ئولفەت

د.شێرکۆ عبداللە

-چییە كەلـلەپووت زۆر قەلەقی، جێ‌ بەخۆت ناگری؟

× ئەبێ‌ بڕۆم بەگم. مەوعیدی هینمان هەیە، گوێگرتن.

ـ گوێگرتن لە قسەی راست؟

× حەیفت نەكرد قوربان؟ هەتا درۆ وەستابێ‌ كێ‌ تاقەتی قسەی راستی هەیە.

ـ راست ئەكەی ئافەرم. بیرم نەبوو. پێشینان فەرموویانە راستی تاڵە…. كێ‌ قسەتان بۆ ئەكات؟

× مەسئولێكە ناتوانم ناوی بڵێم.

ـ چاوت لێیە. لەمەشیاندا لە ئۆمەتی محەمەد ناچین.

× بۆچی لە ئۆمەتی محەمەد ناچین؟

ـ چونكە دایمەی خوا ئسوڵ وایە میلـلەت قسە بكات‌و مەسئول گوێ‌ بگرێ‌.

× جا میلـلەت قسەی لەكوێ‌ بوو بیكات؟! ئەو نیعمەتە هەر بۆ مەسئول باشە قوربان.. دەم بنێ‌ بە میكرۆفۆنەكەوەو لەسەر رەقەم وەعدو بەڵێن بدات.

ـ ئێوەش پێتان خۆشە؟

× ئەرێ‌ وەڵـڵا.. وەك رۆنی سەگ بدەن لە قەلبمان وایە.

ـ ئەشزانن راست ناكات؟

× ئەی چۆن؟! ئەرێ‌ وەڵـڵا سوور لێمان مەعلومە درۆ ئەفەرموێ‌.

ـ كەواتە بۆچی ئەچن گوێی لێ‌ بگرن؟!

× ئاخر ئوستازگیان ئەگەر نەچین موعادەلەكە تێك ئەچێ‌.

ـ كام موعادەلەیە نەگبەت؟؟ ئەوەی كە لەسەر درۆ دروست بووە؟

× ئەوە چییە؟ خەریكە قسەی خۆتت بیرئەچێتەوە قوربان كە فەرمووت راستی تاڵە.

ـ دەبڕۆ خوا موەفەقت بكات ئیشەڵـڵا.

× ئای لەو دوعایە!… ئینسانێ‌ ئولفەتی بە درۆوە گرتبێ‌ چۆن خوا موەفەقی ئەكات؟؟


PM:01:52:04/01/2018




ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌