لێدوانی زێدان لەسەر دۆرانەکەی ریاڵ مه‌درید

PM:02:01:14/01/2018
کورد میدیا:
دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی به‌ گۆڵێكی بێوه‌ڵام به‌ یانه‌ی ڤیاریاڵ مەدرید دۆڕا، زێدان دوای یارییه‌كه‌ی هاته‌ به‌رده‌م میدیاكاران و ئاماژەی بۆئەوەشکرد یاریزانه‌كان سه‌ركه‌وتنه‌كانی رابردووی خۆیان له‌بیر كردووه‌ و بارودۆخه‌كه‌ش بۆ ئێمه‌ زۆر قورس بووه‌.

له‌ گه‌ڕی نۆزده‌یه‌می لالیگا، یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی میوانداریی یانه‌ی ڤیاریالی كرد و بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوودا له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی به‌ یانه‌ی ڤیاریال دۆڕا.

زینه‌دین زێدان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان له‌ خراپی بارودۆخه‌كه‌یان تێده‌گه‌ن، به‌ڵام وازیش ناهێنن و ته‌سلیم نابن.

زیزۆ ده‌ڵێت: ئێمه‌ هه‌رگیز شایسته‌ی ئه‌و دۆخه‌ نین، ئه‌مڕۆش به‌رامبه‌ر ڤیاریال یارییه‌كی باشمان كرد، ده‌رفه‌تی زۆرمان هه‌بوو، به‌ڵام تۆپ به‌نه‌خێر وه‌ڵامی ئێمه‌ی دایه‌وه‌ و رێگه‌ی نه‌دا له‌ هێڵی گۆڵ بچێته‌ ژووره‌وه‌.

زێدان وتیشی: ئه‌م سرووشتی تۆپی پێیه‌، دوو تیپ یاری ده‌كات، كامه‌یان گۆڵی زیاتر بكات، یارییه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ گۆڵناكه‌ین و تیپی به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ ده‌كات و ئاهه‌نگ ده‌گێرێت.

زێدان وتی: ئێستا ئێمه‌ له‌ دۆخێكی سه‌ختداین، ته‌نانه‌ت یاریزانه‌كان ناتوانن پێبكه‌نن، ته‌نیا به‌ بردنه‌وه‌ ده‌توانین لایه‌نی ده‌روونیمان باشتر بكه‌ین و ئه‌م رووداوانه‌ش له‌ تۆپی پێ ئاساییه‌، ئه‌م بارودۆخه‌ خراپه‌ ڕووی له‌ چه‌ندان یانه‌ی پێش ئێمه‌ و دوای ئێمه‌ش ده‌كات.

یانه‌ی ریال مه‌درید به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌ پله‌ی چواره‌م به‌ 32 خاڵ مایه‌وه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی بارسێلۆنا، جیاوازی خاڵه‌كانی نێوان بارسای پێشه‌نگ له‌گه‌ڵ یانه‌ شایانه‌كه‌ ده‌بێته‌ 19 خاڵ.


زۆرترین خوێنراو‌