رۆڵی رۆشنبیر لە کاتی قەیرانەکاندا

مەجید ساڵح

(١)
دوای هاتنی ئینگلیز و دروستکردنی حکومدارێتی کوردستان لە سلێمانی، ژمارەیەکی زۆر لە رۆشنبیر و ئەفسەر و منەوەر لە دەوری شێخ مەحمود کۆبوونەوە؛ هەریەکە لای خۆیەوە وەک ئەرکی نەتەوەیی چمکێکی بەرپرسیارێتی هەڵگرت. بەڵام زۆری نەخایاند بە هۆی باڵا دەستی عەقڵی خێڵگەرایی و خزم خزمێنە، زۆربەی ئەو رۆشنبیرانە پەرتەوازە بوون و هەریەکە بەلایەکدا بڵاوەی لێکرد و زۆریان لە بەغدا گیرسانەوە و حکومەتی ئەو کاتەی عێراق پلەوپۆست و ئیمتیازاتی پێدان و بوون بە کۆڵەکەی حکومڕانی عێراق. بەڵام لەناو ئەو منەورانەدا کەسانێک هەبوون وەک رەفیق حیلمی  و حسێن نازم و شێخ نوری شێخ ساڵح و.. سەرەڕای ئەوەی شێخ مەحمود زۆر گرنگی پێنەدەدان و لەلایەن کۆنەپەرەست و جلخوارەکانیشەوە هەڕەشە و گوڕەشەی زۆریان لێدەکرا، ئەمانە کۆڵیان نەدا و لە سلێمانی مانەوە و لە رۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا رەخنەی بەجێ و دڵسۆزانەیان لە شێخ و دەسەڵاتەکەی دەگرت. کاتێکیش گڵۆڵەی بەختی شێخ  مەحمود کەوتە لێژی و لەگەڵ ئینگلیزەکاندا تێکچوو، ئەم رۆشنبیرانە نەک هەر نەبوون بە پیاوی ئینگلیز، بەڵکو لەخزمەتی کۆمەڵگاکەیاندا بەردەوام بوون و تا کۆتایی تەمەنیان لەپێناوی ئەو پرەنسیپانەی کە باوەڕیان پێی بوو، دەیان نەهامەتی و چەرمەسەرییان بینی و هەمیشە کاریان دەکرد بۆ ئەوەی خەڵک ئومێد لەدەست نەدا.

(٢)
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی گەورەدا تێپەڕ دەبێ، گومان لەوەدا نییە بەشی زۆری ئەم قەیرانانە بەرئەنجامی هەڵە و نەزانینی سیاسەتمەدارە کورت بینەکانی دەسەڵاتی کوردین، بەڵام نابێ ئەوەش لەیاد بکەین لەپشت ئەو سیاسییە نەزان و گەمژانەوە لەشکرێک لە رۆشنبیر و هونەرمەند و رۆژنامەنووس هەیە کە چەندین  ساڵە بە مەداحییەکانیانەوە پشتیوانیان لێدەکەن و بوغرایان دەکەن تا کوردستانیان گەیاندە ئەم ڕۆژە؛ لە ئێستاشدا ئەم بەناو رۆشنبیرانە خۆیان لێ کپ کردوە و وەک ئەوەی ئەوان نەبوون کە بە دیبەیت و کۆڕو کۆبوونەوە و نووسین و مەداحییەکانیان رای گشتییان چەواشە دەکرد و زەمینەیان بۆ ئەم هەموو قەیرانە زۆرو زەبەندانە دروست کرد.

لەبەرامبەر ئەمانەدا دەیان رۆشنبیری دیکە هەن کە خۆیان بە هیچ بەرپرس و پارەدارێکدا هەڵنەواسیوە، پێش دەرکەوتنی قەیرانەکان پێشبینی ئەم دۆخەیان کردبوو، دەیانزانی ئەم سیاسەتمەدارانە کە زمامی ئموری کوردستانیان گرتوەتە دەست، لەپێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا قومار و ریسک بە چارەنووسی ئەم میللەتەوە دەکەن؛ ئەمانە بە دەنگی بەرز هاواریان کرد ئەمەی کە لەکوردستاندا دەگوزه‌رێ دەرئەنجامەکەی جگە لە شکست و بە خوری کردنەوەی رێسەکانی کورد زیاتر هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە. بەڵام وەک چۆن لە سەردەمی شێخدا کەس گوێی لە رۆشنبیرە دڵسۆز و خاوەن پرەنسیپەکان نەگرت، لەم سەردەمەشدا ئەمانە ئافەرۆز کران و ئەنواعی تۆمەت و تانەوتەشەریان لێدان.

(٣)
ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمە توشی داتەپینێکی دەروونی گەورە هاتووە، دۆش داماوە و هیچ دەرگایەکی ئومێدی لەبەردەمدا نەماوە، حکومەتی بەغدا تێکشکانی ئەم نوخبە سیاسییەی کوردستان بە هەل دەزانێ بۆ ملکەچ پێکردنی تەواوی کۆمەڵگاکەمان و درز خستنە ناوی کوردەواری و پەرتەوازەکردن و شێواندنی شیرازەی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان. لەبەرامبەردا نوخبەی دەسەڵاتداری کوردستان لەپێناوی مانەوەی خۆیاندا ئامادەی هەموو سازش و ملکەچیەکن و هیچ پرەنسیپ و مۆراڵێکیان نەماوە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدرش هیگل دەڵێ"نوخبەی فکری و هونەری و زانستی هەر کۆمەڵگایەک بەرپرسە لەوەی بەبەردەوامی وزە و توانا داهێنەرانەکانی خۆی بخاتەکار بۆ ئەوەی هەستی نائومێدی و داتەپین و چەوسانەوە بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ نەبێت و لەرێگەی کارەکانیەوە موژدەی ئایندەیەکی گەش و سبەینێیەکی باشتر لەناو خەڵکدا بڵاو بکاتەوە.."

لێرەدایە نوخبەی رۆشنبیری کوردستان،بە تایبەتی ئەوانەی هەمیشە دڵسۆزانە خزمەتگوزاری کومەڵگاکەیان بوون، لەم میحنەتە گەورەیەدا بەئەرکی خۆیان هەڵسن و شان بدەنە بەر ئەم بارە گرانە و کۆمەڵگاکەمان لەم نەهامەتییەی تێدایە رزگار بکەن و ئومێد و هیوا لەناو خەڵکدا بڵاوبکەنەوە، چونکە میللەتی بێ هیوا و ئومێد میللەتێکی مردووە.


PM:12:20:12/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 178 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌