بزووتنه‌وه‌ دواین بڕیاریدا لەبارەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عیراق

PM:02:36:14/01/2018
کورد میدیا:
بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ رایدەگەیەنێت، بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەکەن و بەنیازنین بچنە هیچ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ كوردستانییەوە.

لە راگەیەندراوێکی كامیل مه‌حمود، وته‌بێژی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ دا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ (کورد میدیا) نێردراوه‌، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، "بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌شداری ناكات له‌هیچ یه‌كێك له‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ سیاسیانه‌ی كوردستان، به‌لیستی سه‌ربه‌خۆیش ناچینه‌ ناو گه‌مه‌یه‌كی عێراقیەکانه‌وه‌".

دەشلێت،"ئێمه‌ وای ده‌بینین ته‌نها به‌هاوپه‌یمانیه‌تی هه‌موو هێزه‌ كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ملكه‌چ ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی هه‌ژمونگه‌رانه‌و نادیده‌گرتنی كورد ببێت".

ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌..

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و گه‌له‌كۆمه‌ێی بێبه‌زه‌ییانه‌ی ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر كورد ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی گوزارشتی له‌مافی چاره‌نووسی خۆی كردووه‌، به‌غدا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئه‌م بارودۆخه‌ی قۆسته‌وه‌ بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی كورد له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی عیراق و به‌هێزكردنی هه‌ژموون و نه‌زعه‌ی ناوه‌ندگه‌ری خۆی. سه‌ده‌یه‌كه‌ كورد ئه‌م ئه‌زموونه‌ تاڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقدا هه‌یه‌ و هه‌موو كاتێك به‌غدا ته‌نها له‌ژێر فشاری بارودۆخێكدا چاوی به‌هه‌ندێ له‌مافه‌كانی كورددا هه‌ڵهاتووه‌.

به‌داخه‌وه‌ حزبه‌كانی باشووری كوردستان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م سروشته‌ نه‌گۆڕه‌ی به‌غدادا هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوماڵی خۆیان و له‌سه‌ر ئاستی مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵوێستیان له‌به‌رامبه‌ر به‌غدای ده‌سه‌ڵاتداردا هه‌ڵه‌كانیان دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌و به‌عه‌قڵیه‌تی خێڵ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كترو له‌گه‌ڵ به‌غداشدا كردووه‌، نه‌ك به‌عه‌قڵیه‌تی سیاسه‌تمه‌دارو دانوستانكار، له‌م كات و ساته‌ هه‌ستیاره‌شدا كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌پاساوی ده‌ستوورو پیاده‌كردنی یاساو پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق هه‌موو هه‌وڵێكی خستووه‌ته‌ كار بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنی كورد له‌و پێگه‌ سیاسییه‌ی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سه‌دام به‌ده‌ستی هێناوه‌، كورد به‌ په‌رتاوازه‌یی ده‌چێته‌وه‌ به‌غداو هه‌ر هێزه‌ یان هه‌ر چه‌ند هێزێك به‌جیاو له‌پێناوی ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا ده‌كات، سیاسه‌تی یه‌كگرتووی كوردی و گوتارو هه‌ڵوێستی كوردستانی و ته‌نانه‌ هه‌ڵوێستێكی ڕوونی ڕه‌سمی ده‌سه‌ڵاته‌ كوردییه‌كه‌ش له‌ئارادا نییه‌.

ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ داوامان كردووه‌ له‌هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كه‌ بۆ لادان یان ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌دا و سیاسه‌تی ئه‌م نوخبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ شكستخواردووه‌ی كوردستان، پێویسته‌ حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هاوپه‌یمانیه‌تی هاوبه‌ش پێك بهێنن بۆ كۆتاییهێنان به‌چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك سته‌م و گه‌نده‌ڵی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌، به‌ڵام بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردو قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان یه‌كگرتووبین و شكست به‌پیلان و هه‌ڕه‌شه‌كان بهێنین، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی داواكاری هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌جیا داوایان لێكردووه‌ بۆ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق له‌هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌یاندا به‌شداری بكات، رای فه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێمی كوردستان به‌م كۆمه‌ڵه‌ هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ په‌رته‌وازه‌ پوچه‌ڵ ناكرێنه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ سیاسییانه‌ی كوردستان بۆ به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كۆمه‌ڵێك پۆست و كورسی و ئیمتیاز بۆ حزبه‌ به‌شداره‌كانی ناو هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كانیان مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام پێگه‌و قورسایی كورد ناگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پێش ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر.

بۆیه‌ ئێمه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌شداری ناكات له‌هیچ یه‌كێك له‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه‌ سیاسیانه‌ی كوردستان، به‌لیستی سه‌ربه‌خۆیش ناچینه‌ ناو گه‌مه‌یه‌كی عێراقیانه‌وه‌، ئێمه‌ وای ده‌بینین ته‌نها به‌هاوپه‌یمانیه‌تی هه‌موو هێزه‌ كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ملكه‌چ ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی هه‌ژمونگه‌رانه‌و نادیده‌گرتنی كورد ببێت.



زۆرترین خوێنراو‌