قائیمقامی سلێمانی: مۆلیدەیەک سزادرا

PM:03:15:14/01/2018
کورد میدیا:
بەهۆی پابەند نەبوونی بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن و بەردەوام بوون لەسەر سەرپێچی، مۆڵەتی كاركردن لە خاوەن مۆلیدەی گەرەكی سەرشەقام دەسەنرێتەوە ولەرێی تیروپشكەوە لەشوێنەكەی مۆلیدەی نوێ لەو گەرەكە دادەنرێت.

ئاوات محمد قائیمقامی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ کورد میدیا نێردراوە ، ڕایگەیاند"لیژنە هاوبەشەكان چەندین جار خاوەنی مۆلیدەكەیان ئاگاداركردۆتەوە بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكان بەڵام بەردەوامبووە لەسەرپێچی كردن".

ئاماژە بۆئەوەشکراوە"یەكێك لە مەرجەكانی مۆڵەت وەرگرتنی هەرپیشەیەك پێویستە خاوەنكار پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بێت، لە ئەگەری جێبەجێ نەكردنیدا مۆڵەتەكەی لێ وەردەگیرێتەوە، لیژنە هاوبەشەكان بەردەوام لەسەردانەكانیاندا پشكنین و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكان دەكات و هەر خاوەنكارێكیش سەرپێچی بكات سزا دەدرێت".

قائمقامی سلێمانی ووتیشی"لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەكانیش، پاش وەرگرتنی سكاڵای گەرەكەكەتان، بەدواداچوونی كردووە، خاوەن مۆلیدەكەی لە كەموكورتیەكان ئاگاداركردۆتەوە، بەغرامە كردنیشی دووبارە سەرپێچی كردۆتەوە و كەموكورتی مۆلیدەكەی چارەسەر نەكردووە".

ووتیشی"بڕیار دراووە گرێبەستی نێوان بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی و خاوەن مۆلیدەكە هەڵبوەشێنرێتەوە و رێگە بە كاركردنی نەدرێت، لەرێی تیروپشكەوە مۆڵەتی كاركردن بە كەسێكی تر دەدرێت".

قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆئەوەش كرد"لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت بەردەوام سەردانی دوكان و بازار و شوێنە گشتیەكان دەكات، هەروەها بەدواداچوون بۆ ئەو سكاڵایانە دەكات كە لەرێی پەیوەندی تەلەفۆنی یاخود تۆرەكۆمەڵایەتیەكانەوە بەدەستیان دەگات، پاش پشكنین، هەرشوێنێك و خاوەنەكەی سەرپێچی بكات و رووبەرووی یاسایان دەكاتەوە".


زۆرترین خوێنراو‌