یەكگرتووی ئیسلامی لە حكومەت "ناكشێتەوە"

AM:10:00:14/01/2018
ژیان:
هیچ كام لەو 24 خاڵە جێبەجێنەكراون كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، وەك مەرجی مانەوەی لە حكومەت خستنیەڕوو، لەكاتێكدا تەنها یەك رۆژ ماوە بۆ كۆتاییهاتنی مۆڵەتەكە، بەپێی زانیارییەكانیش ئەو حزبە لەحكومەت دەمێنێتەوە.

رۆژی 24ی كانونی یەكەمی 2017 یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، مۆڵەتی 20 رۆژی دایە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی چەند مەرجێكی یەكگرتوو لەپێناو مانەوەی لەحكومەت‌و دواتریش، لەرۆژی 28ی كانوونی یەكەمی 2017، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، لەگەڵ شاندی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەی مەرجەكانی یەكگرتوو بۆ مانەوەی لەحكومەت كۆبونەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (ژیان) لەكۆبونەوەی نێوان حكومەت‌و یەكگرتوودا لەدوای ڕادەستكردنی پڕۆژەكەیان، سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی بە بەرپرسانی یەكگرتوویان ڕاگەیاندووە، مەرجەكان قورسن‌و ناتوانرێت لەو ماوەیەدا كە دیاریكراوە جێبەجێبكرێت، وەڵامی یەكگرتووش ئەوە بووە لەدوای ئەو وادەیە گفتوگۆ دەكەن‌و بڕیاری تر دەدەن.


زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، بەشێكی هۆكاری نەكشانەوەی یەكگرتوو، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو حزبە فشاری ناوخۆیی‌و هەرێمی لەسەرە بەوەی نەكشێتەوە.

مەرجەكان قورسن‌و ناتوانرێت لەو ماوەیەدا كە دیاریكراوە جێبەجێبكرێت، وەڵامی یەكگرتووش ئەوە بووە لەدوای ئەو وادەیە گفتوگۆ دەكەن‌و بڕیاری تر دەدەن.


بەپێی زانیارییەكانی (ژیان) كە لەناو ئەو حزبەوە دەستیكەوتوون، "یەكگرتووی ئیسلامی پێیوایە، لەئێستادا ناتوانرێت حكومەت هەڵبوەشێنرێتەوەو دووبارە دروستبكرێتەوە، چونكە كاتێكی كەم لەبەردەم ئەو كابینەدا ماوە، بۆیە تاوەكو كۆتایی هاتنی ئەم كابینەیە لەحكومەت دەمێننەوە، ئەو بڕیارەش لەكۆبونەوەی داهاتووی سەركردایەتی یەكگرتوو، كەپێشبینیدەكرێت لەم هەفتەیەدا بەڕێوەبچێت،دەدرێت".

لەبارەی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەو حزبە، شێركۆ جەودەت ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (ژیان)ی راگەیاند "یاداشتێكمان پێداون‌و داوامان كرد بە زووترین كات وەڵامی فەرمیمان بدەنەوە، بۆیە سەرۆك‌و جێگرەكەی بەڵێنیاندا دیراسەی مەرجەكان‌و داواكارییەكانی تری یەكگرتوو بكەن‌و وەڵاممان بدەنەوە".

جەودەت، ئاماژەی بەوەكردوە، ئەو داواكاریانەی یەكگرتوو هیچ بۆ بەرژەوەندی ئەو حزبە نییە، بەڵكو هەمووی داواكاری هاوڵاتیانە، بۆیە دوای وەڵامدانەوەی یەكگرتوو، جارێكی تر كۆدەبینەوەو وەڵامی حكومەت هەڵدەسەنگێندرێت.

وتیشی"جاری ناتوانم بڵیم دەكشێینەوە یاخود نا، چونكە ئەو بڕیارە پێویستی بە كۆبوونەوەی سەركردایەتیە".


سەرۆك‌و جێگرەكەی بەڵێنیاندا دیراسەی مەرجەكان‌و داواكارییەكانی تری یەكگرتوو بكەن‌و وەڵاممان بدەنەوە


دەقی مەرجەكانی یەكگرتوو بۆ مانەوە لە حكومەت:

* سەبارەت بەبژێوی هاوڵاتیان:
1. دابینكردنی موچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا.
2. دابەشكردنی موچەی مانگەكانی 10، 11، 12، لەگەڵ موچەی مانگەكانی 1، 2،3 دا.
3.كەمكردنەوەی ڕێژەی باج و رسومات لەسەر خەڵك بە گشتی.
4.پاشەكەوت بكرێتە رەسیدی بانكی بۆ فەرمانبەران‌و پارەی كارەباو قەرزی خانووبەرەی موچەخۆران.
5.كەمكردنەوە مووچەی خانەنشینانی پلە باڵا.
6.یاسایی خانەنشین بە زووترین كات لە پەڕلەمان تشریع بكرێ‌و حكومەت جێبەجێبكات.
7.خاوێنكردنەوەی لیستی موچەخۆران لەوانەی دوو موچەو سێ موچەو موچەی خانەنشینی نایاسایی وەردەگرن.
8.جیاكردنەوەی موچەی كادیرە حزبییەكان‌و پلە وەزیفی‌و سەربازییەكان لە لیستی فەرمانبەرانی حكومەت.
9. پێدانی پێشینەوەو هاوكاری بۆئەوانەی كرێچین‌و تازە هاوسەرگیری دەكەن.
10.خەرجكردنی موچەی چاودێری كۆمەڵایەتی، كە ساڵانێكە بڕاوە.
11. داوا لە حكومەتی عێراقی بكرێت دەستبەجێ پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم خەرجبكات.
12. لابردنی سەرجەم رێككارە ناچاری‌و نایاساییەكان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرو موچەخۆران.

* سەبارەت بە هێوركردنەوە ئاڵۆزییەكان:
1. ئازادكردنی دەستبەجێی هەموو ئەوانەی بێ تاوان لە دەرەوەی رێككارە یاساییەكان دەستگیركراون.
2.هەڵگرتنی دۆخی بە سەربازیكردنی شارەكان‌و بەكارنەهێنانی رێگاچارەی ئەمنی بۆ هێوركردنەوەی  دۆخەكە.
3. قەڕەبووكردنەوەی خانەوادەی قوربانیانی ڕووداوەكان‌و بارەگا سووتاوەكان.
4.رێگانەگرتن لە خۆپیشاندانی مەدەنیانەو ئاشتیانەو رێنەگرتن لە میدیای ئازاد.

* سەبارەت بە چاكسازی سیاسی:
1.بەدیهێنانی سازانی نشتمانی لە رێگای پێكهێنانی حكومەتێكی ئینتقالی‌و یەكریزی نیشتمانی یان ڕاگەیاندنی ئەم حكومەت وەك حكومەتێكی كاربەڕێكەر.
2.رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاسایش‌و دژەتیرۆر لەچوارچێوەی یاسادا.
3.شەفافكردنی داهاتەكان بەگشتی‌و داهاتی نەوت بە تایبەتی.
4.دابەشكردنی داهاتی گشتی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەكان‌و هاوڵاتیاندا.
5.رێكخستنی دەسەڵاتەكان بەشێوەیەكی هاوسەنگ لەنێوان دامەزراوە شەرعییەكان‌و هێزی سیاسییەكان‌و پێكهاتەكانی كوردستان.
6. پێكهێنانی لیژنەیەكی حكومی و پەڕلەمان بۆ دانیشتن لەگەڵ بەغدا.
7. فراوانكردنی لامەركەزیەت لەسەر ئاستی پارێزگاكان.
8. ئامادەكاری پێویست بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوای خاوێنكردنەوەی تۆماری دەنگەدەران.


زۆرترین خوێنراو‌