سیاسەتكردن لە تاوڵەوە بۆ شەتڕەنجكردن...لەشكستەوە فێری شكستی تر دەبن

محەمەد نوری

١-زار هەڵدان

لەساڵی ١٩٨٣ هەردوو سایكلۆژیست (كولۆن و لۆمبێردۆ) بۆچوونێكیان بڵاوكردەوە لەژێر ناوی( چوار كلیلەكە)كە تایبەت بوو بە دیاریكردن و دۆزینەوەی سەركەوتن و شكستی سەركردەكان. ئەو چوار كلیلەی ئەم دوو سایكلۆژیستە باسیان كرد هەڵسەنگاندنی چوار سیفەتە بۆ دۆزینەوەی ماناكانی سەركردایەتییەكی دروست و تەواو، چوار كلیلەكە  پێكدێن لە:

١-دەبێت سەركردەكان خاوەن هەڵسوكەوتێكی جێگربن وباوەڕیان بە خۆیان هەبێت، درك بە پێشهاتەكان بكەن، بەتایبەت لەكاتی هاتنە پێشەوەی فشارەكان.

٢- دان بە هەڵەدا بنێن، هێزی گەورە لەوێدایە كە دان بە هەڵەكانیدابنێت، نەك وزەیەكی زۆر بەهەدەر بدرێت بۆ شاردنەوەی هەڵەكان.

٣-لێهاتوویی لەگەیاندنی پەیامەكان وباوەڕهێنانی خەڵك بەپەیامەكە بەشێوازێك دوور لەتوندوتیژی و زۆرلێكردن.

٤-هەموو گۆشەكان تەماشابكات، لەكۆی بابەتە جیاكان تێبگات، نەك لەیەك گۆشەدا هەموو تواناكانی كۆبكاتەوە.

ئەم چواركلیلە ئەگەر وەك پراكتیزەیەك بەسەر سەركردەكانی ئێستاماندا تاقی بكەینەوە ئەمانەی ئێمە نەك لەدەرەوەی ئەو چوار كلیلەن بەڵكو ونكەری هەموو كلیلەكانیشن. سەركردەكانی كورد ئەوەندەی كەسانی بێ ئاگان لەهەنگاوەكان ئەوەندە ئاگاداری هەنگاوەكان نین.

ئەوان بە عاتیفە بڕیار دەدەن (كاتێك خەڵك كۆدەكرایەوە بەزۆر بۆ كەرنەڤاڵەكانی ناویان نابوو ریفراندۆم ئەو خەیاڵەیان دروستكرد كە تەواو هەنگاوی راستیان ناوە، بێ ئاگا لەوەی لەپشت ئەم شانۆگەرییەوە چی روودەدات )ئەم سەركردانەی كورد نە درك بەپێشهاتەكان دەكەن نە دەشیانەوێت دان بە هەڵەكانیاندا بنێن، ئەمان هاوشێوەی ئەو نەخۆشە وان كە دونیا دەزانێت نەخۆشە بەڵام لای خۆی ساغە وئامادە نییە دان بە نەخۆشییەكەیدا بنێت.

سەركردایەتی كورد لەماوەی ٢٦ساڵ وانەكانی شكست و نەهامەتی دووبارە و سەد بارە دەكەنەوە بەڵام ئامادەش نین دان بە هەڵەیەكدا بنێن بەڵكو لێشاوێك بیانوو دەهێننەوە بۆ شاردنەوەی هەڵەكان. ئەمان هەڵە بە دەسكەوت دەفڕۆشنەوە، هەرچۆن خیانەت و شكست بە بەرژەوەندی میللەت پارسەنگی بۆ دەهێننەوە.كێشەی سیاسەتكردن لەم هەرێمەدا لەوێدا نییە كە ناتوانرێت خۆشبەختی وئاسودەیی دابین بكات، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە هەموو ساتێك چاوەڕێی نەهامەتی لێدەكرێت، ئەم تایپە لەسیاسەتمەدار ئەوەندەی زارهەڵدەرن ئەوەندە بیركەرەوە نین، ئەوەندەی وەك تاوڵە سیاسەت دەكەن ئەوەندە وەك یاریكەرێكی شەترەنج وردنابنەوە. جیاوازی ئەم دوو یارییە تەنها لەجۆر وسیفەتی یاریكردنەكەدا نییە بەڵكو لە ماناو پرۆسەی یاریكردنەكەش جیاوازی هەیە.

 تاوڵەكردن هەڵدانی زارە بێ ئەوەی   ئەنجامی تەواوی زارەكە بزانیت چ خاڵێكت بۆ بەدەستدەهێنێت، یاریكەری تاوڵە چەندە ورد و بەسەلیقەش بێت بەڵام ناتوانێت هەموو زارەكان بگرێت وبەویستی خۆی ژمارەی هاتنی زارەكان دیاری بكات. یاریكردنی تاوڵە ئەوەندەی بەخت گرەوی بردنەوە مسۆگەر دەكات ئەوەندە سەلیقە وردبوونەوە ناتوانێت كۆتایی یارییەكە دەستنیشان بكات.

 تاوڵەكردن هەڵدانی زارەكانە و چاوەڕێكردنی بەختە. پێچەوانەی ئەم یارییە، یارییەك هەیە پێویستی بە وردبوونەوە و بیركردنەوە هەیە ئەوەش یاری شەتڕەنجە. لەشەترەنجدا دەبێت بە بیركردنەوە جوڵە بەداشەكانت بكەیت، دەبێت هەنگاوەكان هەموویان بە بەرنامە بێت، جوڵاندنی داشەكان دەبێت بەوریاییەوە بێت، هەنگاونانی ئێستا دەبێت ئاگاداربوون بێت لەهەنگاوی دواتر، دەشبێت ئەگەری جوڵەی بەرامبەرەكەت بخوێنیتەوە، شەترەنج هەڵدانی زار نییە بەڵكو بیركردنەوەیە لەجوڵاندنی داشەكان. وریایی لەجوڵاندن و بیركردنەوە لەهەموو هەنگاوێك سیفەتی سەرەكی یارییەكەیە، نەك تاقیكردنەوەی بەخت و هەڵدانی زار بێ ئەوەی تەواو ئاگاداری ئەنجامەكەی بیت.

سەركردەكانی كوردیش (یان راستر بنووسین حزبەكان) زارهەڵدەرن نەك بیركەرەوە لەهەنگاونانەكان، ئەوان تاوڵەچییەكی باشن نەك یاریزانێكی شەتڕەنج. ئەوان كە زاریان هەڵدا گرنگ نییە لایان چی دەردەچێت، هەموو شتێك تەسلیمی قەدەر دەكەن (وەك بارزانی وتی ئەگەرسەری گرت ئەوا باشە) ئەم هەناسەی سیاسەتكردنەیە وڵاتێك دەخاتە قەدەری سڕینەوە وبچووكردنەوە، ئەم هەڵسوكەوتی زارهەڵدانەیە خاك ونیشتیمان دەخاتە ناو شەڕ وئاشوبەوە. كاری سیاسییەكان كارێكی بێ ماناو پوچ دەردەچێت ئەگەر هەموو جوڵەیەك بیركردنەوەی وردی لەپشتەوە نەبێت، جێگۆڕكێی داشەكان ئەگەر بەهەڵە بێت وبێ گوێدانە جوڵەی بەرامبەرەكەت بیت لەسەرەتاوە یارییەكە لەدەستدەدەیت و دەدۆڕێیت.

 لە دیاریكردنی چارەنووس وئایندەی نەتەوەیەكیش زارهەڵدان نەك كارێكی هەڵەیە بەڵكو موسیبەتە، لەبەرئەوەی لەسیاسەتكردن و سەركردایەتیكردنی وڵات هەمیشە خۆتەسلیمكردن بەقەدەر و نەخوێندنەوەی ئایندە وبەهەند وەرنەگرتنی مەترسییەكان زیانی گەورەی لێدەكەوێتەوە وەك ئەو فلمە كارەساتبارەی كە یەكێتی وپارتی توشیان كردین و لەماوەی چەند رۆژێك  زیاتر لەسەدا پەنجای خاكی كوردستانیان كردەوە ژێر دەستی بەغدای پایتەخت، هونەری سەركردایەتیكردن هونەرێكە دەبێت تێگەیشتنتت هەبێت بۆ هەموو دەرئەنجام و پێشهاتەكان. سەركردایەتیكردن بەرلەوەی هونەرێكی سیاسی بێت شەترەنجكردنێكە لەسەر زەمینی واقیع و تێگەیشتنە لەهەموو جوڵەیەك، بەر لەهەر شتێكیش هەنگاونانە بەشێوەیەكی وریا وئاگادار لەزەمینەو كاتەكان. بەڵام لەم هەرێمەدا سەركردایەتیكردن زارهەڵدانە وگوێنەدانە لەوەی چی روودەدا وچی دەچنێتەوە.


٢-تەماشای تەنیشتەكان بكە

بۆئەوەی سەركردەكان بناسین تەنها تەماشای خۆیان مەكەن تەماشای ئەو روخسارانەش دەبێت بكرێت كە بەدەوری بازنەی سەرۆكەكاندا دەخولێنەوە، ناسینی ئەوان دەستپێكە بۆ ناسینی سەركردەكانیش. داستاننووسی گریك سۆفۆكلیس دەنوسێت: هیچ كەس دوژمنی سەركردەكان نییە هێندەی راوێژكارە خراپەكانی نەبێت. لەدونیای سیاسەتی كوردی هەمیشە سەركردایەتی حزبەكان رۆڵی سەرەكیان  گێڕاوە لەشاردنەوەی راستییەكان لەبەرپرسی یەكەمی حزبەكەیان (بەتایبەت لەئەزموونی حزبایەتی یەكێتی و پارتییدا ئەمە بەتەواوەتی زەقبووەتەوە و بینراوە).

راوێژكارەكان ئەوانەی لەبن گوێ سەرۆك و بەرپرسەكاندا دەوستن وهەمیشە بەهەڵە دونیای بۆ دەخوێننەوە، ئەوان وا راهاتوون درۆیان بۆ بكەن رەنگە رەشەكان بكەن بەرەنگی پەمەیی، ئەوان بەسەرۆكەكان دەڵێن گوێ مەدە بەمەترسییەكان تۆ گەورەتری لەهەموویان تۆ مەزنتری لەمەزنی. ئەوەی وێنەكە تەڵخدەكات وچاویلكەی قەترانی دەدا بەسەرۆك وبەرپرسەكان تا دونیای دەرەوەی پێ ببینین ئەو راوێژكارانەن كە كاریان تەنها ریاییكردن وشاردنەوەی راستییە.

لەدونیای سیاسەتی كوردی زۆر جار بەشێوازێك سەرۆكەكان تێگەیەنراوە كە ژیان پڕە لەشادیی وهەموو هاوڵاتیانیش دەست بەدۆعان بۆ جەنابیان. (لە٢٥/٧بەتاڵەبانی باوكیان وتوو بوو گۆڕان دوو كورسی زیاتر ناهێنێت، لەپڕۆسەی ریفراندۆمیش بە بارزانی كوڕیان وت تۆ دەبیتە كەمال ئەتاتوركی كورد). پڕۆسەی ریفراندۆم ئەگەر گەورەترین شكستی سیاسیی دوای راپەرین بێت بەئەزموونی دەسەڵاتی كوردی، ئەوا تەنها بارزانی ناچێتە ناو پۆڵینی كەسە شكستخواردووەكان بەڵكو هەموو راوێژكار وئەوانەی لەدەوری بوون لەشاییەكاندا، حزبەكان (یەكێتی ویەكگرتوو) دەبنە پشكدار لەشكستی سیاسی نەتەوەیەك بەهۆی زار هەڵدانێكی بێ بەرنامە بۆ شاردنەوەی قەیرانەكان بەناوی ریفراندۆمەوە.

تێگەیشتن لەهەموو بڕیاری سەركردەو سەرۆكەكان پێویستت بە تێگەیشتنە لەوكەسانەی لەسەر سفرەكەی دادەنیشن و قسەكەری دیوەخان و مەجلەسەكانن، یان وەك میكاڤیلی دەڵێت: بۆ ئەوەی توانایی هەنگاو وزیرەكی سەركردەكان هەڵبسەنگێنیت، چاوێك بەوكەسانە بگێڕە كە لەدەوروبەرین.. مێژووی بڕیاردانەكان تەنها مێژووی سەركردەكان نییە بەڵكو مێژووی ئەو كەسانەشە كە لەپشتەوە وەستاوون و چەپڵە لێدەری قسەی سەركردەكانن. راوێژكارە خراپەكان ئەوانەی تەنها لەگۆشەی رازیبوونی سەركردەكانەوە قسە دەكەن بەشێكن لەو گروپەشی كە شكست و داڕمان تووشی هاوڵاتیان دەكەن. ئەوان لەگێلی خۆیانەوە هەنگاوی گێلانە بە نەتەوەیەك دەدەن و زۆرجاریش بەهۆی زمانی ریاكردنەوە نەتەوەیەك بێ ئومێد دەكەن.

كێشەی ریفراندۆم تەنها بارزانی نەیخوڵقاند بەڵكو یەكێتی بەهەموو باڵ و بنەماڵەكانییەوە بەڵێی بۆ بارزانی دوپاتكردەوە، لەتەنیشت ئەویشەوە یەكگرتوو كەوتە ناو بازنەی بەڵێكەرانی ئەم پڕۆژەیە و لەپێناو ریفراندۆم پشتی كردە دۆستەكانی لەئۆپۆزسێونی جاران. بۆیە سیمای شكست تەنها لەیەك روخساردا دەرناكەوێت بەڵكوو هەموو روخسارەكان و هەموو مەجلسی دەوروبەرەكەی بەشێكن لەو شكستخواردوانە.  بۆ ئەوەی لەریفراندۆم تێبگەین تەنها تەماشای بارزانی مەكە تەماشای هەموو دەوروبەرەكەشی بكە. تەماشای هەموو ئەو روخسارانە بكە كە زاریان لەچارەنوسی نەتەوەیەك هەڵدا نەك بەوریاییەوە هەنگاو بنێن .

PM:02:58:05/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 62 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌