هۆشیار عەبدوڵا داوا لە هاووڵاتیان دەكات رێگەی دادگا بگرنەبەر

PM:03:28:14/01/2018
كورد میدیا:
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانانی باج لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەسەر خاوەنكار و شۆفێر و كاسبكاران داوا دەكات هاوڵاتیانی هەرێم رێگەی دادگا بگرنەبەر و را رایدەگەیەنێت "رێگە مەدەن هیچ دەسەڵاتێك بە ئاكاری نایاسایی خۆی بسەپێنێ و مافەكانتان زەوت بكات".

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە و نوسیویەتی" تێكرای هاونیشتیمانیان بە تایبەت كاسبكار و خاوەن شوێنی كار و شۆفێر و هاوڵاتیانیی ئاسایی ئەوانەی بریاری ژمارە ١٢٦ ی ساڵی ۲٠۱۷ دەیانگرێتەوە و بە نایاسایی و ناڕەوا حكومەتیی هەرێم چەندین جۆر باجی سەپاندوە بەسەریاندا، هەر كەسێك دەیەوێت باج نەدات و ڕێگای دادگای ئیداری لە دژی ئەو بریارە نایاساییە دەگرێتە بەر دەتوانێ پەیوەندیمان پێوە بكات تا بێ بەرامبەر روبەروی پارێزەرێكی خۆبەخشی بكەینەوە بۆ ئەوەی سكاڵاكەی بۆ ببینێت".

دەشڵێت" دوای ئەوەی ماوەی ڕابردوو لە ناو پەرلەمانیی عێراقەوە، داوامان لە هاوڵاتیان كرد كە دەتوانن ئیلتیزام نەكەن بەو بریارە نایاساییەوە و پەنا بۆ دادگا بەرن، بە سوپاسەوە چەند پارێزەرێكی دڵسۆز و خەمخۆر، دەستپێشخەریان كرد كە ئامادەن بێ بەرامبەر داكۆكیی لە هاوڵاتیان بكەن".

هۆشیارعەبدوڵا ئاماژەی بەوەشكردووە" ئامانجی سەرەكییمان لەو داواكاری و بانگەوازە ئەوەیە دەبێ حكومەت و دەسەڵاتدارانی هەرێم فێر ببن ڕێز لە یاسا بگرن، پێشێلی دەستور نەكەن، پرسی باج رێكخستن یا زیادكردن یا بەخشین یا كۆكردنەوەی بە گوێرەی دەستوری عێراقی پێویستی بە یاسایە، ئەوەی كە پێشێلكاریەكی زەقیی مادەی ۲۸ ی دەستور كراوە ئەوە ئەركیی ئێمەیە وەك ئەنجومەنی نوێنەران بێینە دەنگ، لەسەر هاوكارانمان لە پەرلەمانی كوردستانیش پێویستە رێگە نەدەن مافێك كە هی پەرلەمانە زەوتبكرێ، باج دەبێ لە پەرلەمانەوە بە یاسا رێكبخرێ، نەك حكومەت بە بریار ئەنجامیی بدات".

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاندووە" گرنگە هاوڵاتیانی هەرێم، هاونیشتیمانیەكانمان ڕێگە نەدەن هیچ دەسەڵاتێك بە ئاكاری نایاسایی خۆی بسەپێنێ و مافەكانیان زەوت بكا، پەنابردن بۆ یاسا لە دژی حاڵەتێكی نایاسایی بۆ نمونە لە پرسێكی وەك باجدا، تەنها پرسەكە ماددی و پارە نیە هێندەی ئەوەی هەوڵدانێكی گەورەیە بۆ رێكخستنەوەی كۆمەڵگە بەیاسا، هەوڵدانە بۆ ڕێگری لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لە دژی كۆمەڵگە، ئێستا هاوڵاتیان بە هۆی سیاسەتەكانیی حكومەتی هەرێمەوە لە دۆخێكی دارایی ئێجگار ناجێگیر و خراپدا دەژین، ئەگەر بە هەموان سنورێك بۆ ئەو زوڵم و بەدكاریانە دانەنێین لەم دۆخە قەیراناویە قوتارمان نابێت".



زۆرترین خوێنراو‌