بۆچی ئەمریکا و کۆمەڵگای ناودەوڵەتیی پشتیوانیی ریفراندۆم ناکەن؟

PM:03:07:28/06/2017
كورد میدیا: كەمال چۆمانی
شکستی یەکەمی پارتیی لە مەسەلەی ریفراندۆمدا، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە پشتیوانیی ناودەوڵەتیی لە مەسەلەی ریفراندۆمدا بەدەستبهێنێت. پشتیوانیی ناودەوڵەتیی و هاوپەیمانێتیی نێوان وڵاتان زیاتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ئابورییەکان و بەها هاوبەشەکانە.


زۆرجاریش پەیوەندییەکان لەڕێی هەبونی سەرکردایەتییەکی لێزانەوە دەچنە پێش کاتێک خاوەنی قەزیەیەکی شەرعیی و دەزانیت چۆن تەعبیر لەو قەزیەیە بکەیت، كه‌ ئه‌مه‌یان پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌ به‌ڵام به‌رهه‌مداره‌. ئەگەر خاوەنی ئابورییەکی بەهێز و سەقامگیریی نەبیت تا بەرژەوەندییە ئابورییەکانی وڵاتان بپارێزیت و دەرفەتی وەبەرهێنانیان بۆ بڕەخسێنیت، زەحمه‌تە وڵاتان حەز بە جیابونەوەی هەرێم بکەن.

لە هەمان کاتیشدا، ئەگەر خاوەنی حوکمڕانییەکی دیموکراتیک نەبیت و ئازادیی قسەکردن و مافەکانی ئینسان پارێزراو نەبن، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی وڵاتانی رۆژائاوا پشتیوانیی هەرێم ببن. لە هەرێمی کوردستانیشدا، سەرکردایەتیی کورد هێشتا قۆناغی خێڵیشی تێنەپەڕاندوە و لە زۆر روداودا بەهاکانی خێڵگەراییش پێشێلدەکەن.

بۆیه‌ ئێمه‌ پاش زیاتر له‌ 70 ساڵ له‌ جولانه‌وه‌ی كورد و سه‌دان هه‌زار قوربانی ته‌نیا له‌ باشور، هێشتا خاوه‌نی هاوپه‌یمانی ئه‌وتۆ نین كه‌ بتوانن سه‌ربه‌خۆیی بگه‌یه‌نینه‌وه‌ كه‌ناری ئارامی، به‌ڵكو هه‌مو هه‌وڵه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ دوو نوسه‌ر و دوو توێژه‌ر دامه‌زرێنن تا به‌ ئاوازی ئێمه‌ قسه‌ بكه‌ن.

له‌ سه‌ركرده‌ كورده‌كان دا شەهید د عەبدولرەحمان قاسملۆ تا رادەیەکی باش توانیبوی پەیوەندییە ناودەوڵەتییەکانی پێشبخات بە هۆی لێهاتویی خودی خۆی.

ئەمریکا سێ ئامانجی هەیە لە کۆمەکی سەربازیی و ئینسانیی دەرەکیی خۆی کە بە تایبەت دوای روداوەکانی ١١ی سێپتێمبەر زیادیکردوە؛ سەقامگیریی سیاسیی، ئازادکردنی بازاڕ و بەجێهێشتنی کاریگەریی بەها ئەمریکییەکان.

هەرێمی کوردستان نە ئابورییەکی بەهێزی هەیە، نە خاوەنی حوکمڕانییەکی دیموکراتیکە. لەو سێ ئامانجەی ئەمریکاش لە کۆمەکە سەربازیی و ئینسانییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان، هەرێم شکستیخواردوە لە بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسیی كه‌ دیاره‌ ئه‌مریكا ترسی هه‌یه‌ ناسه‌قامگیری سیاسی سه‌ربكێشێت بۆ تاسه‌قامگیری ئه‌منییش. به‌ڵام كورد توانیویه‌تی له‌ عێڕاق هاوكارێكی گرنگی ئه‌مریكا بێت له‌ راگرتنی بالانسی تائیفی كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ دوای 2014 و به‌ پلانی پارتیی پاشه‌كشه‌ی پێكراوه‌ و زیانی گه‌وره‌ی ئابوریی به‌ر كوردستان كه‌وتوه‌ و ئه‌مریكاش زیانی پێكه‌وتوه‌ له‌ راگرتنی باڵانسی هێز له‌نێوان هێزه‌ عێڕاقییه‌كاندا.

زیادکردنی به‌ناو ئازادکردنی ئابورییش له‌ كوردستان بۆتە چەتەگەرایییەکی تەواوی لە ئابورییداو ده‌رفه‌تێكی بۆ وه‌به‌رهێنانی ئه‌مریكی نه‌ماوه‌ته‌وه‌ و كوردستان به‌ته‌نیا ئه‌و بازاڕه‌ گرنگه‌ نییه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا.

ئەمریکا تا رادەیەک ئامانجی سێیەمی بەجێهێناوە کە جێکردنەوەی "بەها ئەمریکییەکانە" لە هەرێمدا وەک دیموکراسیی و مافەکانی ئینسان و میدیای ئازاد و کۆمەڵگای مەدەنیی بونی ده‌نگی ناره‌زایی و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌روی به‌ها باڵاكاندا. ئەوەی ئەو خاڵەشی رەشکرد، رەتکردنەوەی مەسعود بارزانیی بو بۆ بەجێهێشتنی کورسیی سەرۆکایەتیی و رێگریکردن لە گەڕانەوەی سەرۆکی پارلەمان و نیشاندانی ویستی دیکتاتۆرییانەیە لە سەرخستنی ریفراندۆمدا.

بۆ ئەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگای ناودەوڵەتیی پشتیوانیی ریفراندۆم بکەن پێویستمان بەوە هەیە خاوەنی ئابورییەکی بەهێز، حوکمڕانییەکی دیموکراتیک، سەرکردایەتییەکی دیموکراتیک و خاوەن روئیا بین و ئەو میکانیزمانەی دەیانگرینە بەر میکانیزمی شەرعیی بن، كه‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ش سه‌قامگیریی دورمه‌ودا بۆ كوردستان مسۆگه‌ر ده‌كات و ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ستراتیژی ئه‌مریكا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست جێگه‌ی ده‌بێته‌وه.


زۆرترین خوێنراو‌