دووشەممە شاندی عێراق و هەرێم لە هەولێر كۆدەبنەوە

PM:02:51:14/01/2018
كورد میدیا: نیان محەمەد
سەر لەبەیانی ڕۆژی 13ی كانونی یەك، وەفدێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی كەریم سنجاری (وەزیری ناوخۆی هەرێم) سەردانی بەغدایان كرد.

سەردانەكە بەمەبەستی، جێبەجێكردنی فەرمانی ژمارە(137) ساڵی 2017ی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، كە بە فەرمانی حەیدەر عەبادی بۆ چارەسەركردنی كێشە هونەریەكان لەگەڵا هەرێمی كوردستان تایبەت بە دەروازە سنووریەكان و فڕۆكەخانەكان وە بەڕێوەبردنی بەنداوەكان، داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كردبوو.

دوای گەیشتنی وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، كۆبونەوە لەگەڵ لیژنەی باڵا بەسەرۆكایەتی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدرا، (قاسم ئەلئەعرەجی) وەزیری ناوخۆی عێراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی كرد، لە كۆبونەوەكەدا بەگرنگ زانرا ئەو كێشانەی كە لەبوواری دەروازە سنووریەكان و گومرگ و فڕۆكەخانەكان و بەڕێوەبردنی بەنداوەكاندا لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و یاسا فیدڕالیەكان چارەسەر بكرێت.

لەمیانەی گفتوگۆكاندا نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی، دەستەی دەروازە سنووریەكان، بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەكان، دەزگای هەواڵگری، تەواوی تێبینیە سەرەكی و بنەڕەتیەكانی تایبەت بە ڕێكخستنی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانیان خستەڕوو وە گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و ڕاشكاوانە لەگەڵا ئەندامانی وەفدی حكومەتی هەرێم ئەنجامدا سەبارەت بەو بابەتانەی ئەندامانی لێژنەی باڵا خستیانەڕوو.

لە كۆتایدا هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ڕێكخستنی كۆبوونەوەی دووقۆڵی لە ڕۆژی دووشەممە 15ی كانونی یەك لە هەولێر، تا پێكەوە كۆنووسێكی گشتگیر ئامادەبكرێت بەو چارەسەرانەی كە ڕێككەوتنی لەسەر دەكرێت، وەبەرزكردنەوەی ئەو كێشانەی كە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدڕالی هەیە و پێویستن بۆ گێڕانەوەی ئەو چالاكیانەی كەلە دەروازە سنووریەكان و فڕۆكەخانەكان و بەنداوەكاندا ئەنجام دەدرێت.  


زۆرترین خوێنراو‌