ئەنجومەنێک، بۆمانەوەی بارزانی‌

شێرکۆ حەمەئەمین

ئەمڕۆ پارتی و شاگردەکانی و دووکانە سیاسییەکان، لە حزوری میردا کۆبوونەوە و قەیرانێکی تریان بۆ هەرێم زیادکرد، بەوەی ئەنجومەنێکیان هاوشێوەی مەجلیسی قیادەی سەورە بەناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سیاسی کورد_ عێراق دروستکرد،کە بارزانی دەخاتە سەر و یاسا و دامەزراوەو لێپرسینەوەوە.

هاوکات ئەوپەڕی حەیاچون و ئیفلاسی سیاسی و دژە دامەزراوەیی ئەو گروپەنیشان دەدات، کە هەرگیز نایانەوێت وڵاتێکی دامەزراوەیی و پەرلەمانێکی کاراو بوێر و چالاک هەبێت، کە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی بکات.

ئەوەی ئەمڕۆ کراوە، زیادکردنی قەیراێکی ترە بۆ کوردستان و لێکترازانی زیاتری کۆمەڵگای کوردی و لایەنە کاریگەرەکانی کوردستان، هاوکات بەڵگەی دوفاقی ئەولایەنانەیە، کە نوێنەریان لەپەرمان هەیە و کەچی بەڵێ بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنێک دەکەن، کە دەیانەوێت شوێنی دامەزراوەکان و پەرلەمان بگرێتەوە.

ئەم ئەنجومەنە کە بەئیمتیاز بۆ بارزانی دروستکراوە، نشانەی ئەوەیە، ئەوگروپە هەرگیز نایانەوێت ئەم وڵاتە بەسیستم بکرێت و بنەماکانی دەوڵەت دروست بکرێت، بەڵكو ئەو شەرعییەتی نادامەزراوەییە هەربەردەوام بێت، کە جاران مەکتەبی سیاسی بوو، لەمەودوا ئەنجومەنی سیاسیی کورد دەبێت،کە گەڕانەوەیەوە، بۆ دواوە و خوڵقاندنی قەیرانی زیاتر و نابوتکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، کە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان نەبینن.

PM:02:21:12/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 109 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌