"رۆژانە 319 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت"

AM:10:52:14/01/2018
ژیان
بەپێی داتاكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاستی بەرهەمهێنان لەمانگەكانی 11و 12 ساڵی ڕابردوو لە 263 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە تێپەری نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەك لەكەرتی نەوت‌و وزەی هەرێم ئاشكرایدەكات، رۆژانە زیاتر لە 319 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوە.

رۆژی 5ی كانونی دووەمی 2018، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاستی هەناردەی نەوتی لەچوار مانگی كۆتایی ساڵی 2017دا راگەیاند كە 445 هەزار و 301 بەرمیلی ڕۆژانە بووە.

لەسەرچاوەیەك لەكەرتی نەوت‌و وزەی هەرێمی كوردستان، بە (ژیان)ی راگەیاند زانیویەتی "ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت‌و هەناردەكردن لە 7 كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم مانگانە، بریتییە لە 319 هەزارو 200 بەرمیلی رۆژانە".

ئەو سەرچاوەیە بە (ژیان)ی وت "لەم مانگەدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم پێشبینیدەكرێت 336 هەزار بەرمیل بێت، ئەو نەوتەشی لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی دەرەوە كراوە، لەلایەن كڕیارانی نەوت دەفرۆشرێت بەهەریەك لە وڵاتانی كرواتیا، قوبرس یۆنان، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ئیسپانیاو ئیسرائیل".

یەك بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان، لەدوو مانگی رابردوودا بە 49 دۆلار 76 سەنت فڕۆشراوە، لەكاتێكدا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لەمانگی رابردوو لەجیهان لەنێوان 60 بۆ 67 دۆلاری ئەمریكی بووە.

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزەو سەرچاوە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان بە (ژیان)ی وت"ئەوان هیچ زانیارییەكیان نییە لەبارەی بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی هەرێم‌و چاوەڕێدەكەن كۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی كۆتایی خۆی پێشكەش بكات".

بەر لەرووداوەكانی 12ی تشرینی یەكەم، بەرهەمهێنانی نەوت لەكێڵگەكانی هەرێمی كوردستان‌و  كەركوك‌و ناوچە دابڕاوەكان لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رۆژانە 565 هەزار بەرمیل بوو لەرۆژێكدا.



زۆرترین خوێنراو‌