رەفعەت عەبدوڵا: بەرۆیشتنی بەرهەم ساڵح كێشەی نێو باڵەكانی یەكێتی نەما

AM:09:29:14/01/2018
ژیان، دەرون رەشید
بڕیارە بەم نزیكانە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و تیایدا وادەی كۆنگرە دیاریدەكات، بەپێی پرۆژەیەكیش دەستەیەك بۆ بەڕێوەبردنی حزبەكە پێكدەهێنرێت‌و سكرتێری لادەبرێت.

دواهەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی مانگی 11ی ساڵی رابردو بەڕێوەچوو، كە تێیدا دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی دراو ‌و بڕیاریدرا لیژنەیەكی 11 كەسی بۆ ئیدارەدانی حزبەكە پێكبهێنرێت.

رەفعەت عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بە (ژیان)ی راگەیاند بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی چاوەڕوانی كۆسرەت ڕەسوڵ_یان دەكرد، بۆ ئەوەی كۆبونەوەكە بەڕێوەبەرێت، دوای ماوەیەك لەنەخۆشكەوتنی لەئێستادا باری تەندروستی بەرەو باشتر چووەو دەستیكردوەتەوە بەكاركردن.


وتیشی "تا ئێستا وادەی كۆبونەوەی سەركردایەتی دیاری نەكراوە، بەڵام هەموومان پێمان باشە بە زووترین كات سەركردایەتی كۆببێتەوە، رەنگە لەم نزیكانە كۆبونەوەكە ئەنجامبدرێت، یەكێك لەئەجێنداكانی كۆبونەوەكەش پرسی دیاریكردنی وادەیەك دەبێت بۆ بەستنی كۆنگرە زۆربەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی پێمان باشە بەستنی كۆنگرە بخرێتە پێش هەڵبژاردنەكان".

رۆژی 11ی 11ی 2017 باری تە‌ندروستی كۆسرە‌ت رەسوڵ تێكچوو، رەوانەی دەرەوەی وڵات كرا، لە رۆژی 6ی 1ی 2018 دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی‌و پشكنینی پزیشكی گەڕایەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

تا ئێستا وادەی كۆبونەوەی سەركردایەتی دیاری نەكراوە، بەڵام هەموومان پێمان باشە بە زووترین كات سەركردایەتی كۆببێتەوە


بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی وازی لەیەكێتی هێناوە‌و قەوارەیەكی نوێی بەناوی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری پێكهێناوە‌و رۆژی 11ی1 قەوارەكەی كۆنگرەی بەست‌و بەسەرۆك هەڵبژێردرا.


رەفعەت عەبدوڵا، وتی "كێشەی ناو باڵەكانی یەكێتی بەرهەم ساڵح بوو، ئەویش ئیعلانی خۆی كردو قەوارەیەكی دروستكرد‌و كۆنگرەی بۆ بەست، هەموو لایەك گەیشتونەتە ئەوەی كۆنگرەی نوێ گوزارشت لەم واقیعەی ئێستای یەكێتی بكات بۆ ئەوەی كۆنگرەیەك بێت كە كەمترین كێشەی تیا دروست بێت‌و هەموو لایەك رازی ببن بەئەنجامەكەی".

وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندی ئەو حزبەوە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەمواركراوەتەوە‌و بڕیارە لەكۆبونەوە چاوەڕوانكراوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا دەنگی لەسەر بدرێت.

كێشەی ناو باڵەكانی یەكێتی بەرهەم ساڵح بوو، ئەویش ئیعلانی خۆی كردو قەوارەیەكی دروستكرد‌و كۆنگرەی بۆ بەست


لەتیف نێروە، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی بە (ژیان)ی وت"پڕۆژەكە لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا دەنگی لەسەر دەدرێت‌و پاشان ئاڕاستەی ئۆرگانەكانی یەكێتی دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش سەرنجی خۆیانی لەبارەوە بخەنە ڕوو".

لەگرنگترین گۆڕانكارییەكانی ناو پرۆژەكە ئەوەیە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی نامێنێت، لەبارەی كەسی یەكەمیشەوە، نێروەیی وتی " هاوسەرۆكی نابێت بەڵكو نیمچە هاوسەرۆكییە، پێكدێت لە دەستەییەكی باڵا كە هەر كەسێك لەو دەستەیە چەند ئۆرگانێكی یەكێتی بەڕێوە دەبات".


زۆرترین خوێنراو‌