ئەمەریکا چۆن ئێمەی فرۆشت!

ئاسۆ حاجی

زۆر کەس دەڵێن رادەست کردنی کەرکوک بە ئێران لە ڕێگای کۆنتڕۆلکردنەوەی لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاقەوە بە پاڵپشتی سوپای پاسداران و چەکی ئەمریکی بەشێکە لە ستڕاتیژیەتی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بەڵام ناوەندەکانی لیکۆڵینەوەی ئەمەریکایی و جیهانیەکان کە ئامۆژگاری و بەرچاوڕوونی دەدەنە ئەمریکا تەواو پێچەوانەی ئەوە دەڵێن،ئەوان ڕایدەگەینن کە ئەمریکا دۆڕاوە گەورەکەیە و خەریکە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئێران جێدەهێڵێ.

لە نێوان ئەو دوو بۆچوونە دەکرێ پرسیارێک بکەین،ئەگەر ئەوە ستڕاتیژیەتی ئەمریکا نیە ئەدی بۆ وایان بە سەر خۆ و بەسەر گەلی کوردستان هێنا؟

ئیدارەی نوێی ئەمریکا کە چەند مانگێکە دەست بەکار بووە هێشتا نەیتوانیوە ئەو ناکۆکیانەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سەریانهەڵدا یەکلا و بنبڕبکات،بۆیەشە لەنێو دامەزراوەی دەوڵەت زیاتر لە پەنجا پۆستی گرنگ بە بۆشی ماونەتەوە ئەوەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ناوەندی بڕیاردان وەک دامەزراوە پەکی بکەوێ و ئەو دەسەڵاتە لە هەر وڵاتێک نوێنەرایەتی ئەمریکا بەکاری بهێنێ و بەگوێرەی لێکدانەوە و تێگەیشتنی خۆی بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بڕیار لە پرسەکان بدات.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێڕاق و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش کە هەردووکیان لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە ئەو ئەرکانەیان پێ سپێردراوە و نوێنەرایەتی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن و سەرپەرشتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی دەکەن بەڵام هەر یەکە و لە ڕوانگەی خۆی.

باڵیۆز دۆگلاس سیلیمان بە قەدەر بێدەنگیەکەی حەزی لە عەرەبە و دژی هەموو شتێکی باشە کە کورد داوای بکات بۆیەشە باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا و کۆنسڵخانەکەی لە هەولێر وەک دوو فەرمانگەی سەر بە حکومەتی عێڕاق کاردەکەن و چەندی بۆیان بکرێ خەڵکی کوردستان ناچاری عێڕاقی بوون دەکەنەوە و پاڵپشتی عێڕاقیش دەکەن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی فکری شۆڤینی عڕوبە و باوەڕی مەزهەبی مافەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوە بدەن.

ئەو دبلۆماتکارە کە لە سەرەتای ساڵانی هەشتایەکانەوە لە وەزارەتی دەرەوە دەستی بەکار کردووە و لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵ زۆر پۆستی گرنگی بەڕێوەبردووە و یەکێکە لەو بەرپرسە ئەرمەریکایانەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دانیشتووە چ ئەو کاتەی باڵیۆز بووە لە کوەیت یان لەوەتەی لە عێڕاق ئەو پۆستەی وەرگرتووە و هەر ئەو پەیوەندیانەش بوونە هۆی ئەوەی کە ڕێکەوتن لەگەڵ فەرماندەی سوپای قودس و دۆگلاس سیلیمان و عەبادی بۆ داگیرکردنی کەرکوک ئاسانتر بێ.

ئەمەریکا لە خۆکۆکردنەوە و پێداچوونەوە بە ستڕاتیژیەتەکەی بە تایبەتی لە دوای گووتارەکەی سەرۆک تڕەمپ کە ئێران و کۆریای باکوری لە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و ئاشتی نێودەوڵەتی هاوتاکردن،ئەوە ڕێی تێدەچێ کە هەنگاوی داهاتوو پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی ئیدارەی ئەمریکایە و گۆڕینی ئەو بەرپرسانەش دەبێ کە پاشماوەی ئیدارەی کۆنن بە کەسانێک کە تڕەمپ پەسندیان بکات.

دوای ئەو گۆڕانکاریانە پێشبینی دەکرێ سیاسەت و مامەڵەی ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بە ئاراستەی تووند بوون و پاشەکشەپێکردنی ئێران لە ناوچەکەدا بگۆڕدرێ وەک سەرۆک تڕەمپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ دەکرد کە لە ڕێگای بڕینی دەستی ئێران و لەناوبردنی کلکەکانی لەناوچەکەدا ڕوبەڕوی دەبنەوە،هەمان شتی لە گووتاری ساڵانەی نیشتیمانی دووبارەی کردنەوە.


PM:05:09:29/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 438 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌