کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی راپۆرتێکی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

PM:01:04:13/01/2018
کورد میدیا:
کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتێکی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە کە باس لە دیارنەمانی چارەنووسی ئەو دەستگیرکراوانە دەکات کە لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی كوردستان کردووەو لە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دیارنەماون.

دوای ئەوەی رۆژی 21-12-2017 رێكخراوی (هیومان رایتس وۆچ) راپۆرتێکی بە ناوی ( هەرێمی کوردستانی عێراق شاردنەوەی 350 بەندکراو) بڵاوکردەوە، کە باس لە ژمارەیەک لەو کەسانە دەکات کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و لە زیندانە فەرمی و نافەرمییەکانی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوون لە شاری کەرکووک، بەڵام لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان چارەنووسیان دیار نییەو خانەوادەکانیان داوای دیاریکردنی چارەنووسی کەسوکاریان دەکەن.

لەراگەیەندراوێکدا کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی كوردستان وەڵامی هیومان رایتس وۆچ دەداتەوە رایدەگەیەنێت،" تا رۆژی 16-10-2017 هیچ بەندکراوێک لەلای ئێمە لە ئاسایشی کەرکووک دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچکەی دبس زیندانێکی کاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی راگوێزراوانی حەویجە کە پێش پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە دەهاتنە دبس و بەشێکیان کە ئەندامی داعش بوون یان هاوکاری داعشیان کردووە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرد و هەموو دەستگیرکراوەکان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس بوو. دواتر هەموویان گواسترانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونکە هیچ گرتووخانەیەک لە کەرکووک نەبووە و لایەنە ئەمنییەکانی کەرکووک ئەرکیان تەنیا هاریکاریکردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەکە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەکانی میحوەری کەرکووک جێبەجێ کرا و هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیارییەتی پرۆسەی گواستنەوەکەیان لە ئەستۆ گرت".

دەشڵێت،" لە دوای شەڕی داعش لایەنە ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەگرنەبەر لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی گومانی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە لێدەکرێت و ئەوانەی کە دەستگیردەکرێن هەموو مافێکیان هەیە وەک سەردانکردن و بوونی پارێزەر ، هەروەها کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنیان ئاگاداردەکرێنەوە. لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەکانی هێزی پێشمەرگە وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن ، بەڵام ئافرەت ناپشکێنرێن بەهۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە ، ئەو پشکنینەش زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا. دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانی پێشوازی".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا ئاماژە بەوەشدەکات،"زۆر جار لەکاتی روودانی شەڕ هەندێک کەس دەستگیرکراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ئەوانەی کە بێتاوانن ئازاد دەکرێن و ئەوانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبێت بەپێی ماددە (٤)ی یاسای دژە تیرۆر کە پێشتر کاری پێدەکرا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرا بۆ ماوەی (24) کاژێر دواتر رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەکە دەکران. ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتبا کە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە رەوانەی دادگای تایبەت دەکران و هەموو مافێکیان هەبوو و کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتەی کە لەسەری دەستگیرکراون ئاگادار دەکرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد دەکران".

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لەوەشدەکات،" بەپێی راپۆرتەکە شێوازی دەستگیرکردنی ئەو (350) کەسەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ باسیان دەکات جیاواز بوو، چونکە بە تۆمەت دەستگیر نەکراون، واتە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوە و دەزگا ئەمنییەکانیش بەڵگەیان لەسەر نەبوو، بەڵکو لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی حەویجە و لەکاتی هاتنیان لە حەویجەوە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئیعتیرافیان کردبوو کە سەر بە داعشن و لە خێزانەکانیان دابڕا بوون ، چونکە ئەوان خۆیان رادەستی سوپای عێراق نەکردووە ، بەڵام لە هەمانکاتدا خێزانەکانیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکانی جعێدە یان جدعە کە دەکەونە ژێردەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵی ، بۆیە نەتوانراوە خێزانەکانیان لە دەستبەسەرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە".

ئەوەشدەخاتەڕوو، "لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئه‌و یاسایه‌ تا 16/7/2016 كاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەموارکراو دەکرێت".

کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی كوردستان روونیشیكردووەتەوە،"لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان لایەنە ئەمنییەکان بە سەدان کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیرکردووە و دواتریش دادگایی کراون بەپێی یاسا کار پێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان".

هەروەها ئاماری ئەوکەسانەی خستوەتەڕوو، کە لە کەرکووک بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش و لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کەرکووک لە سەرەتای شەڕی داعشەوە دەستگیرکراون:

لە ساڵی  2014 دا  115 کەس دەستگیرکراون

لە ساڵی  2015دا 182 کەس دەستگیرکراون

لە ساڵی 2016 دا  83 کەس دەستگیرکراون

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2017): ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (19) کەس بووە.

ئەو کەسانەی کە تاوەکو ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوە دان بەم شێوەیەیە:

لە ساڵی  2014  دا 33 کەس

لە ساڵی 2015 دا 78 کەس

لە ساڵی 2016دا 20 کەس

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2017دا 6 کەس

ئەو دەستگیرکراوانەی کە سزایان بۆ دەرچووە:

لە ساڵی 2014 دا 5 کەس

لە ساڵی 2015 دا 23 کەس

لە ساڵی 2016دا 7 کەس

لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (2017) هیچ کەسێک سزای بۆ دەرنەچووە، بەڵام (36) کەس سزاکانیان تەمیز کراوەتەوە.

سەبارەت بە دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تێوەگلان بە کاری تیرۆریستی و یارمەتیدانی تیرۆریستان دەستگیردەکرێن و رادەستکردنیان بە حکومەتی فیدراڵی ، باس لەوە دەکات"حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بکات سەبارەت بە رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوانی داعش و لەم رووەوە لەسەر داوای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەتایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و یۆنامی ، هەماهەنگی بەردەوامە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون و سزا دراون ، لەم رووەوە کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی خولی بەردەوامە ، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدڕاڵی بەشێوەیەکی فەرمی رێکارە یاساییەکانی نەگرتووەتەبەر بۆ رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون بۆ حکومەتی فیدراڵ".