بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی بایكۆتى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات

PM:09:47:13/01/2018
كورد میدیا:
به‌هۆی‌ به‌شداریی نه‌كردنی ته‌واوی‌ حزبه‌ كوردیه‌كان به‌یه‌ك لیست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی په‌رله‌مانی‌ عیراق، بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی كوردستان بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات.

كامیل مەحمود، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاندووه‌: ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان لەچوارچێوەی یەك هاوپەیمانێتیدا بەشداری هەڵبژاردنەكانی عیراق بكەن، ئەوكاتە ئێمەش بەشداری ئەو هاوپەیمانێتییە دەكەین.

ده‌شڵێت "ناچینە هیچكام لەو هاوپەیمانێتییەی لەلایەن هێزو لایەنە كوردستانییەكانەوە پێكهێنراوە، چونكە پێمانوایە ئەمە لێدانە لەپرسی كوردو ئەو دۆسێیە هەڵپەسێردراوانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیەو زەمینەسازییەكە بۆ ئەو سیاسەتەی عەبادی بەرامبەر بەهەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات".

سەبارەت بەبەشداریكردنیان لەهەڵبژاردنەكانی عیراق، كامیل مەحمود رایگه‌یاندووه‌ "زۆرینەی سەركردایەتی بزوتنەوە لەگەڵ ئەوەدان نەچینە ناو هیچ هاوپەیمانێتییەك لەو هاوپەیمانێتیانەی هەیە، وەكو لیستی سەربەخۆش ناچینە ناو هەڵبژاردنێكەوە كە پێمانوایە ئاكامەكەی بەسودی كورد تەواو نابێت".