەیەنن و دەرگای تەواوی هۆبەكانیان دابخەن، پاشان سەرۆكی حكومەت جیا لە هەموو ئەو كێشانی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە، دەستلەكاركێشانەوە ڕابگەیەنێت)، دواتریش تەواوی رێكخراوەكانی منداڵان و ژنان و رۆژنامەنوسان دەستبەرداری هەموو هاشو هوشێك ببن.

ئەگەر ئەو وێنەیە ڕامان نەچڵەكێنێت، ئەوا پێویستە مرۆڤبونی خۆمان بخەینە ژێر پرسیارەوە و بڵێن"نەفرەت لە ژیانێك كە هیچ بەهایەكی ئەخلاقی و ئینسانی و جوانی تێدا نەبێت".

ئاخر ناگرێت سەڕەڕای هەبوونی ئەو هەموو قەیرانە جیاوازانەی بەهۆی دەستەڵاتی بەڕێوەبردنەوە ڕوبەڕووی ئەم هەرێمە بۆتەوە و جگە لەوەی كەس كێشەی لەگەڵ دۆخەكەدا نیە، هاوكات بەها بۆ ژیانیش بەتەواوی لەدەست بدەین و هەر بێدەنگ بین، رۆژانە بەبەرچاومانەوە ئەو هەموو دزی و ناعەدالەتیە هەیە، ئەو هەموو بێڕێزی و نائینسانیەتە هەیە، كەچی هەموومان بێدەنگ ژیان دەكەین.

لەماوەی ڕابردوودا كچێكی چوار ساڵان دوای ئەشكەنجەدانی لەلایەن باوكییەوە گیانی لەدەستدا، ئەمڕۆ دایكێك بۆ ماوەی نزیكەی دوومانگ خواردن ناداتە منداڵەكەی و سەرەڕای ئەوەش نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ دەكات، كەچی شتەكان بەسادەیی تێپەڕ دەبن و كەسیش نوتقەیەك ناكات، هەمووان لەسەر پارە و موچە و كارەبا و...هتد، بەردەوام فەرتەنەمانە و بەراست و چەپ جنێو دەدەین و قسە دەكەن و بەدەسەڵاتی كوردیدا دێینە خوارەوە، بەلام كاتێك دەبینین مەخولێقی بجكۆلە ڕوبەڕووی كاری نامرۆڤانە دەبێتەوە بێدەنگ سەیری دەكەین و فرمێسی تیمساحی هەڵدەڕژین، ئاخر كاتێك ژیان لەمەملەكەت بگاتە ئاستی نائینسانی و ئێمە بیدەنگ رابمێنین، ئەو ژیانە بەر نەفرەت بكەوێت باشتر نیە؟

لێرەوە پێویستە هەموومان (رۆژنامەنوسان)، رێكخراوەكان، بەرپرسانی حزبی و حكومی، هاوڵاتیانی ئاسایی و هەموو چین و توێژەكان، كەمێك بیر لە هەستی ئینسانی بوونی خۆمان بكەینەوە و بپرسین، هۆكاری بێدەنگ بوون لەئاست ئەو هەموو ناشرینیە چیە؟ بەراستی داماڵراوین لە ئینسانیەت؟ بەیاننامە و لێدوانی رۆژنامەوانی هەمووی كلاواتە، ئەوەی گرنگە ڕاچڵەكینمانە لەبەرامبەر ئەو وێنانەدا و پێویستە لانی كەم خۆمان منداڵ بكەینەوە بۆئەو ئاستەی لە ئازارەكانی منداڵان تێبگەین.

دیارە هۆكاری هەبوونی ئەو هەموو ڕووداوانەش، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە نەبوونی یاسایەكی تۆكمەی جدیەوە هەیە لە هەرێمی كوردستان، ئەگەرنا خۆ دەزگای ئەمنی و دادگا و داواكاری گشتیمان هەیە، بەڵام بۆ ئەم ڕووداوانە ڕوودەدەن؟ بۆیە ئەركی جدی و سەرشانی هەموو ئەو دەزگایانەیە بەمانای ووشە بێدەنگ نەبن، دواجار خۆشمان وەك مرۆڤ بەشێكی گەورەین لە هەبوون و دروستبوونی ئەو نائینسانیەتەی ڕوبەڕوومان بۆتەوە.


PM:06:09:06/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 78 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌