ئەوەی دایکان هیوای بۆ دەخوان بۆی نەهاتە دی

PM:03:53:26/06/2017
کورد میدیا:
خانمێكی بەریتانی به‌ناوی لیه فیشه‌ر، ته‌مه‌ن 26 ساڵ، وه‌ك سه‌رجه‌م دایكانی دیكه‌، له‌ كاتی دووگیانیدا به‌ئاواتی ئه‌وه‌بوو بتوانێت ئه‌و منداڵه‌ی له‌ سكیدابوو دوای له‌ دایكبوونی بیبینێت.

به‌پێی سایتی میره‌ری بریتانی، به‌هۆی تێكچوون و نا هاوسه‌نگبوونی هۆڕمۆنه‌كانی و نه‌خۆشی شه‌كره‌كه‌ی، خانمه‌كه‌ دووچار له‌ده‌ستدانی بینایی بووه‌وه‌ له‌ كاتی دووگیانیه‌كه‌یدا.

خانمه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ له‌ كاتی دووگیانیدا "بینایی وه‌ك كه‌سێكی 90 ساڵ"ی لێهاتووه‌ و جیهان به‌ ته‌واوه‌تی له‌به‌رچاوی ڕه‌ش بووه‌.
بۆیه‌ به‌ ناچاری پزیشكه‌كان پێش دوو مانگ له‌ واده‌ی منداڵبوونه‌كه‌ی، نه‌شته‌رگه‌ری قه‌یسه‌ریان بۆ كردووه‌ منداڵه‌كه‌یان به‌ زیندووی بۆ ده‌رهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فریای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری و چاره‌سه‌ری پێویست بكه‌ون بۆ چاوی دایكه‌كه‌.

ئێستا دوای شه‌ش نه‌شته‌گه‌ری له‌یزه‌ر بۆ چاوه‌كانی، دایكه‌كه‌ به‌ موعجیزه‌ بینایی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و چاوه‌كانی بوونه‌ته‌وه‌ به‌ 6/6، منداڵه‌كه‌شی ته‌ندروستی زۆر باشه‌ و ژیانیان به‌ ئاسایی و خۆشبه‌ختیه‌وه‌ به‌ڕێده‌كه‌ن.