بەرپرسێكی ئێن ئاڕ تی: ناوی منەوە ئیستیقالەیان نوسیوە‌و ئیمزایان كردووە

PM:06:58:13/01/2018
كورد میدیا:
بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی ئازار بەر قاچی كەوتوەوە و بۆماوەیەك مۆڵەتی لەكارەكەی وەرگرتوە، كەچی بەبێ‌ ئاگاداری خۆی دەستیان پێ‌ لەكار كێشاوەتەوە و لەبری ئەویش واژۆیان بۆ كۆدوە.

سوهەیب شێخ ئەحمەد كاكە مەحمود، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنیشە  لە هەژماری خۆی لەبارەی لادانی لەكارەكەیەوە نوسیویەتی" هەموو لایەك و ڕێكخراو و سەندیكاكانی ڕۆژنامەنووسان و سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ئاگادار دەكەمەوە، من وەك ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی بە هیچ شێوەیەك ئیستیقالەم لە كەناڵی ئێن ئاڕ تی نەكردووەو بە هۆی كەوتنم و ئازاری ئەژنۆمەوە تا دووشەممەی داهاتوو مۆڵەت بووم".

دەشڵێت"بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی وازم لە نەوەی نوێ هێناوە و باسی خیانەت و بێ وەفایی شاسوار عەبدولواحیدم كردووە كە بەرامبەر خۆم و هاوڕێیانم كردوویەتی، بە فەرمانی شاسوار و لەلایەن مەم بورهان قانع بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی بە ناوی منەوە ئیستیقالەیان نوسیوە‌و ئیمزایان كردووە".

ئەو بەرپرسەی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی نوسیویشیەتی"ئەم كارەش دوورە لە هەموو بنەمایەكی ئەخلاقیەوە و سەلمێنەری ئەوەشە كە لە ئێستادا كەناڵی ئێن ئاڕ تی میدیای فەڕمی نەوەی نوێ و زمانحاڵی شاسوار عەبدولواحیدە، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری ئستیقالەی خۆم نیم و بەناوی منەوە نوسراوەو ئیمزا كراوە لەكاتێكدا من بە فەڕمی مۆڵەتی نەخۆشیم تا دووشەممەی داهاتوو هەبووە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە بێلایەنی و هاوسە‌نگی و ڕاستگۆیی تێدا نەماوەو هەموو ئەو دروشمانە لە ئێستادا دوورن لە ڕاستیەوە".

سوهەیب شێخ ئەحمەد كاكە مەحمود دەشڵێت"جێی سەرسوڕمانە كە بەڕیوەبەری ئێن ئاڕ تی خاوەنی چەندین كتێب و سیمینارە لە سەر ئەخلاق و پیشەیی بوونی كاری ڕۆژنامەوانی، دوور لەهەموو پرنسیپێك و باوەڕبوون بە نوسینەكانی خۆیشی، ئەو هەموو پێشێلكاری و سوكایەتییە بە هاوكار و هاڕێكانی قبوڵ دەكات و فزەی لێوە نایەت".

لەكۆتایی نوسینەكەیدا ئەو رۆژنامەنوس، جەخت لەوە دەكاتەوە، هەمووشتێك روندەكاتەوە و دەڵێت"هەموولایەك دڵنیا دە‌كەمەوە لەم یەك دوو ڕۆژەدا هەموو ئەوەتان بۆ ڕوون دەكەمەوە كە لە ئێستادا كەناڵی ئێن ئاڕ تی زمانحاڵ و میدیای فەڕمی نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیدەو جگە لەوەش هەڵوێستی گرنگ و توندترم دەبێت".

ئەو نوسینەی سوهەیب شێح ئەحمەد لەكاتێكدا دێت، لەماوەی رابردوودا سێ‌ كەسی دیاری جوڵانەوەی نەوی نوێ‌ وازهَنانیان لە جوڵانەوەكە ڕاگەیاند.