وتەبیژی حكومەتی هەرێم: پابەندین بەدابینكردنی گوزەرانی هاوڵاتیان

PM:02:02:13/01/2018
كورد میدیا:
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە دابینكردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستان بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستیەتی.

سەفین دزەیی، وەتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە میدیاكانی سەر بە پارتی دیموكراتی ڕاگەیاندوە"حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە دابینكردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستان بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستیەتی".

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش داوە، ئەوان چاوەڕێی ئەوە ناكەن تا ڕێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەكرێت و لە بەغداوە مووچەی فەرمانبەران دەنێردرێت، مووچە دابەش نەكەن، بەڵكوو پرۆسەكە بەردەوام دەبێت.

وتەبێژی حكومەتی هەریم وتوشیەتی"لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە داهاتی هەرێمی كوردستان 50 تا 55٪ كەمی كردووە كە بەشی سەرجەم مووچەخۆران ناكات، بەڵام ئەو داهاتەی كە دێتە دەست لە فرۆشی نەوت لەگەڵ داهاتەكانی ناوخۆ، بێگومان حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوە دایە تا ئەو كاتەی لەگەڵ بەغدا دەگاتە ئەنجامێك، بەپێی ئەو داهاتانەی كە لەبەردەستیەتی، هەروەها بەپێی ئەو چاكسازییانەی كە پێشكەش بە پەرلەمان كراوە كە تاڕادەیەك كاریگەری لەسەر مووچەی مووچەخۆران دەبێت، مووچە دابەش بكات".

ئەو لێدوانەی سەفین دزەیی لەكاتێكدایە، تاوەكو ئێستا مووچەی مانگەكانی (10 و 11 و 12)ی ساڵی رابردو نەدراوە و فەرمانبەرانیش چاوەڕوانی پێدانی موچەدان.