خوێندنی باڵا: نزیکەی ملیۆنێک دۆلاری دیکە بۆ تواناسازی خەرجدەکرێت

AM:11:39:14/01/2018
کورد میدیا:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، خەرجکردنی بڕی (947,827) نۆ سەد و چل و حەوت هەزار و هەشت سەدو بیست و حەوت دۆلاری ئەمریکی وەک شایستەی دارایی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی ڕاگەیاند, كە ئێستا بەردەوامن لە خوێندن و تیایدا (40) خوێندکاری تواناسازی سودمەند دەبن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا کە بە ماڵپەری فەرمی وەزارەتەکەی ڕاگەیاند" دوای ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانی تواناسازی درا، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەی دابەشکردنی شایستە داراییەکانی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاریدا بە خەرجکردنی لیستی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ی شایستەی دارایی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی".

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکراشیکرد، لیستی یەکەمی شایستەی دارایی خوێندکارانی بەرنامەی تواناسازی لە ساڵی ٢٠١٨، بڕەکەی بریتیە (947,827) نۆسەدو چل و حەوت هەزار و هەشت سەدو بیست و حەوت دۆلاری ئەمریکی، و تیایدا (40) خوێندکاری بەرنامەی تواناسازی لە هەریەک لە زانکۆکانی جیهان سودمەند دەبن كە بەردەوامن لە خوێندن.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سه‌رجه‌م ئه‌و خوێندکارانەی به‌رنامه‌ی تواناسازی ئاگادار ده‌كات،‌ كه‌ ناویان له‌ لیستی ژماره‌ (1)ی ساڵی (2018)ی هاوپێچدا هاتوه‌ و، ژماره‌یان (40) خوێندکارە، خۆیان یان بریكاره‌كانیان (وه‌كیل) سه‌ردانی ژوری ژماره‌ (56) له‌دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی چه‌كی سه‌رفكردنی شایستە داراییه‌كانیان. وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕونیشیکردەوە: پێشوتر لە چەندیدن قۆناخی جیادا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕی (19) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەرجکردوە.


تێبینی:

  *پێویستە ئەوانەی ناویان لە لیستی هاوپێچدا هاتوە، بەپێیی ڕیزبەندی ناوەکانیان لە ڕۆژی دیاریکراودا سەردانی دیوانی وەزارەت بكەن بۆ وەرگرتنی چەکی پارە.

  *خوێندکار ئه‌گه‌ر خۆی سەردانی وەزارەت بکات بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی پێویستە پاسەپۆرتی رەسەن و کۆپی ڕەنگاو ڕەنگی لاپەڕەی یەکەمی پاسەپۆرت لەگەڵ خۆی بهێنێت.

  *بریكار (وه‌كیل)ی خوێندکار پێویسته‌ وێنه‌یەکی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی بریكارنامه‌ (وه‌كاله‌ی گشتی) بڕواپێکراو بێت و نوێ بێت بەلایەنی زۆر ساڵێکی بەسەردا تێپەڕنەبوبێت و بۆی (مصدق) کرابێت، لەهەمان کاتدا پێویستە بڕیکار وێنەیەکی ڕەنگاو ڕەنگ لە ناسنامه‌ی باری شارستانی، یان ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئێراقی له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت.

  *ئەگەر خوێندکار لەو رۆژەی بۆی دیاریکراوە خۆی یان بریکارەکەی نەیەت بۆ وەزارەت بۆ وەرگرتنی چەک، پێویستە دوای (٧/٣/٢٠١٨) سەردانی وەزارەت بکات بۆ وەرگرتنی چەک چونکە زنجیرەی رۆژەکان لەگەڵ بانک ڕێکخراوەو گۆڕانکاری تیادا ناکرێت.

  *چه‌كی سه‌رفكردنی شایستە داراییه‌كان ته‌نها له‌بانكی كوردستانی نێوده‌وڵه‌تی/ لقی پێشه‌وا به‌رامبه‌ر هۆتێل چوار چرا له‌شاری هه‌ولێر بەكاش ده‌درێت.


زۆرترین خوێنراو‌