گۆڕان: که‌س گره‌و له‌سه‌ر پوکانه‌وه‌ی گۆڕان نه‌کات

PM:12:28:28/06/2017
کورد میدیا:
پەرلەمانتارێکی گۆڕان و ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی ئەو بزوتنەوەیە رایدەگەیەنن، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ڕێکخستن و ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ھەیە كاك نه‌وشیروان به‌ڕێک وپێکی دایرشتووه‌ته‌وه‌و ته‌نیا جێبه‌جێکردنی ماوه‌، دەشڵێن، که‌س گره‌و له‌سه‌ر پوکانه‌وه‌ی گۆڕان نه‌کات، ئه‌رکمان ئاسانه‌، ئەویش ته‌نیا ڕۆشتنه‌ له‌سه‌ر هێڵێکی رون كە فکر و بیری كاك نەوشێروانە.

لە وتارێکی هاوبەشدا کە لەلایەن هەریەکە لە عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان و کاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆرانەوە نوسراوە ئاماژە بەوەدەکەن، لە دوای كۆچی دوای كاك نەوشیروان، زۆر باس له‌ ژیانی سیاسی گۆڕان له‌قۆناغی دوای نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌کرا و ده‌کرێت، بۆیە زۆرێکمان پێمانوابووە کاک نه‌وشیروان ڕابه‌ڕی ڕه‌وتێکی گه‌وره‌ بوو بۆ گۆڕانکاری، نه‌ک ڕێکخه‌رێک، كە ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی له‌ ده‌ستوری گۆڕاندا دیاری کرابێت.

دەشڵێن، "لێره‌وه‌ قۆناغێکی نوێی سیاسی ده‌ستپێده‌کات بۆ گۆڕان، رابه‌ڕى گۆڕان، فکرو پرۆگرامه‌که‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ واتە، دروستوایه‌ باسی جێگای رێكخەری گشتی بکه‌ین، نەك جێگای نەوشیروان مستەفا".

عەلی حەمەساڵح و کاروان هاشم  لەوەشدەکەن:" نه‌وشیروان مسته‌فا، ته‌نیا فەرماندەیەكی سەربازی یان نوسەر و بیریارێک نه‌بوو، ئه‌و ته‌نیا مێژو نوسێك یان رێكخەری گشتی گۆڕان نەبوو ، بەڵكو ئەو رابەرێك بو لە كۆكراوەی ھەمویان، كاتێك ھەموان بێ ئومێد دەبون ئەم دەھات ئومێدی دروست دەكرد".

لەبارەی کارو چالاکییەکانی نەوشیروان مستەفاوە باس لەوەدەشکەن:" لەساڵی ١٩٧٥ کاتێک شۆرش ھەرەس دەھێنێت و بەشێك لە سەركردایەتی شۆرش چونە ئێران و بێ ئومێد بون لە دوبارە ھەڵگیرسانەوە شۆرش، ئەو لە ئەوروپاوە گەرایەوە و لەگەڵ ھاورێیەكانی دوبارە شۆرشی دەست پێكرد.

هەروەها دەڵێن:"ھەموان دوای ئەنفال و كارەساتی ھەڵەبجە جارێكی دی كوردستان بەجێدەھێڵن و بێ ئومێد دەبن، ئەو دێت و لە ناو بەرەیی كوردستانیدا ھەموان كۆدەكاتەوە و دەبێتە ئەندازیاری راپەرین و دروستكردنی یەكەم پەرلەمان و حكومەت".

ئاماژە بەوەشدەکەن": كاتێك گەندەڵی ویستی تاكرەوی لە كوردستان دەگاتە لوتكە، ئەو جارێكی دی دەبێتە پێشەوا و بزوتنەوەی گۆڕان دروستدەكات و دەبێتەوه‌ جێگای ئومێدی خەڵكی كوردستان، خەونی گۆڕان و گۆڕانكاری دەبێتە خەونی ھەمو كوردستان و چەندین پرۆژە و ھەنگاوی جدی دەنێت بۆ ئەوەی كوردستان ببێتە خاوەنی سیستەمێكی حكومرانی تەندروست وباش ،ئەو ھەمیشە بیركردنەوەی لە پێش سەركردایەتی كوردەوە بوە".

عەلی حەمەساڵح و کاروان هاشم دوپاتی دەکەنەوە:" له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فامان هه‌یه‌ وه‌ک ڕابه‌ر، که‌س گره‌و له‌سه‌ر پوکانه‌وه‌ی گۆڕان نه‌کات، بۆیە ئه‌رکمان ئاسانه‌، ته‌نیا ڕۆشتنه‌ له‌سه‌ر هێڵێکی رون كە فکر و بیری كاك نەوشێروانە بۆ سیاسەت ئیدارەدانی گۆڕان بۆ سیستەمی سیاسی و و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات".

هەروەها دەڵێن گۆڕان حیزبێکی مه‌ده‌نییه‌و کاری بۆ دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی حیزب له‌ حکومه‌ت و به‌نیشتیمانی کردنی هێزی چه‌کدارو سیستمی په‌رله‌مانی و لامه‌رکه‌زی له‌ به‌ڕێوه‌بردن و شه‌فافییه‌ت و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی...... هتد کردووه‌، بۆیە ئه‌رکی ئێمه‌ به‌رده‌وامییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ و جێبه‌جێکردنییه‌تی.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان عەلی حەمەساڵح و کاروان هاشم باس لەوەدەکەن:" ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ڕێکخستن و ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ھەیە كاك نه‌وشیروان به‌ڕێک وپێکی دایرشتووه‌ته‌وه‌و ته‌نیا جێبه‌جێکردنی ماوه‌، هەروەک ده‌ستوری گۆڕان ڕۆشنه‌و چاره‌سه‌ری هه‌موو که‌لێن و بۆشایه‌ک ده‌کات، ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندی به‌به‌رنامه‌ی گۆڕانه بۆ حوکمڕانی زۆر ڕوونه‌و لێڵی له‌هیچ خاڵ و سێکته‌رێکیدا نییه‌".

راشیدەگەیەنن ":گۆڕان شه‌فه‌نده‌فه‌رێکی گه‌وره‌یه‌و سه‌دان هه‌زار خه‌ڵکی تێدایه‌، ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ چه‌ندین شۆفێری هه‌یه‌، شۆفێری سه‌ره‌کی که‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی دروستکردوه‌و خستوویه‌تییه‌ سه‌ر سکه‌ی ڕۆشتن ئێستا خۆی دابه‌زیوه‌، ئه‌رکی شۆفێره‌ هاوکاره‌کانی دیکه‌ی زۆر ئاسانه‌و ئێستا ده‌توانن ئه‌م شەمەندەفەرە‌ که‌ هه‌مووشتێکی ئاماده‌یه‌ بگه‌یه‌ننه‌ خاڵی مه‌به‌ست".

لەکۆتایی نوسینەکەیاندا کاروان هاشم عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح راشیدەگەیەنێت:"ئەوەی لە داھاتودا بزوتنەوەی گۆڕان تەواوی دەكات و بەردەوام دەبێت لەسەری؛ تەواوكردنی قۆناغی نەوشێروان مستەفایە نەك قۆناغی دوای نەوشێروان مستەفا.

زۆرترین خوێنراو‌