تۆڕی میدیایی گۆڕان ئاگادارییه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

PM:11:09:13/01/2018
كورد میدیا:
تۆڕی میدیای گۆڕان له‌ ئاگادارییه‌كدا رایدەگەیەنێت؛ میدیای گۆڕان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا ته‌نها سێ سایتی هه‌یه‌‌ (SBIEY.COM و KNNC.NET و GORRAN.NET) و خاوه‌نی په‌یج و ئه‌كاونتی تایبه‌ت به‌خۆیانن له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا و له‌سه‌ر سایته‌كان جێگیركراون.

میدیای گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەی به‌ده‌ر له‌و پێگانه‌، هه‌بونی هه‌ر پێگه‌ و په‌یج و ئه‌كاونتی دیكه‌ ده‌ربڕی میدیاكه‌مان نییه‌، به‌و پێیه‌ی ده‌یان پێگه‌ی وه‌همی به‌ ناوی میدیاكه‌مانه‌وه‌ دروستكراون و زانیاری نادروست بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌بدڵڵای كوێخا موباره‌ك، هه‌ڵسوڕاوی‌ دیاریی گۆڕان له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیوێتی "لەگەڵ ئەم ئاگاداریەی میدیای گۆڕاندا، بەهەمو خەڵكی كوردستانی ڕادەگەیەنین كە ماوەیەكە زانیاریمان هەیە زۆربەی ئەو پەیجانەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە ناوی بزوتنەوی گۆڕان دانراون یان بە هەر ناوێكی تر لە ڕابردودا وەك پێگەیەكی ئۆپۆزیسۆن و وەك پاڵپشتی بزوتنەوی گۆڕان كاریان كردوە لە ئێستادا لەلایەن ڕكابەر ونەیارانی گۆڕانەوە كڕدراون".

ده‌شڵێت "ئه‌و په‌یجانه‌ بەهەمان ناوی پێشویان دژ بە سیاسەت وبەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بەكار دەهێندرێن، هەواڵ وبابەتی چەواشەكارانە بڵاو دەكەنەوە، هەوڵی سەر لێ شێواندنی خەڵك بە گشتی وگۆڕانخوازان بەتایبەتی ئەدەن بەرامبەر بە بزوتنەوی گۆڕان، وەك بێ بایەخ كردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی گۆڕان، دروستكردنی سیراعی ناوخۆیی گۆڕان، شكاندنی كەسایەتی وهەڵسوڕاوە دیارەكانی گۆڕان و سوكایەتی كردن بەو كەسایەتی ولیست ولایەنانەی كە لە گۆڕان نزیك دەبنەوە".