ساڵی بێ نەوشیروان

محەمەد نوری

ئەوەی نابێتە موجامەلەو پێداهەڵدان نوسینە لەسەر نەوشیروان مستەفا، چونكە ئەم پیاوە خاوەنی هیچ نەبێت، خاوەنی دروستكردنی رۆحێكی یاخیانەبو، نەخێرێكی گەورە بو بەروی دەسەڵاتی ستەمگەر. لەتەنیشت ئەم نەخێرەوە ئەم سەركردەیە ئامادەبو بۆ باشكردنی ئایندە واز لەرابردو بهێنێت، ئەو دەیزانی كێشەی دونیای ئێمە ئەوەیە كۆمەڵێك دەموچاو بەناوی شۆڕش‌و رابردوو خەباتی شاخەوە ئەزمونی حكومڕانیی كوردییان كردە ئەزمونێكی رەش‌و بئ ئایندەو داڕماو. لای نەوشیروان سیاسەت بریتی بو لەفەلسەفەیەك بۆ مامەڵەكردن‌و پلاندانان، لای ئەو سیاسەتكردن كورتنەكرابووە لەگیرفان‌و داوین‌و قسەی زل، پێچەوانەی زۆربەی بەرپرسەكانی ئەم وڵاتە، كە ئەوەی گرنگە لایان تێرو پڕبێت گیرفان‌و داوێنە. بەڵام بەپێچەوانەوە نەوشیروان سیاسەتكردنیی لەعەقڵەوە دەخوێندەوە ،نەك سیاسەت بكات بەپەیژەیەك بۆئەوە بگات بەدەسكەوتی تایبەت. لای ئەو سیاسەتكردن هونەری چنینیی داهاتوە، نەك پرۆسەی خۆبەتاڵكردنەوەو خۆپڕكردن.

1
وەك زۆربەی هەفتەكانی پێشو نیوەڕۆیەك لای كاك نەوشیروان بوم، بەڵام ئەمجارەیان جیاواز، خۆیی‌و خۆم‌و چیا. لەكاتی قسەكردندا تەلەفونێكی بۆهات پاش كەمێك چاوەڕوانی وەڵامی دایەوە ووتی زۆرباشە لەوێ دەبم. تەلەفونەكە بارزانی بو. دیقەتی منیدا وتیی چییە پرسیارت لا دروستبووە؟ وتم بەڵێ، وتیی هەرنەڵێت بۆ ئەوەندە دەچیت بۆ سەری رەش؟ وتم بەڵێ بۆ ئەوەندە دەچیت؟وتیی: ئێمە شەڕی گۆڕینی سیستەم دەكەین نەك شەڕی قین‌و مێژو. لای من گرنگە چۆن گۆڕانكاریی سیاسیی رووبدات‌و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بچەسپێت، نەك بەبوغزەوە مامەڵە لەگەڵ یەك بكەین‌و لەسەر بنەمای قین هەنگاوبنێن. وتم: كاك نەوشیروان خەڵك پێناسەیەكی تر دەكەن، دەڵین تەسلیم بەئەجندای پارتی بووە. بەزەردەخەنەیەكەوە وتیی: لەهەمو تەمەنمدا هەرخۆم بوم، قەتیش نەك تەسلیمی هیچ ئەجندایەك نابم بەڵكو ناشبم بەكەسی تر، من دەمەوێت ئەو بیركردنەوەیە لای سەركردەكانی ئەم دووحزبە بچەسپێنم كە دەكرێت لەدەرەوەی دەسەڵاتبن وببن بە موعارەزە خۆ كۆتایی دنیا نییە، دەمەوێت كورسیی پێش هەموشت نەخەن.

ئەو رۆی، مردنێك مرد گەورە وەك بیركردنەوەكانی. بەڵام زۆربەی سەركردەكانی ئەم دووحزبە تا ئێستاش ئامادەن لەپێناو مانەوەی خۆیاندا ئەم وڵاتە بكەن بەوڵاتێك لەسەر خوێن، لەكاتێكدا هەموو شت بەزۆر بەردەوامبێت، مانەوە بەزۆر لەدەسەڵات تا زەمەنێك راتدەگرێت دوای وەك لۆكەیەك با دەتبا (كواسەدام‌و بن عەلی‌و عەلی عەبدوڵاو موعەمەر قەزافی ودەیان پاڵەوانی ستەمگەر كە لكاوبون بەكورسییەوە؟)

2
لاوتسیی فەیلەسوفی كۆنی چین لەبارەی هونەری سەركردایەتییەوە دەڵێت: ئەگەر ویستت سەركردایەتی خەڵك بكەیت لەتەنیشتیانەوە بڕۆ.ئەوەی لەدوای راپەڕینەوە ئێمە دیمان ئەوانەی سەركردایەتی ئەم هەرێمەیان كرد، هەم لەناو گروپە حزبییەكەو هەمیش لەناو حكومەت، هەمیشە واخۆیان نمایش كردوە كە لەسەروو هەموو هاوڵاتییەكەوەن، هیچ كاتیش نەیانویستوە وەك كەسانی ئاسایی بژین. لەدوای راپەرینەوە تەنانەت ئەندامانی ئاسایی سەركردایەتی یەكێتی‌و پارتیمان بینی بە قافڵە بەلاماندا تێپەڕدەبن. لەشوێنە گشتییەكاندا كاتی تەشریف دەهێنن پڕی دەكەن لەپاسەوان، تەنانەت لەبۆنە حزبییەكانی خۆیاندا بۆ خۆنواندن ئەوندەی پاسەوانی بەرپرسەكانی لێیە، ئەوەندە بانگێشتكراو ئامادەنابێت.

دونیای دوای راپەرین دونیای كەوتنی سادەیی بو. دونیای خۆنمایش‌و كەشو فشی بەرپرسەكان بو، دونیای دابەشكردنی كۆمەڵگا بوو بەسەر دو دەستە: دەستەی بەرپرسەكان‌و دەستەی هەموان. ئەوان بەتەواوەتی خۆیان جیاكردەوە لەخەڵك. هەندێكیان وا دوركەتنەوە لەخەڵك چون لەسەر شاخەكان كۆشكیان دروستكرد (بارزانی بەنمونە)، هەندێكیشیان چەندین پرسگەو ئوفیسی تایبەتیان دانا(مەكتەب سیاسیەكانی یەكێتی‌و پارتی). ئەم بەرپرسانە بەپارەی میللەت دەیان كۆشك‌و دەیان ئۆتۆمبێلی دەرع‌و تایبەتیان كڕی، یان بەدرۆوە دەیانوت هەڕەشمان لەسەرە(بەرپرسێكی یەكێتی كەوتووبوە وەهمێكەوە گوایە ئوسامە بن لادن وتوویەتی تا ئەو نەكوژێت خەوی لێناكەوێت). نەوشیروان سیفەتی ئەم بیركردنەوە بێ مانایانەی گۆڕی. هەمو كەسێكی دەبینی‌و هەمو كەسیش لەگەڵیدا دادەنیشت. ئەو پیاوی ئۆفیسە تایبەت‌و داخراو ودەیان دەرگاكان نەبوو.ئەو سەركردەیەك بو سادە دەژیا بەڵام ورد بیری دەكردەوە. پێچەوانەی ئەوانی تر كە قورس دەژین بەڵام سادە وهاوشێوەی نەزانێك بیردەكەنەوە.

نەوشیروان مستەفا ئەو پیاوە بو لەسەردەمی پۆزو غروریی بێ مانای بەرپرسەكان سادەیی خولقاند. لەسەردەمی نەخوێندەواریی لەشكرێك لەسەركردە ئەو لەناو كتێبەوە دونیای دەبینی. پیاوێك نەخێرێكی گەورەی بەرووی دەسەڵاتی ستەمگەردا بەرزكردەوە، ئامادەشبوو بۆ ئایندە پشت بكاتە رابردو كە دادەنیشتی لەگەڵیدا دركت بەوەدەكرد ئەم پیاوە خۆی بەتەنها هێزێكە..

3
لەدوای مردنی ئەو دركمان بەوە كرد بونی نەوشیروان چەند پێویستە، هەنگاوەكانی ئەو چەندە گرنگە. ئەگەر نەخۆشیی‌و پاشان مردنەكەی نەبوایە رەنگە چیرۆكێكی تری بەرەنگاربونەوەی نەوشیروانمان بەرامبەر دەسەڵاتێك ببینایە كە ئەوەندەی بووەتە دەسەڵاتی ستەمگەرو قامچی بەدەست‌و وێرانكەر، ئەوەندە جێی هیچ ئومێدێك نییە.
بۆیە نەوشیروان لەسەردەمێكدا جێیهێشتین كەدەبو لێربوایە.


PM:01:18:31/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 374 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌