شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا دەکات هەرچی زووە کۆنگرەی یەکێتی ببەسترێت

PM:01:32:13/01/2018
کورد میدیا:
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، مادام ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی رێكخستن و زۆرینه‌ی هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی و لیژنه‌كان ئاماده‌ن ئیتر با چاوه‌ڕوانی كه‌س نه‌كه‌ین و رۆژی ١٤ی ٢ی ٢٠١٨ زه‌نگی ده‌ستپێكی كۆنگره‌ لێبده‌ین.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی بەستنی کۆنگرەی یەکێتییەوە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، "له‌ كه‌س شاراوه‌ نیه‌ كه‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی كراوه‌ته‌ مه‌سه‌له‌ی ( خوێنی سیاوه‌ش) یان وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن( سیاوه‌حش) ..!!"

دەشڵێت، حزب هاتن و حزب رۆیشتن ئه‌م كۆنگره‌ی به‌ست و ئه‌و په‌یره‌وی نوێی بۆ حزبه‌ نوێكه‌ی دانا ویه‌كێتیه‌كانیش هێشتا چاوه‌ڕوانی ڕه‌حمه‌تی ئه‌و چه‌ند زاته‌ هه‌لپه‌رسته‌ ئه‌كه‌ن كه‌ خۆیان لێ كردوه‌ته‌ ده‌مراست و له‌م لاوه‌ باسی گرنگی به‌ستنی كۆنگره‌ بۆ عاله‌م ئه‌كه‌ن و له‌ولاشه‌وه‌ زه‌نه‌قیان له‌ كۆنگره‌ چووه‌ و ئه‌م پێی وایه‌ كوده‌تایه‌‌ و ئه‌ویتریان به‌ پیلانێكی نیوده‌وڵه‌تی ده‌زانێ كه‌ ئێران و تڕامپ و پوتن و كیم جۆنگ و ئیسرائیل و ئوردۆعان و حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستیان له‌ دارشتنیدا هه‌بێت‌…

ئاماژە بەوەشدەکات، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ كاتێكدان كه به‌ هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ بازاری (هه‌لوور به‌لوور) و ( شه‌كراوخواردنه‌وه‌)ی سیاسی و ( مانگی هه‌نگوینی) نێوان حزب و لایه‌نه‌كان وه‌ك شێلمی گه‌رمی سه‌ر عاره‌بانه‌كانی لێ هاتووه‌..!!

لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  باس لەوەشدەکات، "جا ده‌ڵێم بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌وه‌ زیاتر ته‌حلیل و ته‌فسیر بۆ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ نه‌كرێت و خه‌ڵكیش له‌وه‌ زیاتر نائومێد نه‌بن.. مادام ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی رێكخستن و زۆرینه‌ی هه‌ڤاڵانی سه‌ركردایه‌تی و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی و لیژنه‌كان ئاماده‌ن ئیتر با چاوه‌ڕوانی كه‌س نه‌كه‌ین و رۆژی ١٤ی ٢ی ٢٠١٨ واته‌ له‌ رۆژی ( خۆشه‌ویستیدا) هه‌ر هه‌موومان له‌ دووا مه‌نزڵگای مام له‌ گردی ده‌باشان به‌ سرودی مه‌شخه‌ڵانه‌وه‌ ناوی خوای لێبێنین و زه‌نگی ده‌ستپێكی كۆنگره‌ لێبده‌ین".

بۆ بینینی تەواوی نوسینەکە کلیک لێرە بکە..