بزوتنەوەی گۆڕان و دەرباز بوون لە خوڵانەوە لە بازنەدا

مەجید ساڵح

(1)
رووداوەكانی دوای ریفراندۆم هەموو شتەكانی ئاوەژوو كردوەتەوە، زۆر مەترسی كە چاوەڕوان دەكران بوون بە حەقیقەت و زۆر كەسیش كە چاوەڕوان نەدەكرا بە ئاسانی مل بدەن و گۆڕەپانی سیاسی بەجێبهێڵن بە كەمترین زیان خۆیان بەركەنار كرد و یان بەركەنار كران،
بۆشایەكی گەورەی سیاسی لە گۆڕەپانی كوردستاندا دەركەوت، ئێران و ئەمریكا و عێراق و توركیا هەریەكەكەیان بە خەیاڵێك و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دوای كارەكەتەری نوێدا دەگەران بۆ ئەوەی مامەڵە و سەودای سیاسی لە گەڵدا بكەن. سەرەڕای بوونی وزە و وتوانایەكی زۆر و پشتیوانیەكی جەماوەری بەرفراوان و دروستی پێشبینییەكانی، بەڵام بەداخەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەو ئاستەدا نەبوو ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە و بێ جورئەتی لە گرتنە ئەستۆی باری گرانی دوای ریفراندۆم وای كرد بە یاریكەرێكی ئیحتیات بمێنێتەوە و نەبێتە یاریكەری سەرەكی.

(2)
ئێستا ئەمریكا بەناچاری پەنای بۆ (نەوەی دووەمی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی) بردوە و لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق و كوردستان، كەوتووەتە مامەڵەكردن لە گەڵیاندا و چرای سەوزی بۆ بەردەوام بوونی ئەم حكومەتە شكستخواردوە هەڵكردووە؛ كە بەرپرسی سەرەكیە لە هەموو نەهامەتیەكانی چەندین ساڵەی كوردستان. لەبەرامبەردا گوشارەكانی خۆی بۆ سەر بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ دەستپێكردوە بۆ ئەوەی لە رێگەی بەردەوام بوونیان لە ناو ئەو كابینەیە هاوكار و پشتیوانی نەوەی نوێی تاڵەبانی و بارزانی بكەن، پشتگیری خۆشی بۆ هەر وتووێژێكی ئەو حكومەتە لە گەڵ عێراق لە سەر بنەمای دەستوری عێراق دەربڕیووە.

(3)
گۆڕان لەبەردەم دوو ئەگەردایە، گوێ بە گوشارەكانی ئەمریكا نەدات و ببێتە ئۆپۆزسیۆن، یان بچێتەوە ناو حكومەت لەم میحنەتەی كە ئەو دوو بنەماڵەیە دروستیان كردوە رۆڵی هەبێت و نەهێڵێت لە كاتی وتوووێژەكاندا ئەمانە لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا هێندەی دیكە كورد بگەڕێننەوە بۆ دواوە؟

لە حاڵەتی ئۆپۆزسیۆن بووندا خەڵك چی دەست دەكەوێت و ئەی كە بەشدار بوو لە حكومەت و وتوێژەكانی بەغدا و هەولێردا چی پێ دەكرێ؟

بەبۆچوونی من لەم قۆناغەدا ئۆپۆزسیۆن بوون هیچ خزمەتێك بە خەڵك ناكات، چونكە هیچ نەماوە تا گۆڕان قسەی لەسەر بكات.. بودجەیە لە بەغدایە، نەوت و سەرچاوەكانی وزە و گومرك و داهاتی ناوخۆییە، عێراق داوای دەكاتەوە و بە گوێرەی دەستور دەیباتەوە.. سیستمی سیاسییە، بوو بە پەرلەمانی.. كەواتە ئۆپۆزسیۆن بوون هیچ سودێكی بۆ خەڵك نییە و بەم هەڵبژاردەیە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی پەراوێز دەخات.

دەمێنێتەوە بەشداری كردنەوە لە حكومەت.. رای من وایە ئەم ئەگەرەیان هەم خزمەتی خەڵك دەكات و هەمیش بزوتنەوەی گۆڕان لەم گۆشەگیری و بێ جورئەتیە رزگار دەكات.

گۆڕان دەبێ بە خەڵكانی بەتواناوە بچێتەوە ناو حكومەت. مەرج نییە ئەو خەڵكانە لە كادیرەكانی گۆڕان بن، بەڵام مەرجە گەر گۆڕانخواز بوو لە كادیرە بەجورئەتەكان بن.

بەرنامەی سەرەكی ئەم حكومەتە لەسەر ئاستی ناخۆیی خۆ ئامادەكردن بێت بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و دوور لە تەزویر.. لە سەر ئاستی عێراقیش داواكردنی هەموو مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان، رێگری كردن لە سەوداكردن بە كێشەی كوردەوە لە پێناوی حزب و بنەماڵەكان.

بە كورتی و بە كوردی بۆ رزگار بوون لەم سەرسوڕمانە، دەبێ بزوتنەوەی گۆڕان شان بداتە بەر ئەم نەهامەتیەی كە یەكێتی و پارتی دروستیان كردوە، چونكە بە تەنها سەری خۆیان ناخوات و هەرێمی كوردستان لە بەینی مان و نەماندایە، ئەو دوو حزبە باكیان نییە لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا لە گەڵ عێراقدا بكەونە سەوداو سازش لە سەر زۆر شت بكەن، گەر بزوتنەوەی گۆڕان لە دەسەڵاتدا بێت دەتوانێت رێگری لەوە بكات، بەڵام لە دەرەوە بەیاننامەكانیشی هەنگاوێك بڕ ناكات..


PM:07:57:04/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 210 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌