نامەیەكی ئاری هەرسین بۆ هاوسەرە كۆچكردوەكەی

PM:01:14:10/06/2017
كورد میدیا:
ئاری هەرسین، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ماوەیەك لەمەو بەر هاوسەرەكەی كۆچیدوایكرد، لەڕێگەی نامەیەوە ئازاری دووری لە هاوسەرەكەی باس دەكات.

دەقی نامەكەی ئاری هەرسین..

ئەزیزم گوڵە نێرگز...
دیسانەوە ڕۆژی جومعە و دیسانەوە سەر قەبران و، دیسانەوە بیرت ئەکەم... ئەمڕۆش ھاتم بۆلات و ئەو ھەموو قسە یەم بۆ کردی، کەچی بە ووشەیەکیش جوابت نەیامەوە. ئاخر ڕەفاقەتی ژیان چۆن وا ئەبێت؟... ماڵێکی چۆڵ و تەنیاییەکی کوشەندە... باخچەیەکی بێ گوڵە نێرگزەکەی کۆیە.

دەنگی تایەر تۆفیق و عەدنان کەریم و مەرزیە و ھۆمەر دزەیی و دیاری قەرەداخی و ماھیر و کەمانەکەی ھەڵبەست و مەھەستی و وەردە جەزایری و نازم غەزالی، لە فەزای ماڵەکەماندا دێن و دەچن و، کەچی گوێم لە تەعلیقێکت نیە لەسەر تێکستەکانیان.

ھیوادارم لە ئێستایا لە شوێنێک بیت زۆر لە شوێنەکەی من باشتر و خۆشتر، چونکە وەک خانمێکی نیشتیمانپەروەر و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانی ئافرەت مافێکی بێ جەندوچوونی خۆتە لە بەھەشتی خواکردا بیت.

ھەندێک کەس، لەوانەی کە لە خەونی غەفڵەتی پیاوسالاری بێ بنەمایا ئەژین، لایان عەیبە کە بۆت ئەگریم. چونکە لایان وایە پیاوی پیاوانە ناگری... بەڵام ھەر وەک ئەو کاتەی لە ژیانابوی پێم ئەوتی، ئەو جۆرە کەسانە، نە پیاون، نە جورئەتیان ھەیە، نە سەربازی داگیرکەریان پێ ئەکوژرێت و نە بەرگەی ئەشکەنجەش لە زیندانەکانی داگیرکەرانی کوردستانیشا ئەگرن.

پیاو چەن ئازا و بەغیرەتیش بێت، نابێت بیری بچێتەوە کە لە ئافرەتێک بوە.

بە ھەر حاڵ... واقیعی من دیسانەوە ئەم ئێوارە ی جومعەیە بە بێ تۆ. ئەمڕۆ 61 ڕۆژە بەجێت ھێشتوم، لە قوڵایی باوەشی مەعشوقەکەتدا (کوردستان) نوستویت. جێگای چۆڵت لە ماڵ و لە وڵات لەبەرچاوی منا بێ ئەندازە دیارە.

لە سەرەتای ژن و مێردایەتیماندا پێت ووتم: لە سەردەمی موراحیقیمەوە بە ئاواتەوە بووم شو بە پێشمەرگەیەک بکەم، ئەوا شوم بە پێشمەرگەیەک کرد... لەم دواییەشدا و لە سەروبەندی شەڕی داعشا پێت ووتم: خۆشە ژنی پێشمەرگە بیت، بەڵام ئاسانیش نیە، چونکە ھەموو ساتێک چاوەڕێی مێردەکەت بە برینداری، یان تەرمەکەیت بۆ بێتەوە.

ھەرگیز لەبیرم ناچیتەوە، تەنانەت ئەوکاتانەشی کە بمەوێت فێڵ لە خۆم بکەم. ڕۆحت شاد و یادت بەخێر گوڵە نێرگزە کەی من و کوردستان...

زۆرترین خوێنراو‌