سه‌نته‌ری میترۆ: به‌راورد به‌ ساڵی 2016 پێشێلکاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان زیادیكردوه‌

PM:12:28:13/01/2018
کورد میدیا:
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌مافی رۆژنامه‌نوسان ئاماری پێشێلکارییەکانی ساڵی 2017ی بەرامبەر بە رۆژنامه‌نوسان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌مافی رۆژنامه‌نوسان له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئاماری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە رۆژنامه‌نوسان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن بۆ ساڵی 2017 خسته‌ڕوو، له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌كه‌شدا ره‌حمان غه‌ریب رێكخه‌ری سه‌رنته‌ری میترۆ، دیاری محه‌مه‌د-ی وەک رێکخەری نوێی سه‌رنته‌رەکەی ناساند.

دواتر دیاری محەمەد رێکخەری نوێی سەنتەری میترۆ، لەسەرەتای وتارەکەیدا سوپاسی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی کرد، کە رۆڵی هه‌بووه‌ له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتێژییه‌كان له‌دژی رۆژنامه‌نوسان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌دیارتیینیان كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی NRT.

هاوکات داواشی له‌حكومه‌تی هه‌رێم کرد، كه‌ قه‌ره‌بووی كه‌ناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامه‌نوسان بكاته‌وه‌ کەله‌م بارودۆخه‌دا زیانیان پێگه‌یشتووه‌.

وتیشی، سه‌نته‌ری میترۆ حەوت ساڵه‌ ئاماری پێشێلكارییه‌كان دژی رۆژنامه‌نوسان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو به‌داخه‌وه‌ بۆ ساڵی 2017 ، پێشێلكارییه‌كانی به‌ به‌راوورد به‌ ساڵی 2016 زیادیكردوه‌.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی سەنتەری میترۆدا، ئاشنا ره‌ئوف ئاماری پێشێلكارییه‌كان دژی رۆژنامه‌نوسان بۆ ساڵی 2017 خسته‌ڕوو:

419 حاڵه‌تی پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ 338 رۆژنامه‌نوس و ده‌زگای راگه‌یاندن كراوه‌
4 حاڵه‌تی كوژران
2 حاڵه‌تی تیرۆر
14 حاڵه‌تی  برینداركردن له‌كاتی رۆماڵدا
10 حاڵه‌تی برینداركردن له‌كاتی جه‌نگدا
206 رێگری
12 حاڵه‌تی شه‌كاندنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی
25 حاڵه‌تی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی
33 حاڵه‌تی ده‌ستگیركردن به‌بێ بڕیاری دادگا
58 حاڵه‌تی هێرش و لێدان
18 حاڵه‌تی هه‌ڕه‌شه‌
2 حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن
2 حاڵه‌تی پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌
3 حاڵه‌تی هێرشی ئه‌لكترۆنی
8 حاڵه‌تی سوتاندن و به‌تاڵان بردنی نوسینگه‌ی ده‌زگای راگه‌یاند
7 حاڵه‌تی راگرتنی په‌خش
5 حاڵه‌تی داخستنی نوسینگه‌ی ده‌زگای راگه‌یاندن